(چەتری ڤاتیکان و قەڵغانی ڕۆما)

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا لەم چرکەساتەدا، تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیام و ڕەهەندی قووڵی سیاسی، ستراتیژی و مرۆیی لەخۆدەگرێت. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی، بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گرژیدا تێپەڕ دەبن ، ئەگەر سەیری ڕەهەندە قووڵ و ستراتیژییەکانی پشت ئەم جۆرە سەردانانە بکەین، دەبینین کۆمەڵێک ئامانج و ڕەهەندی گرنگی هەیە لەڕووی پێگەی دیبلۆماسی هەرێم و ستراتیژی مانەوە، هاوسەنگی هێز، و نەخشەی نوێی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە

لە کاتێکدا کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی جیهان بەتایبەت کارەکتەرێکی ڕۆحی گەورەو بەهێزی وەک پاپای ڤاتیکان و سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هێشتا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، سەقامگیر و جێی متمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەکرێت، لە زانستی سیاسەتدا، کاتێک قەوارەیەکی نادەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی دەوڵەتەکەدا یان لەلایەن دەوروبەرەکەیەوە  ڕووبەڕووی گوشاری سیاسی، دەستووری و دارایی دەبێتەوە، پەنا دەباتە بەر شەرعیەتی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستن و مانەوەو بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی خۆی

ئەم سەردانە دووپاتکردنەوەی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە لەپێناو پاراستنی مافی هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان ، ڤاتیکان ناوەندی ڕۆحی مەسیحییەکانی جیهانەو پاپا نوێنەرایەتی جیهانی مەسیحیەت دەکات و سەردانی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا، نامەیەکی بەهێزە بۆ جیهان کە هەرێمی کوردستان بە کردەوە پەناگە و پاڵپشتی سەرەکی مەسیحییەکان و پێکهاتە ئاینییەکانی ترە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت دوای ئەو نەهامەتییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی تیرۆرەوە بەسەریان هات. ئەمە وێنەیەکی ئەرێنی و شارستانی لە هەرێم پێشکەش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و جارێکی دیکە دوپاتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەو پلۆرالیزمی سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی دەکاتەوە
ڤاتیکان هێزێکی نەرمی بێوێنەی لە جیهاندا هەیە کاتێک پاپا پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، شەرعیەتێکی ڕەوشتی و نێودەوڵەتی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەبەخشێت کە نەیارانی ناتوانن بە ئاسانی پشتگوێی بخەن ئەم سەردانە پەیامێکە بۆ بەغدا و هێزە ناوچەییەکان کە کوردستان ناوچەکی گرنگ و بەبەهایە بۆ ئەوان و ناهێڵن مەترسی لەسەر دروستبکرێت


ئیتاڵیا ئەندامێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان ئامادەییان هەیە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە، لەم چرکەساتەدا کە مەترسییەکانی تیرۆر و ناسەقامگیری لە ناوچەکەو هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوامیان هەیە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆما بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی پاڵپشتییە سەربازی و لۆجیستییەکانە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو تائێستا هێزە سەربازیەکانی ئیتاڵیا ڕاهێنانیان بەهەزاران پێشمەرگەی کوردستان لە بوارەجۆراوجۆرە سەربازیەکان کردوە

 پاش شەڕی ئۆکرانیا، کیشوەری ئەوروپا  پێویستی بە دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزە بەتایبەت غازی سروشتی هەیە بۆ ئەوەی پشتبەستنی بە ڕووسیا کەم بکاتەوە یاخود  تەواوی ببڕێت، هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە هاوکاریکردنی هەرێم لەلایەن دۆستە ئەروپیەکانیەوە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەرپێخستنی زیاتری ئەم سێکتەرەو کۆمپانیا ئیتالییەکانی وەک ENI کە کۆمپانیایەکی گەورەی بواری وزەیە چاویان لەسەر غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستانە،
لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە، ئەم سەردانە دەکرێت زەمینەسازی بێت بۆ تێکهەڵکێشکردنی ئابووری هەرێم لەگەڵ سێکتەری وزەی ئەوروپا لە داهاتوودا، ئەمەش گەرەنتییەکی ئەمنی درێژخایەن بە هەرێم دەبەخشێت و ، ئەم هەنگاوانەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری هەرێم و سوود وەرگرتن لەسەرمایەو ئەزمونی وەبەرهێنەرانی ئیتاڵیاو پێگەی سیاسی ئاینی ئیتاڵیاو ڤاتیکان

بەهۆی عەقڵیەتی ناوەندخوای هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراقی دوای ڕژێم بەردەوام هەوڵی بچوککردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن بۆیە هەرێم هەمیشە پێویستی بە نێوەندگیر و دۆستی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی پێگەی دەستووری خۆی لە بەرامبەر بەغدا، وڵاتانی ئەوروپی وەک ئیتاڵیا دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە هاندانی لایەنەکان بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوورو هەندێکجار دروستکردنی فشار لەلایەن کیشوەری ئەوروپاوە بۆ ئەوەی پێشێلکاریە دەستوریەکانی بەغداد ڕاگرن و پێگەی هەرێم بە بەهێزی بهێڵنەوە

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی کاک نێچیرڤان بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا هەوڵێکە بۆ گۆڕینی پێگەی هەرێمی کوردستان لە کێشەیەکی ئەمنی و مرۆیی ناوخۆیی عێراقەوە بۆ هاوبەشێکی ستراتیژی لە ئاسایش، وزە، و پێکەوەژیانی نێودەوڵەتی و ئاشتی گشتیدا
 سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پردی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەندە ڕۆحی و سیاسییەکانی ئەوروپا بەهێزترو توندوتۆڵتر بکات، تاوەکو لە کاتی هەر پێشهاتێکی ئەمنی یاخود گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکەدا، کوردستان چەترێکی پاراستنی نێودەوڵەتی بەهێزی هەبێت و بەپارێزراوی بمێنێتەوەو گەشەبکات و لەم پێناوەشدا وەک سەرۆکێکی ئاشتیخواز لەگەڵ هەموو جەمسەرە ناکۆکەکانی ناوچەکەو جیهاندا پەیوەندی دیبلۆماسی هەیەو هەوڵدەدات هەموو دەرفەتەکان لەسوودی هەرێمی کوردستان بەکاربێنێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی