ئایا ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستان ئامادەگی هەیە؟

15 کاتژمێر پێش ئێستا

لوقمان مستەفا

لەهەرێمی كوردستاندا زۆرجار ناوی " ئۆپۆزسیۆن" یاخود “معارەزە” بەكاردهێنرێت، كێشە لەسەر ناوەكە نییە، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا بەڕاستی معارەزەیەكی ئامادەو خاوەن پڕۆژە هەیە، یان تەنها دەنگی ناڕەزایی‌و ڕەخنەی سیاسییە؟

ڕاستییەكەی ئەوەیە هەرێم تا ئێستا زیاتر لە قەیرانی “نەبوونی جێگرەوە” دەناڵێنێت نەک تەنها كێشەی دەسەڵات. چونكە هەرچەندە خەڵك ناڕەزایی زۆریان هەیە لە خزمەتگوزاری، گەندەڵی، قەیرانی مووچە و لاوازیی دامەزراوەكان، بەڵام لە بەرامبەردا هێشتا هێزێكی سیاسی نەهاتووەتە پێشەوە كە بتوانێت  ئەو دەموو چاوە چەقبەستوانە لەڕێی دیموكراسیەوە بگۆڕێت و دووربخاتەوە و خۆی وەك هەڵبژاردەیەكی واقعی بسەپێنێت.

معارەزە لە هەرێم زۆرجار لە قسەدا توندە، بەڵام لە كاتی درووستكردنی پرۆژە و خستنەڕووی چارەسەر لاواز دەردەكەوێت. هەندێك هێزی سیاسی هێشتا بە هەمان زمانی هەڵچوون و دروشم قسە دەكەن، لە كاتێكدا خەڵك چاوەڕێی پلانی ئابووری، چاك‌سازیی كارگێڕی و دابینكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییە.

كێشەكە تەنها ئەوەش نییە. هەندێك لە هێزەكانی معارەزە خۆیان بەرهەمی هەمان سیستەمن كە ئێستا ڕەخنەی لێدەكەن. ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە خەڵك پرسیار بكەن: ئایا مەبەست گۆڕینی سیستەمە، یان گۆڕینی شوێنی دەسەڵات؟

لە هەمان كاتدا، دەسەڵاتیش توانیویەتی لە زۆر بواردا لاوازیی و پەرتەوازیی معارەزە بە قازانجی خۆی بەكاربهێنێت. كاتێك معارەزە ناتوانێت یەك خیتاب و یەك دیدگای هاوبەش درووست بكات، سروشتییە كە جەماوەر بە تەواوی متمانەی پێ نەكات.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە هەرێم پێویستی بە معارەزە نییە. بە پێچەوانەوە، هەر سیستەمێك كە دەنگی ڕەخنە و چاودێریی بەهێزی تێدا نەبێت، بە ئارامی بەرەو داخستن و لاوازی دەڕوات. معارەزەی راستەقینە ئەوەیە كە بتوانێت ترسی خەڵك بكات بە هیوای سیاسی، ناڕەزایی بكات بە پرۆژە، و دروشم بگۆڕێت بۆ بەرنامە.

ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە: ئایا معارەزە دەتوانێت لە قۆناغی ناڕەزایی تێپەڕێت و ببێتە هێزێكی ئامادە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت؟ یان هەر بە دەنگی ڕەخنە دەمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەكی واقعی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی