قەیران لە جیهانی ئەمڕۆدا دوو ناسنامەی سەرەکی هەیە،جۆرێکیان جیهانییە و وڵاتان بەبێ جیاوازی پێوەی گیرۆدە دەبن، وەک قەیرانەکانی وزە، گۆڕانی ئاووهەوا، پەتای جیهانی، و هەڵاوسانی نرخی خۆراک و سووتەمەنی. جۆرەکەی تر لۆکاڵی و ناوچەییە، ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی یان سیاسی وڵاتێکی دیاریکراوە.
سەرچاوەی قەیرانەکانیش جیاوازن. هەندێکیان دەرەکین و پروشکی قەیرانە جیهانییەکانن، هەندێکیشیان سروشتی و ژینگەیین وەک وشکەساڵی. بەڵام مەترسیدارترین فۆڕمی قەیران کە ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دەبینرێت، "قەیرانی دەستکردە.
قەیرانی دەستکرد دەرهاوێشتەی هیچ قەیرانێکی ئابووری ڕاستەقینە یان پێویستییەکی کۆمەڵایەتی نییە. بەڵکو بەرهەمی ڕاستەوخۆی عەقڵیەتی ململانێی سیاسییە. ئەم عەقڵیەتە لەسەر دوو بنەمای هەڵە دامەزراوە: یەکەم، "ئەگەر بەرژەوەندی منی تێدا نەبێت، با هەر دروست نەبێت". دووەم، "لەبری ئەوەی من خزمەتی باشتر پێشکەش بکەم بۆ ئەوەی لە بەرامبەرەکەم ببەمەوە، کێشە و قەیرانی بۆ دروست دەکەم تا شکستی پێ بهێنم".
نموونەی ئەم دیاردەیە لە کوردستان زۆرن.کاتێک پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەک ڕێگایەکی نێودەوڵەتی یان نەخۆشخانەیەکی گەورە بۆ چەندین ساڵ دوادەکەوێت تەنها لەبەر ئەوەی لە سنووری جوگرافی لایەنێکی سیاسی دیاریکراودایە یان لەلایەن وەزارەتێکەوە جێبەجێ دەکرێت کە وەزیرەکەی لە حزبێکی ترە، ئەمە چیتر کێشەیەکی تەکنیکی یان بودجە نییە، بەڵکو قەیرانێکی دەستکردی تەواوە. لێرەدا هاووڵاتی دەبێتە قوربانی ململانێیەک کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی ئەوەوە نییە[1].
لە ڕووی تیۆری زانستییەوە، ئەم دیاردەیە پێچەوانەی بنەماکانی "حوکمڕانی باش"ە کە بانکی جیهانی جەختی لەسەر دەکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی بانکی جیهانی، یەکێک لە پایەکانی گەشەسەندن "کاریگەری حکومەت" و "سەروەری یاسا"یە، کە لە دۆخی قەیرانی دەستکرددا بە تەواوی پێشێل دەکرێن [۲]. کاتێک دامەزراوەکان دەخرێنە خزمەتی ململانێی حزبی، متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت دادەڕمێت و سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەناو دەچێت.
چارەسەری ئەم دۆخە لە گەڕانەوەدایە بۆ دامەزراوەیی بوون. پێویستە بەربەستێکی یاسایی و ئەخلاقی دروست بکرێت کە ململانێی سیاسی لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریدا جیا بکاتەوە. تا عەقڵیەتی سیاسی لە "ڕکابەری لەسەر دروستکردنی کێشە"وە نەگۆڕدرێت بۆ "ڕکابەری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتی باشتر"، ئێمە هەر لەناو بازنەیەکی داخراوی قەیراندا دەمێنینەوە کە خۆمان بە دەستی خۆمان بەرهەممان هێناوە.
سەرچاوەکان:
[۱] ڕاپۆرتەکانی چاودێری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان - دواکەوتنی پڕۆژەکان بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە
[۲] بانکی جیهانی - پێوەرەکانی حوکمڕانی جیهانی: کاریگەری حکومەت و سەروەری یاسا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی