ئۆپەراسیۆنی سەدە، لەتاقیکردنەوەی میدیادا.

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق

هەمیشە لەگەڵ هاتنی هاویندا، عیراقیەکان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی مێژووی کودەتا خوێناوییەکانی مانگی تەموز هەیە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆی بەغداد، مژدەی بەهێزترکردنی پایەکانی دەوڵەت و سەروەریی یاسای پێ بوو.
ئەوەی لەم نێوەندەدا، جێگەی سەرنج بوو، ناپیشەییبوونی بەشێکی زۆری میدیاکانی کوردستان بوو، لە ڕووماڵکردنی  ڕووداوی ئەم بەرەبەیانیەدا، بڵاوکردنەوەی ناوی کۆمەڵێك پەرلەمانتار کە بەپێی یاسا پارێزبەندییان هەیەو هێشتا هیچ بڕیارێکی دەستگیرکردنیان بۆ دەرنەچووە (بەڵکو بەشێکیان خۆیان سکاڵاکار یان قوربانی بوون) پێشێلکارییەکی ڕوونی کاری ڕوژنامەوانییە.
لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە بە نهێنی بەڕێوەدەچن، پەلەکردنی میدیایی تەنها زیان بە ڕەوتی یاسایی دۆسیەکان دەگەیەنێت، ئەمڕۆ ململانێی سیاسی لە هۆڵەکانی پەرلەمانەوە گوازراوەتەوە بۆ جیهانی دیجیتاڵی،  سیاسییەکان لەجیاتی کێبڕکێ لەسەر خزمەتکردنی خەڵك، لە ڕێگەی پەیجە سێبەرەکانیانەوە شەڕی دەروونی دەکەن و دەیانەوێت گەندەڵی و شکستی خۆیان بشارنەوە، ئەوان میدیای بێئاگا وەك چەکێك بۆ شێواندنی ناوی یەکترو دروستکردنی گوشار بەکاردەهێنن.
ئەگەر سەیری سەرەداوی ئەم کەیسە بکەین، پرۆسەکە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیری پێشووەوە لەژێر ناوی دۆسیەی (محەمەد جوحی) دەستی پێکرد، پاشان گەیشتە دەستگیرکردنی بریکاری وەزیری نەوت و ئەمڕۆش قۆناغێکی پێشکەوتووی بەخۆیەوە بینی، بێگومان ئەم هەڵمەتە کەپشتگیرییەکی بەهێزی ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپشتە، دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیر بۆ واشنتنیش هەر بەردەوام دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە تاڵانکردنی سامانی گشتی.
ئەم هەڵمەتە باهۆزێکی نێودەوڵەتییەو لەداهاتوودا هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە میدیای کوردی پلانێکی ووردو قووڵی هەبێت، پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستێت و لە حوکمی پێشوەختە دووربکەوێتەوە، یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی، شەڕی نێوان بەرەی خێرو شەڕە،  ئەرکی میدیاش لەم شەڕەدا تەنیا بێلایەنی و گواستنەوەی ڕاستییەکانە وەك خۆی.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی