ئەم پرسیارە زیاتر ئیپیستمۆلۆژی و ئەخلاقییە نەک ئەدەبی، لە چوارچێوەی شەڕ و قەیرانەکاندا، “ڕاستی” تەنیا قوربانیی شێواندن نییە، بەڵکو بە بیانووی سیاسی و سۆزداری و ئایدۆلۆژی لە قاڵب دەدرێت. لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئیتر میدیا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری دەبێتە "ئەکتەرێک" کە ڕۆڵ دەگێڕێت لە بنیاتنانەوە یان تێکدانی واقیع لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکدا- لە وشەوە تا بێدەنگی.
ئەگەر قبووڵی بکەین کە ڕاستی شتێکی جێگیرە، بەڵام دەستڕاگەیشتن پێی هەمیشە مەرجدار و سنووردارە، بەرپرسیارێتی میدیا لە "خێرایی بڵاوبوونەوە"ەوە دەگۆڕێت بۆ "نوێنەرایەتی ڕاستگۆیی". بابەتەکەش تەنها ئەوە نییە کە دەوترێت، بەڵکو لە چ چوارچێوەیەک و بە چ گێڕانەوەیەک بڵاودەبێتەوە. هەربۆیە لەم نێوەندەدا پرسیارێکی بنەڕەتیتر دێتە پێشەوە: ئایا میدیا هێشتا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە باڵادەستەکانی هەیە، یان خۆی بووەتە بەشێک لە هەمان میکانیزمی هێز؟ چونکە لەبیرمان نەچێت میدیاکان فرە رەنگ نین، بە مانا فەرهەنگیەکەی تایبەتن بەرەنگێکی دیاری کراو.
لەکورتیدا: میدیایەک کە نەتوانێت بەردەوام سنووری نێوان گێڕانەوە و واقیع پێناسە بکاتەوە، راستی هەوێنی کارەکانی بێت نەک هەر شکست دەهێنێت لە پاراستنی ڕاستییەکان، بەڵکو بەشداری دەکات لە کاڵکردنەوەی متمانەی گشتی ئەمەش لە سەردەمێکدا کە متمانەی بەکۆمەڵ لە جاران ناسکترە، مەترسییەکی قووڵترە کە خستەنەوە سەر رێی مەحال دەکات!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی