لە جیاتی رێککەوتن، دیسان باسی دوو ئیدارەییە!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازاد وەرتی



پرسی گەڕانەوە بۆ سیستمی دووئیداریی لە هەرێمی کوردستان (هەولێر و دهۆک لە لایەک، و سلێمانی و هەڵەبجە لە لایەکی ترەوە) جارێکی دیکە وەک بابەت و لێکەوتەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان یەکێتی و پارتی هاتەوە سەرباسی ڕۆژەڤ!

من نازانم سیاسییە دەستڕۆیشتووەکانمان چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن بوێری ئەوەیان هەیە یاری بە چارەنوسی دەسکەوتی گەلێک بکەن کە بە درێژایی سەد ساڵی خەبات پێی گەیشتووە؟ بەڵام ئەگەر رێ بە ناپاکی ویژدانی خۆشیان دەدەن لە دەرەوەی یەکێتی نەتەوەیی و یەکێتی نیشتمانی بیر لە بژاردەیەکی لەو جۆرە بکەنەوە، دەبێ بزانن کە دەستووری عێراق (٢٠٠٥) لە ماددەی (١١٧)ـدا، دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا نراوە وەک هەرێمێکی فیدراڵیی یەکگرتوو. واتە دەستوور بە هیچ دەقێک لە ماددە و بڕگەکانیدا بوونی دەسەڵاتێک پەسند ناکات لە شێوەی دوو ئیدارەی جیاواز لە چوارچێوەی یەک هەرێمدا. واتە لە ڕووی یاساییەوە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی گۆڕینی هەرێم بۆ دوو ئیدارەی فەرمی لێکجیاواز پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور دەبێت لە بەغدا (کە ئەمەش لە ودۆخی ئێستادا کارێکی تا ڕادەیەک مەحاڵە)، یاخود پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی یاساییی ناوخۆیی زۆر ئاڵۆز هەیە. ئەگەر مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بکرێت وەک هەرێمێکی جیاواز، دەبێت ئەو پرۆسەیە لە ڕێگەی ڕێکار و میکانیزمە دەستوورییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێمەکانەوە (ماددەی ١١٩) تێپەڕێت، کە ئەمەش لە بەغدا ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی سیاسی و یاساییی زۆر گەورە دەبێتەوە.

هەمان پرس و لە ڕووی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، واتە ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون (وەک یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای ئەنجومەنی وەزیران) جەخت لەسەر یەکپارچەیی قەوارەی سیاسی و یەکبوونی کارگێڕیی دەکەنەوە. بۆیە هەر جۆرە دابەشبوونێکی کارگێڕی و جوگرافی (ناوچەیی) فەرمی، بە واتای هەرەسهێنانی ئەو سیستمە یاسایییە یەکگرتووە دێت کە لە ساڵی (١٩٩٢)ـەوە بونیات نراوە کە لە دوای ساڵی (٢٠٠٥)ـەوە بە فەرمی یەکخراوە.

لە دیوێکی تر و لەسەر ئاستی ناوخۆ (لە ناوخۆی هەرێمدا)، لێکترازانی هەردوو ناوەندی هەولێر و سلێمانی دەبێتە هۆی دروستبوونی درز و کەلێنێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسیی قووڵتر لە نێوان هەردوو ناوچەی (بادینان و سۆران) و، یادەوەریی بەکۆمەڵ (الذاكرة الجماعية) دەگێڕێتەوە سەردەمی ساڵانی نەوەدەکان. هاوکات، ناکۆکییە ناوخۆیییەکان هێزی دانوستانی کورد لە پایتەختی فیدراڵیدا سست دەکەن بەرامبەر بە دۆسیە ستراتیژییەکانی وەک بوودجە، ماددەی (١٤٠) و یاسای نەوت و گاز؛ چونکە لەو کاتەدا بەغدا لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوودا، مامەڵە لەگەڵ دوو لایەنی لاوازدا دەکات.

لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشدا، هێزە نێودەوڵەتییە گەورەکان (بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا) بە توندی دژی ئەم بژاردەیەن و دژی دەوەستنەوە، چونکە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم (چ لە ڕووی سیاسییەوە چ لە ڕووی سەربازییەوە وەک هاوکارییەکانی هێزی پێشمەرگە) مەرجدار کراون بە پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزیی ناوخۆییەوە؛ بۆیە لێکترازان دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنی ئەم جۆرە پاڵپشتییانە. لە لایەکی ترەوە، بوونی دوو ئیدارەی لاواز، ڕێگا بۆ وڵاتانی دەوروبەر زیاتر خۆش دەکات بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆیان و قووڵکردنەوەی جەمسەربەندییەکان بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانیان بکات.

ڕەهەندێکی تریش لایەنی کارگێڕی و ئابوورییە، کە تێیدا هەرێم تووشی قەیرانی دابەشکردنی سەروەت و سامان دەبێت. هەولێر و دهۆک بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت (کە ئێستا ڕاگیراوە و لە ڕێگەی بەغداوە سنووردار کراوە) و دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ تورکیا دەبەستن، لە کاتێکدا سلێمانی پشت بە گازی سروشتی و دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دەبەستێت. نەبوونی هەماهەنگی، کۆتایی بە چەمکی بوودجەی یەکگرتوو دەهێنێت. بەمەش هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی دامەزراوە هاوتەریبەکان (دوو وەزارەتی دارایی، دوو وەزارەتی ناوخۆ، و فەرماندەیی سەربازیی تەواو جیاواز بۆ پێشمەرگە)، ئەمەش دەبێتە هۆی داهێزران و قورسبوونێکی یەکجار گەورەی کارگێڕی و، بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان و لەدەستدانی ناسنامەی دامەزراوەیی یەکگرتوو.

پرسیارە جەوهەرییەکەش لێرەدا ئەوەیە ئایا گونجاوە هەرێم ببێتە دوو ئیدارەی جیاواز و، تا چەند بەرکار و واقیعییە؟

بێگومان لە ڕووی دیفاکتۆوە بەڵێ، وەک ئەمری واقیع ڕێی تێدەچوێندرێت، پێشتریش (١٩٩٦ - ٢٠٠٦) ڕوویداوە. تەنانەت تا ئەمڕۆش، سەرەڕای یەکگرتنەوەی ڕواڵەتکار، هێشتا پاشماوە و نیشانەکانی دووئیدارەیی لە پشتی پەردەوە بەدی دەکرێن (وەک ئیدارەدانی دارایی سەربەخۆ لە هەندێک لایەن و، بوونی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی سەر بە حیزبەکان وەک یەکەکانی ناوچەی ١ و ٢). لەبەر ئەوە، دوور نییە ناکۆکییەکان بەرەو جیابوونەوەیەکی کارگێڕیی نەرم یان بایکۆتکردنی گشتگیری حکومەت لە هەولێر پەرە بسێنن. بەڵام لە ڕووی فەرمی و یاسایییەوە (دیژیار) کارێکی یەکجار قورسە و ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە هیچ خواستێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمێکی دابەشکراودا نییە، هەروەها ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستا کە بە بەغداوە گرێ دراوە (موچەی فەرمانبەران و نەوت)، وادەکات هەر ئیدارەیەکی جیاواز نەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە خۆی بژێنێت بەبێ هەبوونی چەترێکی یاسایی کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دانی پێدا نرابێت.

لەکاتی بەردەوامبوونی منجڕی و کەللـەداگری سیاسی نێوان هەردوو حیزبەکە و پێداگری لەسەر سەپاندنی ئیرادەکان، واقیعیترین و لۆژیکیترین بژاردە کە لە ئێستادا دەکرێ وەک بژاردەی جێگرەوە کاری لەسەر بکرێت، دووئیدارەیی نییە بە واتای جیابوونەوە، بەڵکو دەستشلکردن و هەنگاونانە بەرەو لامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی سنورداری وابەستە بە ناوەندێکی بەهێز لە حکومەتێکی یەکگرتووی هاوبەشدا لە هەولێر، لە چوارچێوەی یەک قەوارەی گشتگیر لە هەرێمدا.

بۆیە هیوادارین راوێژکارانی سیاسی و یاسایی، بژاردەی دەستڕۆیشتووی دەسەڵات لە هەرێم بە هەڵەدا نەبەن و کوردستان دەیان ساڵی دیکە لە کاروان و قۆناغی مێژوویی خۆی دوور نەخەنەوە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە