یۆڵداشی کوردان و کۆماری تورکان

6 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەدعەلی دەستماڵی


یۆڵ لە زمانی تورکیدا هەمان ڕێگای خۆمانە و "یۆڵداش" هاوڕێیە. بەڵام ئەم وشەیە بۆ هاوڕێیەتییەکی سادە و ساکار نییە و لە ئەدەبیاتی سیاسی تورکیادا، زۆرتر لە لای چەپ و کۆمۆنیستەکان باوە کە بە یەکدی ئەڵێن: "یۆڵداش".
ئێ؟
کێیە یۆڵداشی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا؟
دیارە هەر باسی چەپی تۆخی کۆمۆنیست ئەکەم. لە ڕاستیدا باسی ئەو لایەنە کۆمۆنیستییانە ئەکەم وا لەگەڵ پەکەکدا پێوەندییەکی پەنجا ساڵەیان هەیە.
خۆی لە خۆیدا، پەکەکە بە پێچەوانەی هەموو بزاڤە کوردیەیکانیتر، نەک لە نێو کانگای شۆڕشی کوردییەوە بەڵکو لە ناو دڵی شۆڕشی "چەپی تورک" سەری دەرهێناوە. (تێگەیشتن لەم خاڵە، لە ئێستاشدا بۆ ناسینی ویست و پرۆگرام و ئاکارەکانی ئۆجالان و پەکەکە و دەمپارتی، یەکجار گرینگە).
وەکو ئاماژەم پێدا، پەکەکە لە دڵی شۆڕشی چەپی تورک سەر دەرهێنا. هەر بۆیە لە ڕووی هزری و کەوتنە سەر ڕێگای شۆڕشەوە، لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورت، پەکەکە قەرزداری چەپی تۆخ و کۆمۆنیستەکانی تورکیا بووە. بەڵام هەتا ئیستا، سەد قاتی قەرزەکەی داوەتەوەو بە درێژایی سالان کۆمۆنیستی لە سەر شان گرتووەو بە دەنگی کورد، ئەوانی بردۆتە ناو پەرلەمانی تورکیاوە.
بەس ئەوندە؟
نە بە قوربان! ئەو یۆڵداشە چەپ و کۆمۆنیستانە لە لای کورد هێندە قەدریان لێگیرا تەنانەت دوای ئەوەی دەمیرتاش رەوانەی زیندان کرا، کابرایەکی چەپی تورک بە ناوی سەزایی تەمەللی، کرایە سەرۆکی هەدەپەی ئەوکاتە! لە ڕستیدا، کورد تەنیا گەل و نەتەوەی مێژووی مرۆڤایەتییە وا بە شۆڕش و خوێن و ئازار و چەرمەسەری مۆڵەتی دامەزراندنی پارتی یاسایی و لێگال وەرئەگرێ بەڵام سەرۆکایەتی ئەو پارتە ئەداتە دەستی تورکێک! (بۆ ئاگاداریتان تەنانەت لە ڕۆژئاوا، پەیەدە بۆ ماوەی چەند ساڵ بارەگا و شوێن و ئیمکانی خستە بەردەستی پارتە کۆمۆنیستە چەکدارەکانی دژبەری تورکیا بۆ وێنە مەلەکەپە یان MLKP!)
بەس ئەوندە؟
نە بە قوربان، چەنگیز چاندار نووسەری چەپی تورک  لە لیستەی دەمپارتییەوە وەک نوێنەری شاری دیاربەکر ڕەوانەی پەرلەمان کرا.
بەس ئەوندە؟
نە کاکە ماویەتی. سێ تورکی کۆمۆنیستیتر بە دەنگی کوردان و وەک نوێنەری پارتە کوردییەکەی دەمپارتی چوونە پەرلەمان، بەڵام هەر سەریان کردە دەرگای پەرلەماندا وتیان: یۆڵداش گیان ببوورن ئیمە لە ئێوە جیا دەبینەوەو فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا (ئیشچی پارتی) لە پەرلەماندا ڕادەگەینین! وەکوو سابڵاغی ئەڵێن؛ ححححا!
هەر بەڕاست؟ بەڵێ. ڕێک ئەمە ڕوویدا.
ئاراستەی تازەترین تیری یۆڵداشە تورکەکە لە دڵی کورد
ئایا ئەگەر دەنگی کورد و ویست و خوازی پەکەکە و دەمپارتی نەبوایە، ئەرکان باش سەرۆکی پارتی کرێکار، ئەیتوانی بە لای شەقامەکەی پەرلەمانی تورکیادا تێپەڕێ؟
نەخێر. بێگومان نەیدەتوانی.
ئایا ئەرکان باش و هاوڕێکانی ئەو، بە چاکە و پشتیوانی و هاودڵی بۆ کورد و کوردستان، وەڵامی ئەو هەوموو دەنگدان و لوتف و سەخاوەتەیان دایەوە؟
نەخێر. قەت.
ئەو یۆڵداشانە هیچ جۆرە هەنگاوێکی جوامێرانەیان بۆ کوردان هەڵنەگرت و خودی ئەرکان باش سەرۆکی پارتی کرێکار و یۆڵداشە تورکەکەی دەمپارتی، جۆرە تیرێکی ڕەوانەی دڵی کوردان کرد، زۆر پیستر و تیژتر لەوەی وا لە بەیتی کوردی لاس و خەزاڵدا بە "تیری چڵکنان" ناوی لێدەبرێ.
بەڕاست؟ چیکرد ئەو نایۆڵداشە؟
لە گفتگۆیەکی کراوەی ڕۆژنامەوانیدا، پرسیاریان لێکرد: بەڕیز ئەرکان باش! ئەوا ئیستا کورد لە تورکیا داوای ئەوە ئەکات کە تورکیا ببێتە خاوەن کۆمارێکی دیمۆکراتیک. ئەیانەوێ کۆی ئەو مافانە وا بە تورکێک ئەدرێت، هەمان شت بۆ کوردیش ڕەچاو بکرێت. ئایا بەڕای تۆ، بۆی هەیە لە داهاتوودا کورد تەنانەت ببێتە سەرۆک کۆماری تورکیا؟
ئەرکان باش: دیارە ئەگەر دەمپارتی لەداهاتوودا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێتی، کەسێک بکاتە بەربژێر کە بە زمانی کوردی قسە بکات، ئەوا نابینە شەریک و پشتیوانی ناکەین.
ئاگات لێیە مامە گیان؟!
ئەوە وەلامی یۆڵداشە کۆمۆنیستەکە بوو!
لە ئەرکان باش پرسیار بکەین: ئەگەر دەمپارتی کوردێک بکاتە بەربژێری سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆچی دەنگی پێنادەی؟ ئەی کوردان بۆچی دەنگیان بە تۆ و هاوڕێکانتدا و بە دەنگی دەمپارتییەوە چوویە پەرلەمانەوە؟ مادام تۆش ڕێک وەکوو تورکێکی نەژادپەرەست بیر ئەکەیتەوە، بۆ ئەڵێی کۆمۆنیستم؟
هیچکام لەم پرسیارانە وەڵامیان نییە. ئەزانن بۆ؟ چونکا یۆڵداشە کوردەکە، نەیویست بەم پرسیارە وشک و ڕەقانەوە دڵی یۆڵداشە تورکەکە بشکێنێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی