پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد یەکێکە لە ئاڵۆزترین
و هەستیارترین پرسە سیاسییەکانی ناوچەکە کە کۆمەڵێک لە ململانێی (دەستووری، ئابووری
و سەربازی )لەخۆدەگرێت لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی میانڕەو هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر دەبینێت
لە هێورکردنەوەی تەنگەژەکان و هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن و ڕێگریکردن لە پچڕانی پەیوەندیەکانی
نێوان هەولێرو بەغدادا بەشێوەیەکی یەکجارەکی
ئەگەرچی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی
فیدراڵی لە بەغداد، هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆیەوە دیوەو هێشتاش ئاڵۆزی بەردەوامە
بەڵام هەنگاوی گەورەشی بڕیوە، ئەم پەیوەندییانە هەمیشە لەژێر کاریگەریی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی
وەک ( ماددەی ١٤٠ی ناوچەجێناکۆکەکان ،بودجە، نەوت و غاز، و شایستە داراییەکان
و موچە) ی خەڵکی کوردستاندا بوە ،بۆیە سەرەڕای
هەبوونی دەستوورێکی هەمیشەیی لەعێراقدا ، بەڵام جیاوازیی لێکدانەوە بۆماددە دەستوریەکان
و دەقە یاساییەکان و باڵادەستیی گیانی ململانێ و هەبوونی عەقڵیەتی گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی
مەرکەزی، وایکردووە کە ئەم پەیوەندییانە زۆرجار
بگاتە ئاستی بنەبست و مریشکە ڕەشەو هەمیشە پێویستی بە سیاسیەکی نەرم و میانڕەو هەبێت،لەناو
ئەو هەموو تەمومژە سیاسییەی نێوان هەردوو پایتەخت و هەبوونی زۆر دیدوتێڕوانینی جیاواز
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی
هەرێمی کوردستان وەک سەرکردەیەکی دیارو کەسایەتییەکی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی
هەمیشە ڕۆڵێکی پۆزەتیڤانەی بۆ کاڵکردنەوەی جیاوازیەکان و تۆخکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکان
هەبوەو هەموان چاویان لە ڕۆڵی ئەرێنی ئەوە
نێچیرڤان بارزانی هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کێشەکانی
هەولێر و بەغداد تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت نەک لەڕێگەی
گوتاری پۆپۆلیستیانەی میدیاو سۆشیاڵ میدیاوە، ئەم تێڕوانینەش کاریگەری گەورەی هەبوە
لە هێورکردنەوەی بارگرژییەکان ، لە کاتە هەرە سەخت و دژوارەکاندا ،
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی نێچیرڤان بارزانی هەبوونی
پەیوەندییەکی باش و بەهێزە لەگەڵ زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە،
سوننە، و پێکهاتەکانی دیکەوە ، هەبوونی ئەم متمانە کەسییە وایکردووە کە بتوانێت لە کاتی قەیرانە قووڵەکاندا ڕۆڵێکی
گرنگ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر ببینێت و هەمیشە
هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و
پاراستنی سەقامگیریی عێراق وەک یەکەیەکی سیاسی دروست بکات ، تێڕوانینی ئەو وایە کە
عێراقێکی سەقامگیر لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە و بە پێچەوانەشەوە هەرێمی
کوردستانی بەهێزو ئاوەدان بەهێز بۆ کۆی سیستمی حوکمڕانی عێراق دەگەڕێتەوە
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی هەمیشە
هەوڵیداوە خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوزەکان بێت و لە کاتە هەرە
سەختەکاندا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردوە بە سەکۆی کۆکەرەوەی هەموو لایەنە
ناکۆکەکان بۆئەوەی بتوانین بە یەکڕیزو بەهێزیەوە لەگەڵ بەغداد گفتووگۆ بکەین و زۆرترین
دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان وەدەست بێنین
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ
چارەسەر کردنی ناکۆکیەکان بەڵام هێشتا ناکۆکییەکان لەنێوان هەردولاداقووڵن. پرسی بڕینی
بەشە بوودجەو مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە
پرۆسەی نەوت و پێشێلکردنی بنەماکانی (تەوافوق ، هاوبەشی و هاوسەنگی) کە عێراقی نوێی
لەسەر دامەزرا زەختی زۆریان لەسەر هەرێم دروست کردووەو هەوڵگەلێکن بۆ بچوککردنەوەی
ڕۆڵ و پێگەی هەرێم لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی تەنها لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆدا
نییە لەگەڵ کۆی هێزو لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و بەغداد ، بەڵکو هەوڵی بەنێودەوڵەتیکردنی
پرسەکەی داوە تالەم ڕێگایەوە پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسوودی هەرێمی
کوردستان ڕابکێشێت بۆ ئەوەی بەغداد پابەندی خاڵ و بنەماکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق
بێت بۆیە هێشتا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد پێویستیان بە چاکسازیی ڕیشەیی و یاسایی
هەیە، بۆئەوەی ئەم چیرۆکی سازان و ترازانە لە ناکۆکی و ململانێەوە بگۆڕێت بۆ چیرۆکی
بەهێزبوون و پێکەوەژیانی ئاشتیانەو ئارەزوومەندانە
نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەو پێگە دیپلۆماسییەی لە ماوەی
دوو دەیەی ڕابردوودا دروستی کردووە، توانیویەتی پرسی کورد لە چوارچێوەی کێشەیەکی
ناوخۆیی عێراقەوە بگۆڕێت بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی کە پەیوەندی بە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستەوە هەیە،ئەو هەمیشە لەدیدارەکانیدا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و باڵیۆزەکان، تەنها
باس لە کێشەی دارایی ناکات، بەڵکو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پابەندنەبوونی بەغداد
بە دەستوور، هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە ئەمەش وایکردووە
کە وڵاتانی کاریگەرو گەورەی وەک ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاپۆرت و لێدوانە
فەرمیەکاندا تەئکید لە عێراقێکی یەکگرتوو بە هەبوونی هەرێمی کوردستانی بەهێز بکەنەوە
.
وێناکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانەلە
کۆڕبەندە جیهانییەکانی وەک کۆڕبەندی ئاسایشی میونشن و داڤۆس و هەر کۆڕوکۆنفڕانسێکی
دیکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە کە نوێنەرایەتی دیدی میانڕەوی دەکات و باس لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەو
شەڕی دژی تیرۆر دەکات وایکردووە کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان وەک پارێزەری بەها جیهانییەکان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا
ببینێت بۆیە کاتێک بەغداد فشار دەخاتە سەر هەرێم ئەو وڵاتانە وەک لاوازکردنی هاوبەشێکی
گرنگ سەیری دەکەن و فشار بۆ سەر بەغداد دروست دەکەن تا هاوسەنگییەکە تێک نەچێت و پێگەی
هەرێم پارێزراوبێت بە وردبوونەوە لەو ڕۆڵە گرنگ و ئەرێنیەی کە
نێچیرڤان بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەکە دەیبینێت
دەتوانین بڵێین کە ئەو تەنها وەک سەرکردەیەکی کورد نابینرێت، بەڵکو وەک سەرۆکێکی بەهێزو
دیپلۆماتکارێکی لێهاتوو کە لە زمان و ئەدەبیاتی سیاسیی ناوچەکەو جیهانی دەزانێت وەک
سەرۆکێکی فریادڕەس دەبینرێت و لە هەموو تەنگەشەو گرفتەکاندا هەموان چاویان لە هەنگاوەکانی ئەوە تا گرفت و ئاریشەکان
چارەسەر بکات کەوابوو ڕۆڵ و پێگەی ئەو دڵنیایەکی زیاتر دەدات بە پاراستنی ڕۆڵ و پێگەی
قەوارەی هەرێمی کوردستان و کوردستانیان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی