لەم دوو
ڕۆژەدا، کە فاروق ڕەفیق ژیانئاوایی کردووە، ڕووبەرێکی فراوانی سۆشیال میدیا لە ڕێی
پۆستکردن و نووسینی کۆمێنتەوە بووە بە پانتاییەک بۆ نمایشکردنی دەسەڵات و
لێپرسینەوە لەم بەندەی خودایە و شۆڕبوونەوەی بۆ نێو فەزای بڕیاردان لە دیاریکردنی
چارەنووسی مرۆڤی بەهەشتی و دۆزەخی.
مەرگی
فاروق، تەنها لەم ڕوانگەیەوە نابێتە جێگەی قسەکردن، کە نوسەرێک و ڕۆشنبیرێکی دنیای
ئێمە ماڵئاوایی لە ژیان دەکات، بەڵکو دیوەکەی دیکەی بریتییە لەوەی تا چ ڕادەیەک
مەرگێکی وەها، سەری ئەو زێرابە ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە دۆگمایە واڵا دەکات، کە
لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە دۆخی متبوندا دەژی، ئایدیۆلۆژیاییەک، هاوشانی مەرگ، نەک
هەر قسە، بەڵکو لێپرسینەوە لەبارەی شوێن و چارەنوسی مرۆڤ لە دوای مردنییەوە دەکات.
ئەم ئەقڵە تاریکە لە ڕیشە و پاشخانێکی نامێژووییەوە دێت و بە ڕەگێکی فەناتیکەوە بۆ
ناونانی تازە و دۆزینەوەی سەرزەمینی سزا و پاداشتی ئارەزوومەندانەی خۆی بۆ
مرۆڤەکانی دی دەگەڕێت، ڕەنگە ئەم هەوڵدانە بۆ قۆرخکردنی گەڕان و بەشینەوەی سزا و
پاداشتە ببێتە نوێترین فۆرمی کوشتنی دوای مەرگ و تیرۆری دوای مردن.
لە زانستە
مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، نە هیچ دیاردەیەکی فیکری و کۆمەڵایەتی، نە هیچ
مرۆڤێکیش، سیاسی بێت، یان نووسەر و ڕۆشنبیرێک، کاتێک بەرهەمی تێپەڕبوون بەنێو
سیاقی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و ڕۆشنبیری جیاواز بێت، ئاراستەی دونیابینی
فیکری لە بڕگەیەکەوە بۆ بڕگەیەکی دیکەی مێژوویی جیاواز بێت، دروست دەرناچێت لە
تەنها یەک گۆشەنیگای تایبەت و یەک ڕەهەندی فیکری و ئایدیۆلۆژییەوە بخرێتە نێو
بازنەی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەوە. بێگومان قسەی ئێمە لەبارەی ئامادەبوونی فاروق
لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز و جۆرێک لە ڕاڕایی لە گوتاری فیکریدا نییە، کە
بە دڵنیاییەوە ئێمە و زۆر خوێندەواری دیکەیش، ڕەنگە سەرنج و ڕەخنەمان لەبارەیەوە
هەبێت، هێندەی مەبەستمانە سەرنجێکی کورت لەبارەی ئەم لێشاوی پەرچەکردارە نەرێنییە
بخەینەڕوو، کە مەرگی ئەو نوسەرە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.
ئەوەی لە
مەرگی فاروقدا و لە ڕووبەری هەندێک ئەقڵی تاریک و داخراو، زمانی پڕ سووکایەتی، نەک
ڕەخنەگر، خۆی بەیان دەکات، مۆدێلێکی دیکەی کوشتن و فۆرمێکی دیکەی تیرۆرە، مۆدێلێک
لە ئاستی ژینگەی کۆمەڵایەتیدا، نمونەکەی لە کەم مۆدێلی دیکەی کوشتن و تیرۆردا
دەبینرێت. ئەم گروپە تاریکە لەبەرئەوە فاروق ڕەتناکەنەوە، مرۆڤێکی جێگیر نەبووە،
ڕەخنەی ئەوە ناگرن، چۆن نوسەرێکی خەمخۆری جڤات، پێشتر یاخی لە ستەمکاری و بێدادی،
بە زاری پڕ لە بەکارهێنانی چەمک و زاراوەکانی فەلسەفەی کلاسیکەوە دەبێتە موچەخۆری
ئارینی کوڕی مەسرور بارزانی، بەڵکو هەموو هێزی خۆیان بەرامبەر فاروق، لەو نمایشە
ناشیرینەدا کورت دەکەنەوە، ئەوان خۆیان ئەهلی بەهەشت و فاروقیش دۆزەخییە. لەم
مەرگەدا، ئەوەی تیرۆری کۆمەڵایەتی درێژە پێدەدات بە پلەی نایاب ئەو گوتارە
فەندەمێنتاڵ و حەشاماتە داخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاینییەیە، ئەگەر نەک تەنها
فاروق و هەر ڕۆشنبیرێکی دی، بەڵکو ئەهلی ماڵی خودا و دیندارەکانیش بە دڵی ئەوان بیرنەکەنەوە،
نەنوسن و ڕەفتار نەکەن، بە ئاسانی دەخرێنە ناو خانەی کفر و ئیلحاد و پێشنیاری
ژووری تایبەت لە دۆزەخیان بۆ دەکەن.
لەم دوو
ڕۆژەدا قسەی زۆر لەمبارەیەوە کران، بە مەبەست بەدواداچوونم بۆ زۆرێک لەم پۆست و
ئەو کۆمێنتانە کرد، کە لە ژێر پۆستەکان و هەواڵی مەرگی فاروقدا دەنوسران، دەتوانین
بڵێن، نەوەد لە سەدی کۆمێنتەکان لە یەک شت زیاتر هیچمان پێناڵێن: "ئەگەر
وەک من بیرنەکەیتەوە، نەفرەتلێکراوێکی دۆزەخیت". ئەم ڕستە نەفرەتییە،
دەربڕینێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تەواو ترسناکە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە
لە سەدەی بیست و یەک، دەربڕینێکی وەها دەمانباتەوە نێو عەشقێکی شێتانە بە دەسەڵاتی
ڕەهای پاپاکان و پیاوانی دینی مەسیحی سەدەکانی ناوەڕاست، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ
مێژوویەک هێشتا خوێنی لێ دەتکێ و عاشقانی شمشێرە خوێناوییەکانی سەر دڵی حەللاج و
ئیبنولموقەفەع لەسەر هەمان ئاواز دنیا دابەش دەکەن و گۆرانی بۆ مەرگ دەڵێن. ئەوە چ
کارەساتێکە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە سەدە، هێشتا عاشقی برینەکانی مێژوو بیت،
ئەوە ڕێک پینەکردنی دۆخی نوێیە بە پارچەی کۆن، هەر کاتێک بەرگی نوێ بە پارچەی کۆن
پینەکرا، پارچەی کۆن، نوێیەکەش توشی داڕزین دەکات.
لە مەرگی فاروقدا، لە هەر شتێک زیاتر
ئەقڵی داخراوی سەدەکانی ناوەڕاست و دادگاکانی پشکنین کەوتنە قسەکردن و ڕوخساری
سۆشیال میدیایان لە پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی هاوبەشی و پەیوەندییەوە بۆ پانتاییەکی
گەورەی دەرچوون لە هەر بەها و پرەنسیپێکی مرۆیی، ئەخلاقی و ئاینی گۆڕی. ئاخر
مرۆڤێک، بڕێک ئاگایی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی دروستی هەبێت، دەبێت بزانێت لەبری گەڕان
بەدوای دۆزینەوەی وشەی زبر و بریندارکەر، تەنانەت ئەگەر کەسی قسە لەسەرکراو مرۆڤی
دڵخوازی ئێمەیش نەبێت، لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا سەدان وشەی دیکەمان بۆ ڕەخنەگرتن
و گوزارشت لە بۆچوونی جیاواز هەن و دەتوانین بەکاریانبهێنین.
فاروق ڕاستە لە ڕووی سیاسی و
فیکرییەوە کەسێکی جێگیر نەبوو، نوسەرێک بوو وەک چەپێک دێت و لە پاکس ئەمریکانا
ئاڵتەرناتیڤی ڕۆژهەڵاتی لە بەرامبەر ژیاری ڕۆژئاوا پێشکەش دەکات، دواتریش هەر خۆی
دەبێتەوە بە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی هەمان ئەو ئایدیۆلۆژیا و دۆگما ڕۆژهەڵاتییە و
دوای مەرگیش، (ماڵی لێکترازاو ویژدانی بیمار)ی بەشێک لە ئێمەی کورد، بە دەیان و
سەدان کۆمێنتی نەشیاو ئازاری ڕۆحی خۆی و بنەماڵەکەی دەدەن.
قسەی ئێمە لەبارەی هەڵسەنگاندنی
کەسایەتی و فیکری فاروق نییە، هێندەی وردبوونەوەیە لەو پەرچەکردارە نائەقڵانی و
دۆگمایەی مەرگی ئەو بەدوای خۆیدا دەیهێنێت. دەبێت چ مەرگێک لەوە بە ئازارتر و
کوشندەتر بێت، کاتێک مرۆڤ لە ڕووی فیزیکییەوە لەم دنیای بوونە دەردەچێت، بوونەوەری
لە شێوەی تۆپەڵە مرۆڤ دەردەکەون و دەبن بە فریشتەی لێپرسینەوە و سکرتێری پرسگەی
بەردەم عەرشی خودا بۆ بڕیاردان لە سزا و پاداشت، دەبن بە پاسەوانی بەخشینی پسولەی
غوفران بۆ پاکبوونەوە لە گوناهو زامنکردنی ماڵێک لە بەهەشت، یان فڕێدانت بۆ
لانەیەک لە گۆشەیەکی تاریکی دۆزەخدا.
بەم چەند دێر نوسینەوە، بەبێ ئەوەی
لە نزیکەوە هیچ ئاشنایەتییەکم لەگەڵیدا بووبێت، وێڕای سەرنج و تێبینیش لەبارەی
هەندێک لە جوڵە و چالاکییەکانی، دووەمین جارە لەبارەی فاروق ڕەفیقەوە دەنووسم،
جاری یەکەم، هێشتا لە ژیاندا بوو، ئەم چەند وشەیەش دەبێتە جاری دووەم و کەوتە دوای
مەرگی یەکجاری ئەوەوە.
هەندێکجار مەرگ پەیامی خۆی هەیە و
قسەی تایبەتی خۆی دەکات. زانستی کۆمەڵناسی و کۆمەڵناسان لەسەر بنەمای مامەڵەی
توێژە کۆمەڵایەتییەکان و پەرچەکرداریان بەرامبەر مەرگی هەندێک لە کەسایەتی و
فیگەرە دیارەکانی نێو کایە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵگە، باشتر دەتوانن لەو پەیامانە
تێبگەن، هێڵەکانی نێوان ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ڕوونبکەنەوە و کۆدە نهێنی و
شاراوەکانی ناوەوەی مرۆڤیش ڕوونتر دەربخەن. مەرگی فاروق، دڕندەکانی ناوەوەی مرۆڤی
ئێمەی خستە بەردەم ڕوناکی و گەلێک کۆدی قفڵی ژەنگاوی بیرکردنەوەشی شکاند. سامانی فیکری فاروق ڕووبەرێکی گەورەی نێو کایەی
ڕۆشنبیری کوردی داگیرکردووە، سەرنجی بابەتی و ئەقڵانی ئەوەیە، دەبێت کۆی ئەو
سامانە و هەر جوڵە و ڕەفتارێکی دیکەیشی وەک خۆی ببینرێت و لە هەر دابەشکارییەکی
دووانەی بەهەشتی و دۆزەخی و هەر بڕیارێکی پێشوەختە و لێکدانەوەیەکی تاریک
دووربخرێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی