یەک یان دوو هەرێم؟

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارێز عەبدولڵا


کاتێک گەلی کوردستان نەتوانێت دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، دەستپێوەگرتن و پاراستنی هەرێم باشترین کار و پیرۆزترین ئەرکە، بەڵام مخابن ، هەندێک کەس و لایەن هەرێمیان تەنیا بۆ ئەوە دەوێت کە بەرژەوەندییە زۆر و زەوەندەکانيان پارێزراو بن  ، بەلام بەدەر لەوە  ئامادەن قوربانی پێبدەن، بۆیە دەیانەوێت سیستمە کارگێڕییە سەقەتەکەی هەر بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.

کەس نییە نەزانێت کە هەرێم، سەرەڕای بێسەروبەرییەکەی، لەناو قەیرانێکی ئەوەندە گەورەدایە کە خەریکە لەناوی دەبات، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە دەسەڵاتداران بێباکن و گوێ بە هیچ نادەن!

پەکخستنی پەرلەمان، پێکنەهێنانی کابینەی حکومەت و بەڕێوەبردنی قەرەقۆشیانە، بابەتگەلێکی سەرپێی و سادە نین. بەڵام مخابن، نابینین ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی ئەم وڵاتە دادەنێن و مەستی ناو ناز و نیعمەتن، بیر لە لێکەوتەکانی بکەنەوە. ئەو بێباکییە گەیشتووەتە ئاستێک کە وەک بڵێی چارەنووسی ئەم گەلە (چی دەبێت و چی نابێت)يان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی سەیر و سەمەرەشە ئەوەیە کاتێک قسە دەکەن، کوردایەتی و نیشتمانپەروەريان  لە دەم دەچۆڕێتەوە!

ئەوانەی هۆکاری سەرەکیی ئەم بارودۆخەن، بە بیانووی بێناوەرۆک ئۆباڵەکە دەخەنە ئەستۆی لایەنەکانی تر. کەچی خۆشیان باش دەزانن کە ئۆباڵبەخشینەوە نە داد دەدات و نە ئەستۆیان پاک دەکاتەوە، بەڵکو تەنیا بۆ چەواشەکاری و درێژەدان بەم نادادییەیە؛  لە جیاتی بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەر بەم شێوازە خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.

دیارە ئەم قەیرانە سیاسییە لەخۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو زادەی کۆمەڵێک فاکتەرە؛ لەوانەش: خراپیی سیستمی حوکمڕانی، لێکنەجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هەژموونی گەورەی حزب، تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و چڕکردنەوەی دەسەڵات. لەبەر نەبوونی دامودەزگای نیشتمانییە ڕاستەقینەکانيش ئێستا لە قۆناغێکداین کە ئەوەی دەستی دەڕوات و لە دەسەڵاتدایە بەرپێی خۆی نابینێت و تەنیا دوعا دەکات و دەڵێت: "خوایە لێی ڕاگرە". ئەوەشی دەستی ناڕوات، قسەی وەرناگیرێت، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبن.

لەم ماوەیەدا لە سێ لایەنەوە باسی دابەشبوونەوەی هەرێم دەکرێت:

- لایەنێک بە کردەوە بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت.
- لایەنێک وەک پەرچەکردار ، ئەمە بە چارەسەر دەزانێت.
- لایەنێکیش لە ڕووی پەرۆشی و لەبەر ترسی دابەشبوون، باسی لێوە دەکات.
ئایا مەترسیی دابەشبوونەوە هەیە؟
دەتوانم زۆر بە کورتی بڵێم: بەڵێ، هەیە.

ئایا دابەشکردنەوە چارەسەرە؟

نەخێر، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و حوکمڕانیی خۆمانە بۆ دواوە.

ئایا ئەم سیستمەی ئێستا ئەوەندە نموونەیییە کە بە پیرۆزی بزانین و بەرگریی لێ بکەین؟

بێگومان وانییە، بەڵام دەکرێت بە گۆڕانکاری و چاکسازی بیکەینە قەوارەیەکی نموونەیی. لە کەس شاراوە نییە کە ئەم سیستمە کارگێڕییە سەقەتە، کەچی لە جیاتی ڕاستکردنەوە و چاککردنی، ڕۆژ بە ڕۆژ سەقەتتر، لاوازتر و ناشیرینتر دەکرێت.

کەواتە ئەم شێوازە بەڕێوەبردنەی ئێستا نەک هەر نەگونجاوە، بگرە زۆریش خراپە. بەڵام دەکرێت لە جیاتی پەنابردنە بەر دووئیدارەیی ، بە بەهێزکردنی پارێزگاکان، دابینکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی وڵات، پێکهێنانی کابینەیەکی نیشتمانیی هاوبەش و یەکخستنی سیاسیەتی گشتی بگيرێتە بەر.
 پێویستە بە شێوازێک هەرێم ڕێکبخەینەوە کە شوێنی دەوڵەت بگرێتەوە، نەک لە پێناوی بەرژەوەندیی تایبەتدا بڕوخێنرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی