کچانی خۆر لە سەنگەری پێشەوەی مێژوو...

4 کاتژمێر پێش ئێستا

شۆڕش ئەمین




      - پێگەی مێژوویی ژنان لە جەنگەکاندا...
مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە گەواهی بەشداریی ژنانی لە شۆڕش و جەنگەکاندا داوە، بەڵام ئەم بەشدارییە زۆرجار لە پشت هێڵەکانی پێشەوەی بەرگری و شەڕدا کورت دەکرایەوە، وەک تیمارکردنی برینداران و ئامادەکردنی خۆراک و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجیستی. تەنانەت لە مۆدێرنترین سوپاکانی جیهاندا، وەک سوپای ئەمریکا، تاوەکو ئەم ساڵانەی دواییش یاسا سەربازییەکان ڕێگربوون لەوەی ژنان بچنە هێڵەکانی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
    - وەرچەرخانی مێژوویی و دامەزراندنی یەپەژە...
سەرهەڵدانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە ساڵی ٢٠١٣دا لە ڕۆژاوای کوردستان، توانی ئەو هاوکێشە کلاسیکییە مێژووییەی بگۆڕێ. کچان و ژنانی کورد تەنیا چەکیان نەگرتە دەست، بەڵکو مۆدێلێکی نوێیان لە جەنگاوەری پێشکەش بە جیهان کرد، کە تێیدا ژن بەتەنیا پاڵپشت نەبوو، بەڵکو پێشەنگ و فەرماندەی هێڵی یەکەم و پێشەوەی سەنگەرەکانی شەڕ بوو لە دژی تاریکپەرستترین ڕێکخراوی تیرۆریستی بەناوی (داعش). سەرباری ئەوەش، ئەوان هەندێک جار سەرکردایەتیی جەنگاوەرانی پیاویشیان دەکرد. ئەم بازدانە مێژووییە، تەنانەت کاریگەریی دەروونی و یاسایی لەسەر سوپا گەورەکانی جیهانیش دروست کرد. یاساکانی پێ گۆڕین و زیاتر ڕۆڵیاندا بەسەربازانی ژن لەسوپاکانیاندا.
    -گۆڕینی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و ڕەهەندی نەتەوەیی....
یەپەژە توانیی لە نێو جەرگەی شەڕی ناوخۆی سوریادا هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بگۆڕێت، هەروەها چەمکی "هاوڵاتیبوون" و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەیەکی تەقڵیدی و پیاوسالاردا سەرەوژوور بکات. ئەوان تەنیا خاکیان لە دەستی داگیرکەر و تیرۆر ڕزگار نەکرد، بەڵکو ژنیان لە کۆت و بەندی یاسا کۆنەپەرستەکان ئازاد کرد. بەشداریی ئەوان بووە هۆی چەسپاندنی سیستمی "هاوسەرۆکایەتی" و بەشداریی پەنجا بە پەنجای ژنان لە سەرجەم جومگە ئیداری و سیاسییەکانی خۆبەڕێوەبەریدا.
پێدەچێت یەپەژە ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی ویژدانی نەتەوەیی کورد. کچانی سەر بەم هێزە لە تەواوی پارچەکانی کوردستانەوە (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا) لە کۆبانێ و عەفرین و شەنگال لە تەنیشت یەکدی خەباتیان دەکرد. لە یەک سەنگەردا، کچانی هەر چوارپارچەی کوردستان شان بە شانی یەکتر دەجەنگان و بەوپەڕی فیداکارییەوە بەرەنگاری دوژمن دەبوونەوە. ئەوان سەلماندیان کە دۆزی ژنی کورد و ئازادیی کوردستان یەک پاکێجی دانەبڕاوە. ئەوان بە هێز و هۆشیاریی خۆیان، سنوورە دەستکردەکانی نێوان پارچەکانی کوردستانیان سڕییەوە.
     - تێکشکاندنی عەقڵییەتی کۆنەپەرستی...
ئەم ناوچەیە ساڵانێکە لەژێر باری گرانی ئایدیۆلۆژیای کۆنەپەرستی دەسەڵاتخوازیی ئاینی و تیرۆردا دەناڵێنێت. لەم ژینگەیەدا، کچانی یەپەژە بوونە وەڵامێکی زیندوو و پراکتیکی دژ بەو عەقڵییەتەی کە ژن وەک (کۆیلە یان کاڵا) دەبینێت. شکستپێهێنانی داعش لەسەر دەستی ژنان، گەورەترین گورز بوو لە عەقڵییەتی پیاوسالاریی چەقبەستوو لە سەرجەم ناوچەکەدا.
یەپەژە چیتر تەنیا هێزێکی ناوخۆیی و لۆکاڵی نییە، بەڵکو بووەتە ئیلهامبەخشی بزووتنەوە فێمینیست و ئازادیخوازەکانی جیهان. چاونەترسیی کچانی کورد وای کرد نووسەران و دەرهێنەران و میدیا جیهانییەکان قارەمانێتی و ئازایەتیی ئەوان بکەنە مانشێت و فیلم و ڕاپۆرتی سەرنجڕاکێشی لەسەر بەرهەم بهێنن. ئەوان چەمکی "ئازادی"یان لە تیۆری سەر کاغەزەوە گۆڕی بۆ پراکتیکێکی زیندوو لە مەیدانی جەنگدا.
    -   عەبدوڵا ئۆجەلان، ئیلهامبەخشی شۆڕشی ڕۆژاوایە...
ئۆجەلان، دەڵێ شۆڕشی ڕۆژاوا شۆڕشی ژنانە، چونکە ئەو باوەڕی وایە (ئازادیی کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژن مەحاڵە). ژنێک کە چەک هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی ناسنامە و خاکی خۆی، نەک هەر بەرگری لە بوونی خۆی دەکات، بەڵکو بنەماکانی شارستانیەتی پیاوسالاریی پێنج هەزار ساڵە هەڵدەوەشێنێتەوە. شۆڕشی ڕۆژاوا تەنیا وەرچەرخانێکی سیاسی یان سەربازی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەکردەوەبوونی تیۆرە فەلسەفییەکانی ئۆجەلانە؛ لەم نێوەندەشدا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) وەک چەق و بزوێنەری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە دەردەکەون. یەپەژە تەنیا هێزێکی بەرگری نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی مۆدێلی "ژنۆلۆژی" و تیۆری نەتەوەی دیموکراتیکە، کە تێیدا ڕزگاریی کۆمەڵگەی بە ڕزگاری و ئازادیی ڕەهای ژنەوە گرێ داوە.

     - خوێندنەوەیەک لە ڕوانگەی فوکۆ و نیتشە و دی بۆڤوارەوە...
ئەم ڕوانگەیە بە تەواوی لەگەڵ تیۆرییەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فوکۆدا یەکدەگرێتەوە، کاتێک باس لە (مایکرۆ-فیزیکی) دەسەڵات دەکات. فوکۆ پێی وایە لە هەر شوێنێک بچووکترین دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەبێت، بەرگریش لەوێ چەکەرە دەکات. کچانی یەپەژە مۆدێلێکی نوێی دەسەڵاتیان هێنایە بوون، کە لەسەر بنەمای زاڵبوون نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای پاراستنی جەوهەری مرۆڤایەتییە.
هاوکات، فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتشە، کاتێک باس لە چەمکی "مرۆڤی باڵا" دەکات – ئەو مرۆڤەی کە کۆیلایەتیی عەقڵی ڕەت دەکاتەوە و بەهای نوێ بۆ ژیان دادەهێنێت – ڕەنگە باشترین نموونەی بەرجەستەی ئەم چەمکە کچانی یەپەژە بن کە یاسا کۆنەکانی جیهانیان تێکشکاند و بەهایەکی نوێیان بە چەمکی ئازادی بەخشی.
سیمۆن دێ بۆڤواریش دەڵێت:
(مرۆڤ بە ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن)
دی بۆڤوار پێی وایە کچ کاتێک لەدایک دەبێت، تەنیا ڕەگەزێکی بایۆلۆژییە (مێ)یە، بەڵام ئەوە کۆمەڵگە و دابونەریت و پەروەردە و دەسەڵاتی پیاوسالارییە کە پێناسی {ژن}بوونی بەسەردا دەسەپێنێت. کۆمەڵگە فێری دەکات چۆن ڕەفتار بکات، چۆن لاواز بێت، چۆن تەنیا بۆ ڕازیبوونی پیاو بژی و ببێتە بوونەوەرێکی پاشکۆ. کچانی یەپەژە سەلماندیان کە ژنبوون کورت نابێتەوە لەو چوارچێوە لاوازەی کە کۆمەڵگە بۆی کێشاوە، بەڵکو ژن دەتوانێت هێزی بڕیاردەر و داڕێژەرەوەی مێژووش بێت.

       - تەحەددییاتەکانی ئێستا و ئەرکی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی...
ئەمڕۆ کە مۆدێلە جیاوازەکانی توندڕەوی و حکومەتە فاشیست و ئایدۆلۆژییە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە (وەک تاق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی