پەکینێکی نوێ

3 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

ئێستا کە دۆناڵد ترەمپ و شاندەکەی دەچن بۆ نوستن. لە شارێکی تەواو جیاواز دەنون، لەوەی جاری پێشوو ترەمپ سەردانی کرد لە ساڵی ٢٠١٧. ئەمسارە تەنها لە ڕوی ژینگەییەوە جیاوازنیە، کە دەرئەنجامی کۆمەڵێک زۆر گۆڕانکارییە لەوانە پشت بەستن بە وزەی نوێبوەوە، لابردنی کارگەکانی خەڵوز، ئۆتۆمبیل و میترۆی گەورە و پێشکەوتوو.
بەڵام پەکین لە ڕوی سیاسیشەوە جیاوازە. سیاسەتی حکومەتی چینی بەرامبەر ترەمپ لە سێ دیدگادا خۆی دەبینێتەوە: دەستپێشخەریی مەکە. ڕەفز مەکە، هەروەها سازش مەکە.
پەکین لە ڕوی سیاسەتی ناوەوەش گۆراوە. لەم دواییانەدا کتێبێک نوسرا کە کاریگەری زۆر هەبوو لە سەر تێگەیشتن لە چین، تێزەکەی ئەوەبوو کە چین بە زۆری لە لایەن ئەندازیارەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئەمریکا سیاسییەکانی بە زۆری دەرچووی یاسان.  ئەندازیار بونیاد دەنێت، پارێزەر یان یاساناس بە گشتی ڕێگریی دروست دەکات لە دروستکردن.
ئێستا ئەم ڕوانگەیە گۆراوە. چاودێران وەها دەبینن کە چین زیاتر لە لایەن ئەو سیاسییانەوە بەڕێوەدەبرێت کە زیاتر لە پاشخانی پۆلیسی یان ئاسایشییەوە هاتوون. ئەم دەرخەری ئەوەیە کە چین لە کەپیتالیزمێکی بونیادنەرەوە دەگۆڕێت بۆ کەپیتالیزمێکی کۆنترۆڵکراو.
ترەمپ بە هیوایە چین بازاڕی بکاتەوە بەرامبەر کاڵای ئەمریکا. دیارە ئەمە پێچەوانەی دیدی ماگایە. بەڵام چین یان چینییەکان ناکڕن، چونکە بە گشتی چینی زۆر ناکڕێت و لە ئێستادا دۆخی ئابوری باش نیە. بە گشتی کەلتوری چینی زیادە مەسروفی تیادانیە لە بەر سەختی ژیان لە مێژوی چیندا و نەبونی پشتیوانی دەوڵەت. پاشەکوت بەشێکی سەرەکی کەلوتری ئابوری و کۆمەڵایەتی چینییەکانە.
جێگای سەرنجە کە کاتژمێر و نیوێک پێش گەیشتن ئیلۆن ماسک لە فڕۆکەکەی ترەمپەوە، تویتێکی کرد کە بە ئاسمانەوەیە بۆ پەکین. بەڵام جێنسن هوانگ زیاتر جێگای سەرنجە، بە تایبەتی کاتێک فڕۆکەکەی ترەمپ بە تایبەتی لە ئەلاسکا نیشتەوە هەتا هەڵیبگرن و بیبەن بۆ پەکین. ئەمەش دەلالەتە لە گرنگی ژیریی دەستکرد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی