قەفەزی قانون

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب

بەداخەوە ئێستا چەكوشی دادوەرەكان لە گروپی دەمامكداری نەناسراوی چەكدار زیاتر جێگای مەترسین.. ئەوەی ئێستا لەدەوڵەتی توركیا روودەدات هێجگار جێگای مەترسیە. پارتی‌ گەلی‌ كۆماری‌ (جەهەپە) بەهۆی بڕیاری دادوەر كۆنگرەكەی هەڵوەشایەوەو ئاژاوەیەكی گەورە بەرۆكی گرتوون. دوای ئەوەی پارتی جەهەپە هەر سێ گەورە شارەوانی ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەو ئیزمیری بردەوە, ئیدی دەركەوت كە پارتی یەكەمی توركیایەو هەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر كورسی دەسەڵاتە، ئەمەش وایكرد پارتی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان بكەونە تەنگەتاوكردنی ئەم پارتەو هەر زوو داوایانكرد دەبێت هەڵبژاردنەكان دووبارە بكرێنەوە.

ئەوەبوو دوبارە كرانەوەو ئەمجارە جەهەپە زیاتر دەنگی هێناو ئەردۆغان و ئاكەپەی شۆك كرد. ئیدی كەوتنە بیانووگرتن بە ئیمام ئۆغڵو سەرۆك شارەوانی ئەستەمبوڵ و گرتیان و ئێستا لە زیندانە. ئەویش دادی نەدان، بۆیە دواجار هاتن دادگایان بەكارهێنا بۆ ئەوەی جەهەپە روبەڕوی قەیرانی جددی بكەنەوەو توشی شكستی بكەن. بەداخەوە لە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەكشەیەكی زۆر گەورەو مەترسیدار لە ئازادی و دیموكراسی و دادگاو یاساو دامەزراوەكان روویداوە. ئاستی دادگاكان و دادوەر بەرامبەر هەژمون و دەسەڵاتی سیاسیەكان و حیزبەكان زۆر زۆر لاواز بووە. روون و راشكاو سەركردەو سیاسیەكان گوتیان: بەیەك تەلەفۆن بۆ دادوەر دەمانگوت وا بكەو وا مەكە.

تەلەفۆنمان بۆ دادوەر دەكردو ئێمە چیمان داوا بكردایە ئەوەی دەكردە بڕیار. هەر بۆ نمونە لە كۆنفڕانسی دیموكراسیانەی !! پارێزەران شەڕە بۆكس روویدا. بەهۆی پاشەكشەكردنی یاساو دادگاكان و زاڵ بوونی چەك و پارە، ئازادی را دەربڕین و دیموكراسی و ئازادی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و بەهێزكردنی دامەزراوەی نیشتمانی و سەروەربوونی هاوڵاتی كۆتاییان پێهاتووە. ئێستا باوی ئەوەیە چەك و پارەت هەبێت و تەواو. مۆدێلی ئێستای ئەمریكاش بەسەرۆكایەتی تڕەمپ ئەم بابەتەی زۆر رەواج پێداو هان دا. بەداخەوە رۆژگاری زۆر تاریك روویان كردۆتەوە ناوچەكەو دەنگە ئازادو مەدەنی و جیاوازەكان و دیموكراسیەكان نەك هەر پاشەكشەیان كردووە، بەڵكو بوونەتە دروشمی بێ ناوەڕۆك و جێگای لاقرتێ.

بۆ وێرانكردنی ئازادی، دیموكراسی، هاوڵاتی بوونی ئازاد، گەشەی سیاسی، سەروەری یاساو شكۆی دادگاكان، چەكوشی دادوەریان كردۆتە مۆتەكەو قەفەزێكی تاریك و رەش.

بەبۆچونی من ئەم كودەتا تازەیەی ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی توركیا بەرامبەر جەهەپە پێشینەیەكی مەترسیدارەو كاریگەری لەسەر شێوەی بیركردنەوەو هەنگاوەكانی هەموو ناوچەكە دەبێت، وەك چۆن پێشوتریش هەمان ئەم چەكوشە دەستەمۆكراوەیان بەرامبەر صەلاحەددین دەمیرتاش و ئیمام ئۆغڵۆ بەكارهێناو هەرچی نەیاری سیاسی هەیە پێویست ناكات گروپی دەمامكداری چەكداری بنێریە سەر، دادوەرێكی لایەنگیری خۆت بەسە كە دۆسیەیەكی بۆ بكەیتەوەو ویژدان و شكۆی بڕوانامەو مێژوو كەسایەتی خۆی بكاتە قوربانی رەزامەندی عالی جەناب و چەكوشەكەی بدات لەسەر مێزی رەشی بەردەمی و بتخاتە قەفەزەوە. بەداخەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی