#کوردستان #ستراتیژ #ئاشتی #پارتی_کرێکاران #ئۆجەلان #شیکاری_سیاسی
لەدرێژەی ئەو مشتومڕەی سەبارەت بە پەیامی تەڤگەری ئاپۆیی هاتوەتە ئاراوە دەتوانرێت بڵێین کە خوێندنەوەی بەیاننامەی تەڤگەری ئاپۆچی تەنها بە سەیرکردنی تایتڵ یان ڕووکەشەکانی، نیشانەی کەمبوونی تێگەشتنی قووڵە لە ناوەڕۆک و فەلسەفەی ئەو پەیامە. چونکە ئەم جۆرە دەقانە، بە تایبەتی لە مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان دا زۆرجار بە شێوەیەکی کۆدکراو و دیسکۆرسی دەنووسرێن کە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی فیکری-سیاسی هەیە، نەک تەنها هەڵسەنگاندنی ڕاستەوخۆی سیاسی.
لەو ڕووەوە، نەبوونی هەر جۆرە ئاماژەیەک بۆ هەڕەشە یان پاشەکشە لە ناو پەیامەکە، نابێت بە مانای لاوازی بخوێندرێت؛ بەڵکو دەتوانرێت وەک هەوڵێکی هۆشیارانە بۆ پاراستنی دیسکۆرسێکی(گوتار) سیاسی تایبەت لێکبدریت. ئەم دیسکۆرسە، کە لە فەلسەفەی عبدالله أوجلان سەرچاوە دەگرێت، هەوڵدەدات خەبات لە چوارچێوەی توندوتیژیی چەکدارییەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بتوانێت ڕێگای وتووێژ و دانپێدانانی مافەکان بگرێتەوە.
لە ئەم چوارچێوەیەدا، نەبوونی کات و زەمەن لە پەیامەکە، دەتوانرێت وەک نیشانەی “جِدییەت” و “درێژخایەنی ستراتیژی” بخوێندرێت، نەک وەک کەلێنێکی سیاسی. چونکە دیاریکردنی سنووری کاتی، زۆرجار دەبێتە هۆی سنووردارکردنی موناوەرەی سیاسی، لە کاتێکدا ئەم تەڤگەرە هەوڵدەدات بوارێکی فراوان بۆ گفتوگۆ و هەڵسوکەوتی داینامیکی لەگەڵ توركیا بپارێزێت.
هەروەها، ئەم پەیامە هەوڵێکی ڕوونە بۆ ڕاکێشانی لایەنی بەرامبەر بۆ قبوڵکردنی پرسی کورد وەک پرسیارێکی سیاسی-یاسایی، نەک تەنها سەیرکردن وەک پرسێکی ئاسایشی. لەم بارەیەوە، پەیوەندییەکی گرنگ دروست دەبێت لە نێوان دیسکۆرس و هەنگاوە کرداریەکاندا. بۆ نموونە، هەوڵەکانی وەک دروستکردنی دامەزراوەیەک بۆ “هەماهەنگکردنی پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردنی کێشە” کە لەلایەن دولت باخچەلی باسکرا، دەتوانرێت وەک وەڵامێکی سەرەتایی بۆ ئەو بانگەشەیە بخوێندرێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگە، تێگەشتنە لەوەی کە دوانەی “ئاپۆچێتی و PKK” و پەیوەندییان بە ڕێبەرایەتیی عبدالله أوجلان، تەنها پەیوەندییەکی ڕێکخراویی نییە، بەڵکو دەرهاوێشتەیەکی قووڵی ستراتیژییە کە بە بنەمای فیکری و فەلسەفیی ئەم تەڤگەرە پێکهاتووە. بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی ئەم سێ ڕەهەندە، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم قووڵاییە، ناتوانێت بە سەرکەوتوویی بگات.
لە ڕوانگەی ستراتیژیکەوە، ئەم بەیاننامەیە دەرفەتەکان ناوەستێنێت، بەڵکو دەیانخاتە ژێر ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی داهاتوو. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تەڤگەرەکە هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی دیسکۆرس و هێشتنەوەی دەرفەتی کردار دروست بکات.
لە کۆتاییدا، دەتوانرێت بڵێین کە بەیاننامەی تەڤگەری ئاپۆچی، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا، دەبێت وەک دەقێکی فیکری-ستراتیژیک بخوێندرێت کە هەوڵدەدات هاوکێشەی خەبات بگۆڕێت، نەک تەنها لە ئاستی ئامرازەکان، بەڵکو لە ئاستی مانا و ڕوانینیش. ئەگەر لایەنی بەرامبەر، بە تایبەتی تركیا، ئەم پرۆسەیە تەنها بە چاوێکی تەکتیکی ببینێت، ئەوا مەترسیی سەرنەکەوتنی هەیە؛ بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی ستراتیژیک و بە ئیرادەی ڕاستەقینە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دەتوانێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە چارەسەرییەکی مێژوویی بۆ پرسی کورد.
بە هەمان کات، پێویستە ڕووداوەکان لە چوارچێوەی باڵانسی هێز و گۆڕانکاریی جۆری هێز لە سەردەمی ئێستادا بخوێندرێن، چونکە ئەم گۆڕانکارییانە خۆیان دەتوانن دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کوردستان دروست بکەن بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغێکی ئارامتر و سەقامگیرتر."
بە بڕوای ئێوە، ئایا لایەنی تورکی ئامادەیە بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە، یان تەنها وەک تەکتیتکێکی کاتی دەیبینێت؟
ئایا ئەوانەی ڕەخنەی ئەم هەنگاوانەدەکەن ئەڵتەرناتیفیان چییە؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی