"ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەو شتانە بڵاو بکەیتەوە کە دەسەڵات نایەوێت، ئەوانەی تر کە بڵاودەکرێنەوە تەنیا پڕۆپاگەندەن"
ئەمڕۆ؛ 128ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و، ئیدی بەیانی پێدەنێینە 129ـیەمین ساڵ. ئەم یادە، پیرۆز دەکەم لە تەواوی ئەوانەی لە کایەی ڕۆژنامەگەری و میدیا کار دەکەن.
وێنەی گەورەکە: ئازادی بەڵام سنووردار
جۆرج ئۆروێڵ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەریتانی دەڵێت: ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەو شتانە بڵاو بکەیتەوە کە دەسەڵات نایەوێت، ئەوانەی تر تەنها پڕۆپاگەندە!
ئەوەی ئێستا هەیە کە پێی دەوترێت میدیا یان ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، میدیایەکی سیاسیکراو بە ئازادیی سنووردارەوە کە بەگوێڕەی گۆڕاوەکان هەڵبەز و دابەز دەکات لەنێوان ڕۆژنامەگەری و پڕۆپاگەندە.
زۆرینەی ڕەهای ئێستای میدیا لە باشووری کوردستان (کەناڵە ئاسمانییەکان، ناوخۆییەکان، ڕادیۆ، میدیای ئەلیکترۆنی، میدیای کۆمەڵایەتی-سۆشیال میدیا، وێب تیڤی، مۆجۆ) بەویستی خۆیان بێت یان نا، ئەوا سەرچاوەی داراییان سیاسییە نەک بازاڕی ئازاد و کۆمپانیا و ڕێکلام، ئەمەش دەمانبات بۆ خۆیەتی میدیا کە زۆرجار گرێدراوە بە خۆیەتی حیزب.
لێرەدا کاتێک سەرچاوەی دارایی میدیا دەبێتە سەرچاوەیەکی سیاسی، ئەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر گواستنەوەی (حەقیقەت) وەک خۆی یانیش (حەقیقەت لەژێر سایەی هێڵی حیزبی)، ئەمەش دەمانبات بۆ خودسانسۆری (self-censorship) کە یەکێکە لە پرسە هەرە مەترسیدارەکانی ناو کایەی میدیا، کاتێک ڕۆژنامەنووس خۆدی خۆی، خۆی سانسۆر دەکات بۆ مەعیشەت، ئەمە یەکێکە لە سێ کێشەی سەرەکی ئێستای ناو میدیای کوردی.
کێشە سەرەکییەکان:
میدیای سیاسی، ئابووری سەربەخۆ، خودسانسۆری، ئەمانە کێشەی بنەڕەتی ئێستا ناو میدیای هەرێمی کوردستانن کە دەستوپەنجەی هەمووانی گرتووە و وایکردووە کەمترین زانیاری و زۆرترین پڕۆپاگەندە بڵاوببنەوە، بۆیە دەبینین میدیا کەمترین کاریگەری لەسەر کایەی سیاسی، کایەی ئابووری هەیە، نەیتوانیوە بەرپرسێکی سیاسی ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە بکات.
ڕەنگە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان فەزیحەی (واتەرگەیت )ـی بینیبێت کە ڕۆژنامەنووس بۆب ودوارد لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە کە بەهۆیەوە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەمریکا.
بۆب دەڵێت: کاتێک زانیاری و ڕووناکی نەبێت، ئەوا دیموکراسی دەمرێت، ڕۆژنامەگەری ئەو ڕووناکییەیە کە ناهێڵێت دیموکراسی بمرێت!
ئینجا ڕەنگە کرۆکی کێشەی میدیا لە کوردستان هەر تەنیا (میدیای سیاسی، ئابووری سەربەخۆ، خودسانسۆری) نەبێت، بەڵکو لە بنچینەدا نەبوونی دیموکراسی بێت!
لە نەبوونی دیموکراسی، بە ئاسانی و بە هەرزانی میدیا بە سیاسی دەکرێت، سێکتەری ئابووری بە سیاسی دەکرێت، تەنانەت ژیانیش بە سیاسی دەکرێت.
لەم هاوکێشە نا هاوسەنگە خنکاوە بە سیاسی کراوەدا، بێگومان ئەوا ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی فشار و مەترسی دەبنەوە، لەوانە گرتن، داخستنی کەناڵ یان ئۆفیسی کەناڵ، دادگاییکردن، هەڕەشەی جۆراوجۆر تا دەگات بە کوشتن. لەم ژینگەی ئیشکردنەدا، کارکردن بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێکی تەحقیقی یان بنکۆڵکاری، سەرکێشییە بۆ خودی ڕۆژنامەنووسەکە و ڕووبەڕووی دەیان گرفتی دەکاتەوە کە ڕەنگە دواجار بەهۆی دەست نەگەیشتنی بە زانیاری، یان لەژێر گوشار واز لە تەواوکردنی ڕاپۆرتەکەی بهێنێت.
سێیەم کێشە کە لەوەها ژینگەیەک ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە، کێشەی ئابووری و سەربەخۆییە. لە وەها ژینگەیەکدا میدیای سەربەخۆ زۆر بە ئاستەم هەناسە دەدات و دەتوانێت بژی، بەتایبەت کاتێک ڕێکلام و بازاڕی ئابووری هەم لاوازە، هەمیش ئەویش بە سیاسی کراوە، بۆیە ئەمە وادەکات کە میدیا لە هەرێمی کوردستان یان بە پارەی سیاسی بژی یانیش بە پارەی دەرەکی کە ئێستا کۆمەک و فەندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا ئاستی وەستانی (100%) وەستاوە. بۆ نمونە میدیایەکی وەک ئاوێنە یان پەرەگراف، یان کەرکوک ناو کە پشت بە فەندی ڕێکخراوەکان دەبەستن، بە نان و سک بەڕێوە دەچن و توانای ڕکابەرایەتی میدیای پارەدارکراوی سیاسییان نییە.
حیزب لە ڕێگەی میدیای سیاسی، وا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات ببن بە کارمەندی سیستەم نەک ڕۆژنامەنووسێکی چاودێر، ناچاری دەکات بەرانبەر بەم بڕە پارەیەی وەریدەگرێت سیاسەتی کەناڵەک پەیڕەو بکات، بەمەش لە قالبی دەدات.
کێشە گەورەکە ئەوەیە کە دەسەڵات و حیزب دەیانەوێت ڕۆژنامەنووسان ببن بە ئامڕاز بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پڕۆپاگەندانەی کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام کایەی ڕۆژنامەگەری چاودێرە بەسەر دەسەڵات نەک ئامڕاز، بۆیە تاوەکو حیزب و دەسەڵات دەستوەردان بکەن لە کایەی میدیا، کە ئێستا دەستوەردانەکە لە حیزب پەڕیوەتەوە بۆ شەخس و کوڕەکانیان، ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت.
لێرەوە دەگەمە ئەوەی کە بڵێم، ئەگەر پێناسەیەک هەبێت بۆ دۆخی میدیا لە کوردستان، ئەوا من دەڵێم؛ کایەی میدیا لە هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی میدیایی-سیاسییە کە لەنێوان ئازادیی سنووردار و کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆدا دەژیت، لەوەی زۆربەی دامەزراوەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گرێدراون بە دەسەڵات و سەرچاوەکانی، بەڵام لە هەمانکاتدا بوارێکی سنووردار بۆ دەنگی سەربەخۆ و ڕۆژنامەگەریی تەحقیقی هێشتا بوونی هەیە.
هەزاران پێشێلکاری بێ وەڵام
کۆفی ئەنان، سکرتێری پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان قسەیەکی جوانی هەیە لەبارەی دەربازبوون لە سزا لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت.
ئەو دەڵێت: دەربازبوون لە سزای تاوان لە هەمبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت، یەکێکە لە گەورەترین تەحەددای ئازادی ڕادەربڕین.
لێرەوە ئەگەر قسە لەسەر ژینگەی یاسایی بکەین، دەتوانین بڵێین بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە بوونی یاسای ژمارە (35)ـی ڕۆژنامەگەری ساڵی 2007، هەروەها یاسای ژمارە (11)ـی مافی دەستکەوتنی زانیاری ساڵی (2013) وەک چەترێک وایە بۆ کایەی میدیا و لە دۆخێکی یاسایی باش داین. بەڵام ئەم چەترە یاساییە لەسەر ئەرزی واقیع نەیتوانیوە ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت، ئەمەش پاڵپشت بەداتاکانی (34) ڕاپۆرتی خودی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەنێوان ساڵانی (2008-2026)، هەروەها (15) ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ لەنێوان ساڵانی (2011-2025) کە پێماندەڵێت: بوونی یاسا بە تەنیا کافی نییە و نابێتە ئەو پارێزەر و پارێزبەندییەی ئازادی میدیا و ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی بۆ خودی ڕۆژنامەنووسان.
بەگوێرەی ئامارەکانی میترۆ بێت کە دەستم خستوون لەنێوان ساڵانی (2018-2025) دوو هەزار و (655) پێشێلکاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە. بەداخەوە ئاماری نێوان ساڵانی (2011-2017)، واتە یەکەم تاوەکو حەوتەم ڕاپۆرت زۆر بۆی گەڕام، دەستم نەکەوت.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەنێوان ساڵانی (2008-2026) سەرووی سێ هەزار پێشێلکاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون، هەروەها حەوت ڕۆژنامەنووسیش شەهید کراون.
لەبەرانبەر ئەم هەموو پێشێلکارییەدا، من دەپرسم؛ کێ لەوانەی کە پێشێلکارییان ئەنجامداوە، سزا دراون و دراونەتە دادگا؟ کەچی من کە ئەم وتارە دەنووسم، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەسەر بیروڕای جیاواز وا لە زیندان دایە، دیاریش نییە کە وادەکەی ئەمجارەش تەواوکرد ئازاد دەکرێت یان نا.
من کە ئەم وتارە دەنووسم؛ تەنیا 12 ڕۆژ ماوە بۆ 16ـیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕاپۆرتی ژمارە (5)ـی پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان تۆماری کردووە، بەڵام هێشتا بکوژانی نەدراونەتە دادگا، هاوشانی بکوژانی کاوە گەرمیانی و باقی ڕۆژنامەنووسە تیرۆر کراوەکانی دیکە.
چارەسەر.. دەسەڵات هەم ژەهرڕێژ و هەمیش حەکیمەکەیە
بەم سەرە قەڵەمانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا کە زۆرێک لە هاوپیشەکانم زۆر قوڵتر لەمە ئاگاداری دۆخەکە هەن، بەڵام دواجار ئەگەر بەدوای چارەسەرێک بگەڕێین کە هەموومان خوازیارین، ئەوا هەر دەبێت لە دەرگای حیزبە دەسەڵاتدارەکان بدەینەوە کە خۆیان ژەهرەکەیان ڕژاندووە، هەر خۆیشیان حەکیمی دەردەکەن.
ماریا ڕێسا، ڕۆژنامەنووس و نووسەر و داکۆکیکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری فلیپینی-ئەمریکییە، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، هەروەها براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (2021) بەهۆی بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین، دەڵێت: تۆ ڕۆژنامەنووست نییە، ئەگەر ڕۆژنامەگەریەکەت لەژێر هەڕەشە دابێت و لێپرسینەوەش نەبێت!
کەواتە دەستپێکی چارەسەر شکاندنی بێ سزاییە، ئیدی هیچ کەسێک لەهەر پێگەیەک بێت دەربازی نەبێت لە سزادان لەهەمبەر هەر پێشێلکارییەک بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدات.
هەروەها جێبەجێکردنی یاساکان وەک خۆی، بەتایبەت یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، هاوکات حکومەت داتاکانی بێ جیاکاری بخاتە بەردەم ڕۆژنامەنووسان. نەک بۆ کەناڵی فڵان خۆیان تەلەفۆنیان بۆ بکەن و، بۆ فیساریش وەڵامی تەلەفۆنەکانیان نەدەنەوە.
ئەوەی من بە چارەسەری خێرا و ڕیشەیی دەیبینم و پێشتریش قسەم لەسەری کردووە، دامەزراندنی ئەنجومەنی میدیایە لە کوردستان لە جێگەی ئەم سەندیکایەی ئێستا هەیە، بەڵام بە دەسەڵاتی فراوان و باڵا نەک فەرمانبەری سەرۆکوەزیران، هەروەها بڕینی دەستی حکومەت لەناو کایەی میدیا لەڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی ناوخۆ، تەواوی کایەی میدیا لە دەستی ئەم ئەنجومەنە بێت، هەروەها دەرچوواندنی پاکێجێک یاسا بۆ خودی ئەنجومەنەکە و ڕێکخستنی کایەی میدیا بە میدیای بینراو، میدیای بیستراو و میدیای خوێنراو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی