ڕامانێک لە قەیرانی سەرکردایەتی و نەخوێندەواری سیاسیەکانی کورد !!

3 کاتژمێر پێش ئێستا

محمد خۆشناو

 

کێ هەیە لەو کاتەی ئێستا هەست بە بێئومێدی نەکات لە ئەدای زۆرینەی سەرکردایەتی و سیاسیەکانی کورد !! ئایا سیاسیەکانی کورد دەخوێننەوە و پەنا بۆ کەسانی ڕۆشنبیر دەبەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان ؟! کێ هەیە هەست بەوە ناکات کە توانای فکری سەرکردایەتی ئێستای ئێمە لەڕادەبەدەر کەمە !!

لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و زۆرینەی ساڵانی شەستەکان ژەنەڕال شارل دیگۆل فەرمانڕەوایی فەڕەنسای کرد ، دیگۆل ڕۆشنبیرێکی بەتوانا بوو و خاوەن تێڕوانینێکی وورد بوو بۆ ميژووی وڵاتەکەی و نیزامی نێودەوڵەتی ، دیگۆل پەنای بۆ ڕۆشنبیر و ڕۆمانووسی بەناوبانگی فەڕەنسی« ئەندرێ مالڕۆ »برد و کردیە وەزیری ڕۆشنبیری و لەزۆرینەی کێشە و گرفتەکان پرسی بەو و ڕۆشنبیرانی تر دەکرد ، هەروەها جۆن کینیدی سەرۆکی پشووتری ئەمەریکا ، «مەکگۆرک بۆندی» عەمیدی پێشووی زانکۆی هارڤارد-ی هێناو کردیە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ، بەهەمان شێوە دەیان لە وڵاتان و حکومەتانی دونیا هانایان بۆ ڕۆشنبیرانی وڵاتەکایان بردووە بۆ پرس و وەرگرتنی ڕای ئەوان ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەک هەر خەڵک بەڵکو زۆرینەی سیاسیەکان جگە لەوەی کە ناخوێننەوە ، ئەوەی بایەخی نەبێت لە کن ئەوان ڕۆشنبیری و هونەرە !!

چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڤیدیۆیەکم بینی لە چین خەڵک سڕەیان گرتبوو وامزانی سڕەی سەمونە کەچی دەرچوو سڕەکە بۆ کتێبخانە و خوێندنەوەی کتێب بوو !! باشە چۆن سیاسیەکانی کوردستان گەشە بە بیر و خەیاڵی خۆیان دەدەن ؟!

خوێندنەوە چارەنوسی میللەتان دروستدەکات و ، سیاسەت هەرتەنها ئامرازێکی دەسەڵات نیە و مانۆریش نیە لەنێوان بەرژەوەندیە هاودژیەکان ، سیاسەت لەسەر عەقل بونیاتنراوە ، فەیلەسوفە یۆنانیە سوقڕاتیەکان دەڵێن : سیاسەت کردارێکی کۆمەڵایەتیە و سەر بە کرداری هێزی عاقلمەندە ، واتە مەعریفە و خوێندنەوە و وانە وەرگرتن ، خوێندنەوە لە جەوهەردا بریتیە لە زانینی مرۆڤ و مێژوو و کۆمەڵگا ، بۆیە ئەو سەرکردیەی کە دەخوێنێتەوە جیایە لەگەڵ ئەوەی لە مینبەرەکان هاواردەکات و خەریکی هەراوهۆریای ڕووداوەکانە ، وینستون تشرشل-سەرەک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا دەڵێت ؛( سیاسەتمەداری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە پێشبینی ئەوەدەکات کە سبەی چی ڕوودەدات ، پاشان شەرحی ئەوە دەکات کە لەبەچی ڕووینەدا ) ، مانای ئەوەیە کە سیاسەت کچی بیروهزری دوورمەودایە و ، ئەو بڕیارانەی کە چارەنوسی گەلان دەگۆڕێت هەرتەنها لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لەدایک نابێت ، بەڵکە لەو عەقلانە پەسند دەبێت کە ڕەگوڕیشەی بەخوێندنەوە و ڕامان پێکهاتووە ، ئەو سیاسیەی کە ناخوێنێتەوە وەک ئەو دەریاوانە وایە لە لە دەریایەکی نادیاردا کەشتیەکە لێخوڕێت بێ ئەوەی نەخشەی لەکن بێت ، لەوانەیە جارێک ڕزگاری ببێت ، بەڵام هەمیشە زیندانی چرکەساتە و ڕوئیایەکی سنوورداری هەیە و بێتوانایە لە پێشبینیکردنی ئەوەی لە پشت ئاسۆیە ، ئەوەی خوێندنەوە دەبەخشێتە سیاسەتمەدار هەرتەنها ئەزموونی ڕۆژانە نایداتێ ، بەڵکو ئاسۆی مێژوویی فراوان دەکات و وایلێدەکات لێکچوونی ڕووداوەکان و جیاوازی کاتەکان ببینێت و ، کاتێک لەسەر مێژوو دەخوێنێتەوە دەزانێت کە قەیرانەکان نوێ نین و ، نەتەوەکان زۆر تووندتر لەو دۆخەی کە ئێستا ڕوبەڕووی بۆتەوە تێپەڕیون ، خوێندنەوە لەکن سیاسی ئامرازێکە لە ئامرازەکانی دەسەڵات ، ئەگەر سەیری ژیاننامەی سەرکردەکان بکەین بە دیکاتۆر و ستەمکار و ئینسانی و نیشتیمانپەروەر ، هەر هەموویان زۆریان دەخوێندەوە ، ئەبڕاهام لینکۆڵن ، هیتلەر ، تشرشل ، دیگۆڵ ، ستالین و خرۆتشۆف ، ئۆباما و ماکڕۆن و….تاد.

ميژوو تەئکید لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئەو سەرکردانەی گۆڕانکاریان لە سەراپای ڕووداوەکاندا کردووە ئەوانەن کە کوڕی مەعریفەی فراوان و خوێندنەوەی قووڵن ، کتێب دەسەڵات نابەخشێت ، بەڵام تێڕوانین دەبەخشێت ، لەنێوان ئەو سیاسەتمەدارەی کە بایەخ بەڕۆشنبیری و خوێندنەوە دەدات لەگەڵ ئەوەی هەرتەنها خەریکی ئیدارەداری ڕۆژانەیە ،دووری وکو دووری نێوان ئەوەی کە سەیری ڕێگای ژێر پێی و ئەوەی سەیری ڕێگا بەدرێژایی دوا ئاسۆ دەکات وایە .


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی