من ناوم لیژنەیە، بنەچەکە مێژووییەکەم و هەواری لە دایکبوونم وڵاتێکە، ئەو
وڵاتەی عەرەبی چاوڕەش پێی دەڵێن شیمال و سیاسییە کوردەکانیش ددانی پێدانانێن، بۆیەش
دابەشیان کردووەتە سەر دوو زۆنی سەوز و زەرد. منی لیژنە لەسەرەتادا کێشەم لەگەڵ هیچ
کەسێک نەبوو، ئاخر هەرگیز نەمەڕ و بزن و کەر و گۆلک و مانگام بەردابووە ناو لەوەڕگای
هیچ کەسێک و نە پوش و پاوانی هیچ کەسێکم سوتاندبوو، نە ئاوبڕیشم لەسەر زەوی و زار
و کێڵگەی کەس کردبوو. لەوەتەی بە بیرم دێت نەهێللانە پەڕەسێلکەم تێکداوە و نەلێفەشڕەم
لەسەر منداڵی هەتیوان لابردووە و نەپێخوستی شارەمێروولەشم کردووە، بەڵام بەڕاستی
حزبی و سیاسییەکان ناهەقییەکی گەورەیان لەگەڵ کردم، بەدبەخت و چارەڕەش و ناوبەد و
سووک و ڕسوایان کردم. کردمیان بە ڕەمز و هێمای درۆی گەورە، وایان لێ کردم لەسەر سەکۆی
هەر مزگەوتێک، لە هەر گوندێک، لە دیوەخانی هەر ئاغایەک، لە حوجرە و تەکیە و خانەقای
هەر شێخێک، لە کوچە و کۆڵانی هەر شارێک، لە هەر ئاوەدانییەک دەربکەوم، خەڵکی بە
چاوی سووک و وەکو ڕیاکار و درۆزن و بەدفەساڵ سەیرم بکەن. منداڵان بە هۆیها بەدوام
دەکەون. دایکانی سەربەرماڵ دوای نوێژکردن دەستەودوعا دەوەستن و دەڵێن خوایە
بمانپارێزیت لە لیژنە. عاشقان کە مەوعیدی ژوان دادەنێن بە یەکتری دەڵێن وریابە لیژنە
نەمان بینێت، چونکە پێیان وایە دوژمن و دڕکی نێوان مەم وزین لیژنە بوو نەک بەکرە شۆفار.
من ناوم لیژنەیە و بەردەوام هەواڵی بەپەلە و مانشێتی ڕۆژنامەکان و ژێرنووسی تەلەفزیۆنەکان
و وسەردێڕی هەواڵی هەموو میدیاکانم، کەچی کەس باوەڕم پێناکات و هەرچی خەڵکێک گوێبیستی
ناوم ببێت، پێم پێدەکەنێت. منداڵەوردکە لە کوچەوکۆڵان بە جنێو و درۆزن دوام دەکەون.
بەڵێ چیڕۆک و حیکایەتی من تاڵ و خەمناکن دەزانن بۆ؟ ئاخر زۆر لە دەستڕۆیشتووەکان و
بەڕێوەبەری فەرمانگەی سیاسی و کارگێڕی و سەرۆک زانکۆکان، بەڕێوەبەری قوتابخانە و
کارگە و سوپەرمارکێت و زۆر لە یەکە ئیدارییەکانی ئەم دەڤەرە بۆ داپۆشینی گوناهەکانیان،
بۆ پەردەپۆشکردنی بەدکاریەکانیان، بۆ جوانکردنی ناشیرینی و ناشیرینکردنی جوانییەکان
و بە هاوسەنگنیشاندانی تەرازووی ناهاوسەنگی سیاسییان، بە درۆنیشاندانی ڕاستی و بەڕاستی
چواندنی درۆ، بۆ هاوشانکردنی سیخی تیژی زوشک و پەڕی نەرمی باڵندە، بۆ تاوانبارکردنی
بێتاوان و بە فریشتە نیشاندانی تاوانبار من ڕادەسپێرن و کارە چەوت و چەوێڵ و ناهەقییەکانیان
بە من دەسپێرن. دوا کار کە پێیان کردم، لەسەر کێشەی نێوان مریشک و ڕێوی بوو. ڕاپۆرتێکیان
پێ نووسیم، کە تاوانباری گەورە مریشکە، چونکە لە شیرینە خەودا هێرشی کردۆتە سەر
کولانەی ڕێوی.چونکە بەرلەوەی من ی لیژنە دەست بەکار بم بڕیارەکان دراون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی