مرۆڤی دیجیتاڵی.. کاتێک لۆگاریتم دەبێتە قەدەرێکی حەتمی

14 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

   مرۆڤی ئەم سەردەمە نیشتەجێی ناو جیهان نییە، بەڵکو نیشتەجێی ناو شاشەکەیەتی. ئێستا شارەکان ئاستی هۆشیاریی دانیشتوانەکانی دیاری ناکەن وەک جاران، کتێبەکان خەیاڵدان و ئاگامەندی بونیاد نانێن، تەنانەت ئەزمونی بەردەوامی ژیانی ڕۆژانە مانای بوون و زیندویت پێ نابەخشێت. ناوەندی ژیان لە واقیعەوە گواستراوەتەوە بۆ ڕوو کاری دیجیتاڵی ناو شاشەکان، لە شەقامەوە بۆ لۆگاریتم ( پەیوەندیەکی ژمارەیی ماتماتیکیە)، و لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤەوە بۆ لێشاوی ساردو سڕی داتاکان. بەم شێوەیە، ئەوەی لەبەردەمماندا وەستاوە بونەوەرێکی نوێیە «مرۆڤی دیجیتاڵی»، لە پێشکەوتوترین قۆناغەکانی دابڕان و نامۆبونی مێژوی مرۆڤایەتیدا .

   کاتێک پلاتۆن ئەفسانە بەناوبانگەکەی دەربارەی کاتیگۆری ئەشکەوت نووسی، مرۆڤەکان وەک کۆیلەی سێبەرەکان دەژیان و وەهمیان بە ڕاستی دەزانی، لەبەر ئەوەی هەرگیز ڕوناکیان نە بینی بو. بەڵام تراژیدیای مرۆڤی مۆدێرن زۆر لەوە ئاڵۆزترە، چونکە بە زۆرەملێ، وەک کاراکتەرەکانی پلاتۆن لەناو ئەشکەوتدا بەند نەکراوە. بەڵکو بە ویستی خۆی دەچێتە ناو ئەشکەوتی شاشەکانەوە، بەردەوام لە ناو دەستیدایە، لەناو گیرفانیدا هەڵی دەگرێت، لە تەنیشت سەریەوە دایدەنێت کاتێک دەخەوێت، یادەوەریی و متمانەو نهێنیە تایبەتیەکانی ژیانی خۆی پێ دەبەخشێت. ئەشکەوتی شاشەکان دیواری بەردین نییە، سێبەرەکان بە سەریدا ڕەت بن، بەڵکو شاشەیەکی ڕووناکە، بە بێدەنگییەکی نەرم و لەسەرخۆ بەڵام ترسناک، سەرلەنوێ تێگەیشتنی مرۆڤ، تەنانەت وجود و ئامادەیی، لە ڕوی زهنی و ئەخلاقیەوە دادەڕێژێتەوە.

   ئەمڕۆ جیهان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، تەکنەلۆژیا تەنیا ئامرازێک نییە، مرۆڤ بۆ مەبەستی ژیان ئاسانی بەکاری بێنێت، بەڵکو بۆتە پێکهاتەیەکی شاراوە، خودی مرۆڤ سەرلەنوێ بنیات دەنێتەوە. ئێمە تەنیا لەناو شۆڕشێکی تەکنەلۆژیدا ناژین، بەڵکو لەناوەڕاستی گلۆربونەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیداین، زۆر بێ شەرمانە دەستکاری مانای ئاگامەندی، ئازادی و ڕاستی دەکات. تەکنەلۆژیای هاوچەرخ تەنیا ئەوە ناگۆڕێت کە ڕۆژانە دەیکەین، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوەمان، هەستکردنمان، تەنانەت بینینی جیهان و دەوروبەر تا دەگاتە چۆنیەتی بینینی خۆشمانی گۆڕیوە.

   لە قۆناغی پیشەسازییە کلاسیکیەکاندا، مرۆڤ لە ڕێگەی جەستەیەوە دەچەوسێندرایەوە، لە کارگەکاندا کاری دەکرد تا دەبووە دیشلێکی بچووک، لەناو ئامێرێکی ئابووریی زەبەلاحدا. بەڵام ئەمڕۆ، سیستمی سەرمایەداری، قۆناغی چەوساندنەوەی جەستەی تێپەڕاندووە، گەیشتووەتە داگیرکردنی خودی ئاگامەندیمان. مرۆڤی دیجیتاڵی تەنیا بەکاربەرێکی کاڵاکان نییە، بەڵکو خۆی بۆتە کاڵا. هەستەکانی، ترسەکانی، ئارەزوەکانی، مەیلی سیاسی، تەنیایی، دڵەڕاوکێ و تەنانەت چرکەساتی لاوازییە تایبەتییەکانیشی، دەبنە داتا و لە لایەن کۆمپانیاکانەوە کۆدەکرێنەوە، مامەڵەیان پێوە دەکرێ و دەفرۆشرێن، شیتەڵ دەکرێن و جارێکیتر بۆ پێشبینیکردن و ئاڕاستەکردنی ڕەفتارەکانی دوبارە بەکاردەهێنرێنەوە . 

   مەترسیدارترین داهێنراوەکانی شارستانیەتی دیجیتاڵی ژیریی دەستکرد نییە، بەڵکو «پرۆگرامکردنی خودی مرۆڤ خۆیەتی» ئەو مرۆڤەی وادەزانێت ئازادە لە بەردەم هەڵبژاردنی بژاردەکاندا، لە کاتێکدا لۆگاریتمەکان کۆنترۆڵی ئەوە دەکەن چی دەبینێت، چی دەبیستێت، چی تووڕەی دەکات، لە چی دەترسێت و بەچی ئاسودە دەبێت، یان ئارەزووی چی دەکات. لۆگاریتم بووەتە جۆرێکی نوێ لە دەسەڵات، دەسەڵاتێک پێویستی بە پۆلیس، زیندان، یان چاودێریی ڕاستەوخۆ نییە، چونکە لە ناوەوەی خودی ئارەزووەکانەوە کار دەکات. لێرەدا بلیمەتیی سیستمی دیجیتاڵی هاوچەرخ دەردەکەوێت: مرۆڤ سەرکوت ناکات، بەڵکو بە جۆرێک دای دەڕێژێتەوە عاشقی کۆت و زنجیرەکانی بێت .

   کاتێک میشێل فوکۆ باس لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکان دەکات وەک "کۆمەڵگەی چاودێری" دەیان ناسێنێ، کە تیایدا جەستەکان لە ڕێگەی دامەزراوەکان و دیسپلینەوە، ملکەچی دەسەڵات دەبن. بەڵام شارستانیەتی دیجیتاڵی تەنانەت ئەم مۆدێلەشی تێپەڕاندوە، چونکە دەسەڵات پێویستی بە چاودێریکردنی مرۆڤ نییە لە دەرەوە، بەڵکو دزەی کردۆتە ناو هەناوی مرۆڤ. ئەوەتا مۆبایلی زیرەک تەنها ئامرازێک نییە لە ناو دەستی مرۆڤدا، بەڵکو بۆتە درێژکراوەی خودی کۆئەندامی هەستە دەمار؛ چاوێکی تیژە هاوشانی ئەو دەبینێت، یادەوەرییەکان تۆماردەکات، لە جیاتی ئەو بیر دەکاتەوە، و لۆگاریتمێکە ڕیتمی ڕۆژەکەی و هەڵکشان و داکشانی میزاج و بیرکردنەوەکانی ئاراستە دەکات.

   مرۆڤی دیجیتاڵی بۆتە بوونەوەرێک، ئەگەرچی لە دۆخی پەیوەندیی بەردەوامدا دەژی. بەڵام لە هەمان کاتدا بەدەست تەنیاییەکی بوونگەرایی بێوێنەوە دەناڵێنێت. ملیارەها مرۆڤ بە بەردەوامی لەسەر هێڵن و قسە دەکەن، بەڵام گوێ ناگرن و نابیستن. هەمووان بەردەوام لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندیدان، بەڵام لە هەمان کاتدا تەنیایی گەمارۆی داون . ئەو فەزا گشتییەی یۆرگن هابەرماس خەونی پێوە دەبینی، وەک مەیدانێک بۆ دایالۆگی عەقڵانیی ئازاد، ئێستا گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی گەورەی ژاوە ژاوی هەڵچوونەکان. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بایەخ بە بیرکردنەوەی قووڵ و کاری جدی نادەن، بەڵکو پاداشتی ورووژاندن و چەلەحانێ و پوچگەرایی و جەمسەرگیری و تووڕەیی دەکەن، چونکە ئەم تایپە لە مرۆڤی سەردەم، کاتێکی درێژتر لە بەردەم شاشەکاندا دادەنیشێ و داتا و قازانجی زیاتر بە پلاتفۆرمەکان دەگەیەنێت.

   ئەوەتا سیاسەت، وەک باڵاترین فەزیلەت، هێدی هێدی دەگۆڕێت تەنها بۆ نمایشێکی بینراوی سەر ستەیج، سەرکردەکان لە ڕێگەی "ترێندەکانەوە" بەرهەم دێن، جەماوەر لە ڕێگەی سۆزی دیجیتاڵییەوە ئاڕاستە دەکرێت، ڕاستیش لە ڕێگەی خێرایی و زۆری ( لایک و ڤیو ) دیاری دەکرێت، نەک بە هێزی لۆژیک و بەڵگەکان. دیموکراسی تەنیا لەلایەن تانک و دیکتاتۆرەکانەوە هەڕەشەی لەسەرنیە، بەڵکو ئەمڕۆ زیاتر لەلایەن لۆگاریتمەکانەوە دەخرێتە ژێر مەترسییەوە. شارستانیەتی داهاتوو وەک ئەوە وایە بەرەو جۆرێکی نوێ لە کۆیلایەتیی نەرم هەنگاو بنێت، کۆیلایەتییەک مرۆڤ هەستی پێ ناکات، چونکە خۆبەخشانە بەشدارە تیایدا.

لە ڕابردودا، دیکتاتۆرەکان لە ترسی هۆشیاربونەوەی کۆمەڵگاکان کتێبیان دەسوتاند، بەڵام ئەمڕۆ پێویست بە سوتاندن وسانسۆر ناکات، چونکە مرۆڤ خۆی نوقمی دەریایەکی بێبنی زانیاریی سەرپێیی بوە، ڕێگری لە بیرکردنەوەی قوڵ دەکات. ئێمە چوینەتە ناو سەردەمی «هەڵڕژانی نەزانین»، سەردەمێک  مرۆڤ بە خێرایی لە هەموو شتێک دەزانێت، بەڵام بە قووڵی بەرامبەرهیچ شتێک ئاگامەند نیە.

نیچە پێی وابوو مەعریفەی ڕاستەقینە پێویستی بە توانای تێڕامان، هەرسکردن و گۆڕینی ناوەکی هەیە. بەڵام مرۆڤی دیجیتاڵی لەناو لێشاوێکی شێتانەی زانیارییەکاندا دەژی، تا وای لێدەکات نەتوانێت دیدگایەکی یەکگرتوو بۆ جیهان بونیاد بنێت.  مەعریفە بەکاردەهێنێت وەک چۆن گرتەی ڕیلز و وێنە خێراکان بەکاردەهێنێت، بێ قووڵایی، بێ یادەوەری، و بێ هیچ کاریگەرییەکی ڕۆحی.

   مەترسیدارترین شت شارستانیەتی دیجیتاڵی دەیکات، ئەوە نییە کات لە مرۆڤ دەدزێت، بەڵکو لە هەموی مەترسیدارتر ئەوەیە، پەلاماری تەنیایی و بێدەنگییەکەی دەداو داگیری دەکات. هەرکاتێک مرۆڤ بێدەنگیی و تەنیایی خۆی لەدەستدا، ئەوە توانای بیرکردنەوەشی لەدەست دەدات. تراژیدیاکە لە خودی تەکنەلۆژیاکەدا نییە، بەڵکو لە گۆڕانیەتی بۆ ئایدۆلۆژیایەکی گشتگیر، کە پێناسەی مرۆڤ بەپێی لۆژیکی بازاڕو داتاکان دوبارە کۆنترۆڵ دەکاتەوە.

تەکنۆلۆژیا دەکرێت ئامرازێک بێت بۆ خۆشگوزەرانی، یان پێشکەوتووترین شێوازی هەژموون بێت لە مێژوودا. هەموو شتێک بەندە بە وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتییەوە: ئایا مرۆڤ تا کەی وەک کەێخاو سەرداری ئامێرەکان دەتوانێ بمێنێتەوە؟ یاخود لە کۆتایدا دەبێتە پاشکۆیەک لە ناو دونیای تەکنۆلۆژیادا ؟. داهاتوو تەنیا جەنگێک نیە لەنێوان مرۆڤ و ئامێردا، بەڵکو جەنگێک دەبێت لە نێوان مرۆڤ و خودی خۆیدا، لە نێوان ئارەزوی بۆ ئازادی و ئارەزوی بۆ ئارامی و ئاسودەیی، لە نێوان ئاگامەندی ڕەخنەگرانە و تەسلیمبوونی خۆبەخشانە بۆ لۆگاریتم .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی