سێ قسەو سێ بابەتی گەرم‌و گرنگ

7 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوکار عزەت

یەکەم: هەرکەس‌و هەرلایەنێك (یەکێتیی بێت یان پارتی) پەرلەمان کارابکاتەوە، ئەرکی پەرلەمانتارانی حزبەکانی دیكه‌یه‌ بچنە هۆڵی پەرلەمان‌و بەواجبی شەرعی‌و یاسایی خۆیان هەستن، نابێت لەترسی ئەوەی بکەونە بەر خەشمی حزبەکەی دیكه‌ واز لەو ئەرکەی خۆیان بهێنن، پەرلەمانتار هیچ ئەرکێکی دیكه‌ى لەسەرنییە لەکۆمەڵگەدا جگە لەئەرکە پەرلەمانییەکەی، وا 18 مانگە ئەو ئەرکە جێبەجێنەکراوە، هەرکەس باسی پرۆسەی دیموکراسی بکات‌و ئامادەنەبێت بچێتە دانیشتنی پەرلەمانەوە بەبیانوی ڕاگرتنی باڵاسی سیاسیی، دەبێت گومانی لەبیرو فکری خۆی هەبێت بۆ پرۆسەی سیاسیی، ناکرێت بەبیانوی ڕێگریی لەقەیران‌و تێچکچونی دۆخەکە، هەندێک حزب‌و پەرلەمانتار نەچنە دانیشتنی پەرلەمان، دۆخی هەرێم هیچکات لەئێستا خراپتر نابێت‌و قەیران لەمە گەورەتر نابێت، ئیتر واز لەدەستەواژەی سواو بهێنن.

دوەم: ونبونى چەکەکانی مستەر ترەمپ، دۆناڵد ترەمپ بەهۆکارو بێ هۆکار هەرکات بیەوێت کورد تۆمەتباردەکات بەوەی چەکی ناردوەو کورد گلیداوەتەوەو دیارنەماوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆنترۆڵی هەموو ئەو سەد دۆلاریانەی لایە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تەواوی جیهانن، دەزانێت کام سەد دۆلارییەو کام ژمارەیە لەگیرفانی کامماندایەو لە چ وڵاتێکدایەو کەی ویستی بلۆکی دەکات‌و مامەڵەکردنی پێوە ڕادەگرێت، ساڵانە سزای ژمارەیەکی زۆری بانک‌و کۆمپانیاو حزب دەدات بەهۆکاری ئەوەی دۆلاریان بەنایاسایی ناردوە بۆ ئەو وڵاتانەی لەژێر سزای ئەمریکادان، دەزانێت کام دۆلارە بڕیارە لەعێراق بێت‌و ئێستا لەئێران مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەی خێرە نەزانێت ئەم چەکانە لای کێن‌و چۆن دیارنەماون؟ پێموایە ترەمپ دەیەوێت شتێکی دیكه‌ بەدەستبهێنێت‌و کوردیش خۆی لێکردوە بەکەڕەی شەربەت، تەبعەن کە دەڵێین کورد مەبەستمان کاربەدەستیانی کوردە، پێویستە هەڵوێستی جدییان هەبێت، چونکە ئێستا لەدیدی جیهان بەگشتیی‌و ئەمریکیەکان بەتایبەتی، ئێمەی کورد گەلێکی (دز) ین.

سێیەم: لەبارەی چوار ڕاوێژکارەکەی ئەنجومەنی شوراوە، ئەو چوار راوێژکارە بەنایاسایی‌و گەندەڵییەکی بێ چەندو چون دامەزراون، ماوەی 12 ساڵە دەیان هەزار دەرچوی زانکۆو پەیمانگه‌کان‌و یەکەمەکان لەچاوەڕوانی دامەزراندندان، کەچی پارتی بەیەک قەڵەم چوار کەس بەپلە‌و ئیمتیازی باڵا دادەمەزرێنێت، ئێ ئەمە کارێکی نایاسایی ڕونە، یەکێتیش کە جێگری وەزیری دادو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شوراشی لایە، ناکرێت بێئاگابێت لەم دامەزراندنە، خۆ ئەگەر بێئاگادابێت لەوە خراپترە کە ئاگاداربوبێت، ڕاوێژکارەکانیش هیچ دەسەڵات‌و مافێکیان لەدەنگدان لەسەر هیچ بابەتێکی یاسایی‌و کارگێریی نییەو تەنها راوێژکارن نەک ئەندامی ئەنجومەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی