مردن كۆتایی ناكۆكییەكانە

1 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرحان جەوهەر

جان پۆل سارتەر و ئەلبێركامۆ وەك دوو بیرمەندی بەناوبانگی فەڕەنسی لەسەر پرسێكی هزری سەردەمی خۆیان ناكۆكیان هەبوو، پەیوەندییەكانیان گەیشتبووە ڕادەی پچڕان و پێكەوە نەدوان، بەڵام كاتێ كامۆ لە ساڵی 1960 كۆچی دوایی كرد، سارتەر وتارێكی لە شێوەی هۆنینەوەی غەمگینانە بۆ كامۆ نووسی، بە دەنگی زیندو و ویژدانی مرۆڤایەتی و دەنگی ئەخلاق وێنای كردبوو گوتی: "كامۆ پیاوێكی ڕاست و تا دوا سات دژی ستەم ودرۆ جەنگا" بەهیچ شێوەیەك نەچوو لاپەڕەكانی ڕابردووی هەڵداتەوەو باس لە هەڵە و كەم و كوڕییەكانی بكات. لای ئێمەش پێچەوانەی هەموو دەقە ئایینییەكان و داب و نەریتی كوردەواری  و هەرچی یاساو ڕێسایی جیهانیشە، هەڵسو كەوتیان لەگەڵ مەرگی فاروق رەفیق كرد، من قسەم لەسەر ئەو لەشكرەی ناو تۆڕە كۆمەڵاتییەكان نییە، چونكە بەشێكیان خوێندن وتێگەیشتنیان تا سنووری نووسینی كۆمێنتێكە، بەڵام نووسەرە هاوڕێكانی خۆی، یەك لەونووسەرانە لە نووسینێكدا هەوڵیدا بوو خۆی وانیشابدات كە بەداخە بۆی و لە پێشەكی وتارەكەیدا دوای یەك دوو وشەی سۆزاوی،  ئینجا كەوتبووە گیانی و دادگایی كردنی، چونكە كاتی خۆی دژی پڕۆژەی گۆڤارەكەیان وەستا بوو. هەموو ئەو قسانەی  پێویست بوون لە كاتی ژیانیدا بۆی بنووسێت، ڕێك پێچەوانە دوای مەرگی بۆی ڕیزكردوون، باسی لە هەموو خاڵە نەرێنییەكانی كردبوو، باسی لە یەك خاڵی ئەرێنی و هەڵ و ماندووبوونەكانی نەكرد بوو. لەكاتێكدا مردن كۆتایی ناكۆكییەكانە،  دیار كردنی خاڵە نەرێنییەكانی كەسێك دوای مەرگی نەشیاوە، بۆیە پێغەمبەری مەزنمان د. خ، فەرموویەتی: "أذكروا محاسن موتاكم و كفوا عن مساويهم" چاكەكانی مردووەكانتان باس بكەن، واز لە خرابییەكانیان بێنن.
ئەم وتارە بۆ بەرگری كردن لە كۆچكردوونییە، چونكە من لەگەڵ زۆرێك لە بیرو بۆچوونەكانی هاوڕا نەبووم، بەڵام مەبەستمە كۆمەڵگەی ئێمە، ڕێز لە شكۆی مرۆڤ دوای مردنی بگرێت، لانیكەم نووسەرانمان نەكەونە ناو ئەو داوە هاوڕێكانی خۆیان دوای مردن خراب وێنا بكەن،  بزانن ناكۆكی و دژایەتی دوای مردن هیچ مانایەكی نییە، دڵخۆشبوون بە مردنی كەسێك، كە لەڕووی هزرییەوە لەگەڵت ناكۆكە، نیشانەی ئەوپەڕی بێ دەسەڵاتی دەروون لاوازییە، ململانێ و گفتوگۆ لەگەڵ زیندووەكان دەكرێت، نەك لەگەڵ مردووان، ئەو بابەتە لە كوردستان خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە.
فاروق رەفیق هەرچییەكی گوتبێت و نووسیبێت، بەپێی بیروڕاكانی خۆی بۆ خزمەتی كۆمەڵگە كردوویەتی، جا من وتۆ و لەگەڵی جیاوازین كە مافی خۆمانە، كێشەی ئەو نییە، بۆیە بەهەمان ئەندازە ئەویش وەك ئێمە مافی خۆی بووە ئەو بیروڕایانە دەرببڕێت.  




ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی