کاتێک مێژووی خوێن دەکرێتە کاڵای وۆڵ ستریت!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم


کاتێک باس لە خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەیەک دەکەین کە دەیان ساڵە لە پێناو مانەوەو داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆیدا چەندینجار ڕووبەڕووی  شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران وێرانکرن بەسوتماک بوونی خەڵک و خاکی  بوەتەوە ،ئەوا  بچووککردنەوەی ئەو قوربانییانە بۆ  هەندێک دۆلارو دینار یان وەدەستخستنی چەک و چۆڵەیەکی بچوک کە ئەمڕۆ سەرەتایترین جەنگیشی پێناکرێت نەک هەر بێڕێزییە بە مێژووی ئەو نەتەوەیە  بەڵکو تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە فەلسەفەی بەرگری و ماف و کەرامەت و ئیرادەی ئەو نەتەوەیە کە کوردە

ئەگەر کەرامەت و ئازادی و ئیرادە لای ئێوە
لە بازاڕەکانی (وۆڵ ستریت)ی وەک کاڵا سەیر بکرێت و کڕین و فرۆشتنی پێوەبکەن ئەوا بۆ ئێمەی نەتەوەیی کورد بە شکۆو شانازیەوە بە خوێن دەنووسرێنەوە،
لە فەلسەفەی سیاسیدا، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان "بەهای نەتەوەیی و بایەخی دارایی و پوڵ پارە

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەربارەی ئەوەی کە گوایە کورد بۆ پارەو بەپارە شەڕ دەکات و بارەچەک و چۆڵەو جبەخانەی ئەوانی بردوە بێشک بێڕێزیکردن و برینداری کردنی هەست و شعوری زیاتر لە چل ملیۆن کوردە لە سەرانسەری ئەم جیهانەدا

ئەم هەڵمەتە میدیایەی کە دۆناڵدترامپ دژی نەتەوەیی کورد دەستیپێکردوە یا ئەوەیە تایبەتە بەو تەبیعەتە نەشازو ناتەندروستەی کە خودی ترامپ لەسەر زۆر پرسی دیکەی سیاسی هەیەتی و دەیخاتەڕوو یاخود جۆرێکە لە کاریگەری لۆبی ئەو هێزو دەوڵەت و لایەنانەی نایانەوێت کورد لە ناوچەکدا ببێت بە ژمارەو دەیانەوێت کۆتای پێبێت ،یاخود ئەمریکا لە چرکەساتێکی حەساسدا پاڵپشتیە سیاسی و مەعنەوەیەکانی بۆ کورد کۆتایی پێبێنێت

تایبەت بەو چەکانەی لە کاتی جەنگی دژی داعش ئەمریکا بە کوردی داوە ئامرازی هێرشبەری نەبوون، بەڵکو چەک و چۆڵێکی سادەو کەم بوون بۆ زەروورەتێکی کاتی بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆرو تاریکی بوو بۆ لابردنی بەڵایەک  بوو کە هەڕەشەی لە واشنتۆن و زۆر پایتەختی دیکەی ئەم جیهانەی دەکرد، کورد پێش ئەوەی چەکی ئەمریکیشی هەبێت، بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و بە چەکی زۆر سادەو سەرەتایەوە لە شاخەکانی کوردستانەوە  بەرگری لە بوونی خۆی کردووەو چۆکی بە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دانەداوە ، خەباتی کورد بۆ نان و پارە نەبوەو نییە، بەڵکو بۆ ناسنامەو دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسە
مێژوو سەلماندویەتی کە هاوپەیمانییەتییەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئیرادەی نەتەوەیەک کە بڕوای بە ئازادی هەبێت، نە بە پارە دەکڕدرێت و نە بە لێدوانی سیاسی کاڵ دەبێتەوەو نەبەهەڕەشەو جەنگی میدیایی کۆتایی پێدێت

لێدوان و هەڵوێست و هەنگاوو سیاسەتەکانی  ترەمپ کە دەیەوێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکات بە دوکانێکی بازرگانی ئەوە پەیوەستە بەخۆیەوە بەڵام ئازادی نەتەوەیەک نەکڕدراوە تا بفرۆشرێت، کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوویەکی پڕلە خەبات و قوربانیدان و گیانفیداییە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی ،هەروەها هاوبەشێکی ڕاستەقینەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە هەر هەوڵێک بۆ لەکەدارکردنی ئەم خەباتە بە ناوی پــارە تەنها گوزارشت لە دیدگایەکی تەسکی کەسی دەکات کە مرۆڤ تەنها وەک ژمارە لە ناو دەفتەری ژمێریاری و بازرگانی خۆیدا دەبینێتەوە،کورد بەئیرادەیەکی بەهێزەوە  بۆ مانەوەو بۆ ناسنامەو شوناس ئایندە دەجەنگێت، نەک بۆ ئەو چەک و بڕە دۆلارەی کە ترەمپ باسی دەکات

ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کورد دەبێت چۆن ئەم بابەتە بەبێ هەبوونی زیان چارەسەر بکات؟

جارێ پێش هەمووشتێک پێوەیستە لایەنی پەیوەندیداری فەرمی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە وەڵامێکی فەرمی بدەنەوەو نوسخەیەکی ئاراستەی کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێرو سەفیری ئەمریکا لە بەغداد و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا تۆم باراک بکەن و ڕونکردنەوەی پێویست و ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە تێگەشتنە بۆ سەرۆکی ئەمریکا ڕاستبکەنەوە

زۆر گرنگە لەم بابەتەدا کورد لەڕێگەی هەموو ئەو کۆنگرێسمان و سیناتۆر و کەسایەتە سیاسی و جەنەراڵە خانەنشین کراوەکان و تا دەگاتە وەزیرەکانیشی ئەو هەڵەتێگەشتنەی ترامپ ڕاست بکرێتەوە لۆبی کوردستان لە ئەمریکاو دیاسپۆرا خۆنیشاندانێکی مەدەنیانە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو لێداونانە دروستبکرێت، هەڵمەتێکی  هاژتاگ بەزمانی ئینگلیزی بکرێت بە ترێندو هەوڵبدرێت کەسایەتیە سیاسی و دیارەکان بەشداری تێدابکەن و بکرێت بە ترێند چونکە کەسایەتی  ترامپ حەزی لەو جۆرە بابەتانە هەیە

جگە لەوەش لە ڕێگەی فەرماندە سەربازیەکانی ئەمریکاوە بەوانەشەوە کە خانەنشین بوون کە لەم ناوچەیە هەبوون لە جەنگی ڕوخانی ڕژێمی عێراقەوە بیگرە تا دەگاتە جەنگی دژی قاعیدەو هەروەها جەنگی دژی داعش   چیرۆکی دڵسۆزی کورد و ئازایەتی و هاوپەیمانیەتی و دڵسۆزی و وەفای کورد لەگەڵ سەربازە ئەمریکیەکان بگێڕنەوەو نیشانی بدەن لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تائێستا تەنها یەک سەربازی ئەمریکی لە کوردستان پەنجەیەکیشی خوێنی لێنەهاتوەو لەبری گولەباران و کوشتن لە کوردستان گوڵ باران کراون چونکە ترامپ موعجیبەکی زۆری بۆ سەربازو پلەدارەکانی هەیەو گوێیان بۆ دەگرێت

لە هەموو بارێکداو بەهەر ڕێگایەک کە دەکرێت و دروستە هەوڵبدرێت بابەتی دزینی چەک و بەکرێگیراوی کورد بەپارە بۆ ئەم سەرۆکە جیاوازەی ئەمریکا ڕونبکرێتەوەو ئەو فۆرمە ناشرینەی دەوسترێت بەزۆر ببڕێت بەبەری کوردو پێشمەرگەدا لابدرێت یانی چی تا دوێنێ لە جەنگی داعش دا کورد پاڵەوان و گیانفیداو ئازا بوو لەبری جیهان جەنگی تاریکی دەکرد ئێستا وا خەریکە دەکرێت بە دزی چەک و پارە؟


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی