35 ساڵ زیاترە لەباشور حزبە کوردیەكان ئیدارەی هەرێمی کوردستانمان بەدەستەوەیە، لەو ماوەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستانو پارتی دیموکراتی کوردستان بەهاوبەشی ئیدارەی هەریمی کوردستانیان بەدەستەوە بووە، دابڕانو ناكۆكییەكانیشی لەگەڵ بێت، ئیدارە دوو بوبێت یان یەك، هەر ئەوان باڵادەستبوون بۆیە چاکو خراپ، دەستكەوتو لەدەستدانی فرسەتەكان كەموكورتیو بەرەوپێشوەچوون، ئەوان بەرپرسیارێتی گەورەو سەرەكیان هەبووە.
ئەمڕۆ جارێكی دیكه كە باس لەدابڕانو دوو ئیدارەییو مەترسی سەر هەرێم دەكرێت، ڕونیشە هەرئەوان بەرپرسیاری سەرەكین لەدۆخەكەو لەئەگەری هەر جۆرە لێکترازانێک گەر ڕووبدات.
ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت گەر هەركەس لەدەربریندا بڵێت گەورەترین مەترسی لەسەر دۆزی هەرێم، حزبە كوردیەكان خۆیاننو لەناو ئەوانیشدا پشكی شێر دەكەوێتە لای پارتیو یەكێتیی، چونكە ناتەبایی ناوخۆو دوركەوتنە لەبەرژەوەندیی نەتەوەییو زیادەڕۆیی لەڕوكردنە بەرژەوەندی حزبیو كەسی، ئەو پێشمەرجانەن كە دەبنە مەترسی گەورە نەك تەنها لەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەبنە مەترسی لەسەر ئایندەی سیاسیی نەتەوەییو كومەڵگەو نەوەكانی ئایندەشمان توشی نائومێدییو لابوموبالاتی دەرهەق بەنیشتمان دەكات.
بۆ كورد مەترسییە گەورەك ئەوەنییە كە وڵاتانی هەرێمایەتی كێشەوگرفتیان لەگەڵ خواستەكانی گەل هەبێت، مەترسییە گەورەكە ئەوەنییە كە خەریكە كورد بێ پشتیوان لەبەردەم نەیارەكانی بەجێدەهێڵرێت، مەترسییە گەورەكە ئەوەیە كورد خۆی كلكی تەورەكە بێت بۆ برینەوەی خۆییو نەتوانێت خوێندنەوەی بۆ ئەوە هەبێت، زیانی هەر منداڵێكی كورد، تێكچونی هەر شارێكی كوردستان، یەكسانە بەئازاری هەموو كوردو ئامادەنەبێت، دەستی برایەتیو تەبایی بۆیەك درێژبكەن.
ئەمڕۆ كورد لەبەردەم ئیمتحانێكی گەورەدایە، حزبەكان، سەركردەكان، دەستەبژێری ڕۆشنبیرو ڕێكخراوەكان، هەمومان بەرپرسیارین لەپاراستنی هەرێمەکەمان، بەڵام دەستپیكی هەر دەستپێشخەرییەك، هەر جوڵەیەك بۆ تەبایی ئەركی سەرشانی پارتیو یەكێتییەو سبەی كەس لەتاقیكردنەوەی مێژوو ڕەحمی پێناكرێت، بۆیە گەلۆ، تا كارەساتێكی وەك ڕۆژئاوا ڕوی لەباشوری هەرێمەكەمان نەكردوە، دەستوبرد بكەین نەبادا ڕاسبی ئەم تاقیكردنەوە گەورەیەبین بۆهەتاهەتایە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی