دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی سەخت و تەمومژاوی و پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت. ئەوەی دەبینرێت و دەخوێندرێتەوە هەر تەنیا ململانێیەکی ئاسایی یەکێتی و پارتی نییە بۆ دەسەڵات، بەڵکو لێکترازانی پایەکانی ئەو قەوارەیە کە زیاتر لە سەد ساڵە کورد خەباتی بۆ کردووە.
هەرێمی کوردستان لە کاتی ئێستادا لە دۆخێکی دەرەوەی شەرعیەتی دەستووری و یاسایی دایە. بەهۆی دواکەوتنی کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، دامەزراوەکان زیاتر لە فەرمانڕەواییەکی دیفاکتۆ دەچن نەک دامەزراوەی هەڵبژێردراو. ئەمەش وایکردووە جەماوەر متمانەی بە پڕۆسەی سیاسی کەم ببێتەوە و نائومێدییەکی گەورە باڵ بەسەر شەقامدا بکێشێت.
هاوکات لە دیدی یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەوە، کاتێک دامەزراوەکانی هەرێم (پەرلەمان و حکومەت) لە دەرەوەی تەمەنی یاسایی خۆیان کار دەکەن، پێگەی هەرێم لە دانوستانەکاندا لاواز دەبێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (بەتایبەت ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان) ئێستا کەمتر وەک هاوبەشێکی نیشتمانی سەیری هەرێم دەکەن و زیاتر وەک دوو ئیدارەیی و دوو هێزی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. پارتی پشتبەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هێزی دارایی و دیپلۆماسی خۆی، هەوڵی چەسپاندنی حکومەتێکی "٥٠+١"ـی زۆرینە دەدات. دەیەوێت بڕیاردەری سەرەکی بێت و ملنادات بۆ دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان (وەک سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت) بەو شێوەیەی پێشتر. یەکێتی بە گوتارێکی نوێوە دەیەوێت باڵانسی هێز بگەڕێنێتەوە. پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هاوبەشی ڕاستەقینە بن نەک تەنها پاشکۆ لە حکومەتدا.
ئەم ململانێیە لە فەزای میدیاییدا گەیشتووەتە ئاستی زمانێکی زبر کە بۆنی شەڕی ناوخۆی لێ دێت، هەرچەندە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێگرن لە پێکدادانی سەربازی، بەڵام شەڕە ساردەکە هەموو کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە.
لە دیوێکی ترەوە یەکەمجارە لە مێژووی دوای ٢٠٠٣، کورد لە بەغدا نەک هەر یەکدەنگ نییە، بەڵکو بووەتە دوو بەرەی دژ بەیەک.
ئەمەش وایکردووە پێگەی کورد لە بەرامبەر لایەنە شیعە و سوننەکان لاواز بێت. بەغدا وەک ناوبژیوان یان وەک گوشار لە ململانێ ناوخۆییەکانی هەرێم بەکاربهێنرێت. پرسی بودجە و مووچە ببێتە قوربانی ئەم لێکترازانە سیاسییەی نێوان هەولێر و سلێمانی.
پێشتر کورد لە بەغدا وەک یەک بلۆکی یەکگرتوو دەردەکەوت، کە دەبووە هۆی ئەوەی ببێتە دروستکەری پاشا لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، بەڵام ئێستا پارتی و یەکێتی لە بەغدا نەک هەر هاوئاهەنگ نین، بەڵکو زۆرجار پەنا بۆ لایەنە عێراقییەکان دەبەن بۆ لێدانی یەکتر. ئەمەش وایکردووە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە زیاتر بە ئاراستەی ناوەندگەرایی بڕۆن و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی هەرێم پاشەکشە بکەن.
سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان بە کردەیی دابەشبووە بەسەر دوو ناوەندی هەژمووندا، هەولێر خۆی زیاتر پەیوەست کردووە بە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی تورکیاوە. سلێمانیش پەیوەندییەکی مێژوویی و ستراتیژی لەگەڵ تاران هەیە و لەو چوارچێوەیە دەرناچێت. ئەم دابەشبوونە وایکردووە کە بڕیاری سیاسی لە کوردستاندا سەربەخۆ نەمێنێت و هەر لایەنە و بۆ پاراستنی خۆی پەنا بۆ هێزێکی ئیقلیمی بەرێت.
تورکیا لە چوارچێوەی نەخشەی میساقی میللیدا دەیەوێت پشتێنەیەکی ئەمنی لە هەرێمی و ڕۆژئاڤا دروست بکات، کە گومان هەیە هەوڵی دروستکردنی قەوارەیەک بدات کە لەژێر هەژموونی خۆیدا بێت (باشور و ڕۆژئاوا بەیەکەوە ببەستێتەوە) نەک بۆ سەربەخۆیی کورد، بەڵکو وەک ناوچەیەکی جیاکەرەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و گەیشتن بە کەرکوک و موسڵ.
ئەم پڕۆژەیەش بێگومان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی هەرێم و دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافی گەورە.
هەڵبەت ئەو هەوڵەی تورکیا لایەنێکی شاراوەی هەیە کە دەتوانین پێی بڵێین بەقوبڕسیکردنی هەرێم. چونکە تورکیا نەک تەنها وەک ناوچەیەکی جیاکەرەوە سەیری باشور و ڕۆژئاوا دەکات، بەڵکو دەیەوێت ئابووری و سیستەمی ئەمنی ئەم ناوچانە بەتەواوی بە ئەنقەرەوە ببەستێتەوە. لە بەرامبەردا، ئێران ڕێگەی کریدۆری وشکانی خۆی لە ڕێگەی سلێمانی و ناوچەکانی تری عێراقەوە دەپارێزێت.
ئەمەش هەرێمی کوردستانی کردووەتە مەیدانی جەنگی پرۆکسی (وەکالەت) لە نێوان تاران و ئەنقەرەدا.
ئەوەی ئێستا لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەگوزەرێت، ئەگەرچی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام جۆرێکە لە دابەشبوونی نەرم. دابەشبوونی داهات، هێزی پێشمەرگە، و میدیا، وایکردووە کە هاوڵاتییەک لە سلێمانی و هاوڵاتییەک لە هەولێر هەست بە دوو ژینگەی سیاسی و ئەمنی جیاواز بکەن. ئەمە مەترسیدارترین جۆری لێکترازانە چونکە شوناسی نیشتمانی تێکدەشکێنێت.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەنها ململانێی دوو حزب نییە، بەڵکو گۆڕینی دامەزراوەی دەوڵەتییە بۆ ئامرازی حزبی.
کاتێک دادگا، هێزی چەکدار و دارایی دەبنە بەشێک لە ململانێ، مۆدێلی هەرێم لە چاوی جیهانەوە لە ئەزموونێکی دیموکراسییەوە دەگۆڕێت بۆ مۆدێلی فەرمانڕەوایی خێڵەکی یان حزبی. هەڵبەتە جگە لە دابەشبوونی سیاسی دروستیوونی بێباکی یاخود نائومێدیی جەماوەرییە، چونکە کاتێک هاوڵاتی هەست دەکات دەنگەکەی و دامەزراوە یاساییەکان کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی ژیانی نییە، جۆرێک لە نامۆبوون لە نێوان شەقام و دەسەڵات دروست دەبێت. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەر پرۆسەیەکی چاکسازی لە داهاتوودا.
بۆیە هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی گەورەدایە؛ یان دەبێت پارتی و یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و شەرعیەت بدەنەوە بە دامەزراوەکان، یا ئەوەتا ئەم لێکترازانە دەبێتە هۆی ئەوەی قەوارەی هەرێم لە نێوان بەرداشی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە و لێکترازانی ناوخۆیی بەتەواوی لەناو بچێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی