زەیدی و ستراتیژی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری

6 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح


پوختە
لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦، عێراق گۆڕانێکی گرنگی بەخۆوەبینی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ژێر چەتری هەیئەی حەشدی شەعبی. حکومەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، هەوڵ دەدات لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، میکانیزمێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت جێبەجێ بکات. ئەم میکانیزمە، کە لەم توێژینەوەیەدا بە ناوی هاوکێشەی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری ناسراوە، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە بەشێک لە هێزە چەکدارەکان ئامادەبن توانا سەربازییەکانیان کەم بکەنەوە، لەبەرامبەر بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان. 
ئەم نوسینە هەوڵ دەدات ئەم ستراتیژییە لە ڕوانگەی ئابووری سیاسی، ئاسایشی نیشتمانی و هاوکێشەکانی هێزی هەرێمایەتی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە، و هەروەها کاریگەریی فشاری دارایی ئەمریکا، ڕۆڵی ئێران لە بەڕێوەبردنی تۆڕی هاوپەیمانەکانی، و دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانە بۆ داهاتووی دەوڵەتی عێراق شی بکاتەوە.
توێژینەوەکە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە کەمکردنەوەی ڕۆڵی سەربازی میلیشیاکان بە مانای لەناوبردنی هەژمونی ئەوان نییە، بەڵکوو لەوانەیە ببێتە هۆی گواستنەوەی سەنگی هێز لە بواری سەربازی بۆ بواری ئابووری و سیاسی. بەم شێوەیە، دەکرێت جۆرێکی نوێ لە ئۆلیگارشی ئەمنی ـ ئابووری لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست ببێت.
پێشەکی
 لەگەڵ ڕزگارکردنی زۆرینەی خاکی عێراق لە دەستی داعش، هەیئەی حەشدی شەعبی لە هێزێکی کاتیی دژی تیرۆر گۆڕا بۆ دامەزراوەیەکی فرە ڕەهەند کە تەنها لە بواری سەربازی کاریگەر نەبوو، بەڵکوو بوو بە یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی هێز لە ناو سیستمی سیاسی و ئابووری عێراق.
لە ماوەی دوای ساڵی ٢٠١٧، هێزەکانی حەشدی شەعبی تەنها پشتیان بە بودجەی حکومەت نەدەبەست، بەڵکوو دەستیان کرد بە دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی کۆمپانیا، دامەزراوەی بازرگانی، پڕۆژەی بیناسازی، گواستنەوە، بازرگانی دەرەکی و بەڕێوەبردنی سنوورە بازرگانییەکان. ئەم گۆڕانکارییە وای کرد حەشد لە هێزێکی سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی ئابووری ـ سیاسی کە دەتوانێت بەبێ پشتبەستن بە بودجەی دەوڵەتیش هەژموونی خۆی بپارێزێت.
لە هەمان کاتدا، ستراتیژی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق گۆڕانکارییەکی گرنگی بەسەردا هات. واشنگتۆن کە لە ڕابردوودا زیاتر پشتی بە هێزی سەربازی دەبەست، ئێستا زیاتر پشت بە جەنگی دارایی و سزا ئابوورییەکان دەبەستێت، بۆ ئەوەی تۆڕە دارایی و ئابوورییەکانی ئەو هێزانە لەکاربخات.
لە ناو ئەم بارودۆخەدا، حکومەتی عێراق هەوڵی دا بە شێوەیەکی ئارام، هاوسەنگییەک لەنێوان داواکارییەکانی واشنگتۆن، بەرژەوەندییەکانی ئێران و پێویستییەکانی ئاسایشی ناوخۆیی دروست بکات. بەرهەمی ئەم هەوڵە، ستراتیژی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری دا بوو. 
پرسیاری سەرەکی ئەم نوسینە ئەمەیە: ئایا ستراتیژی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری دەتوانێت هێزە چەکدارەکانی عێراق بخاتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، یان تەنها دەبێتە هۆی گواستنەوەی هەژموونی ئەو هێزانە لە بواری سەربازی بۆ بواری ئابووری و سیاسی؟
ئابووری سیاسیی حەشدی شەعبی و گۆڕانی هێزە چەکدارەکان بۆ هێزی ئابووری
1. لە ئابووری جەنگ بۆ ئابووری نفووز: هەیئەتی حەشدی شەعبی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە ساڵی ٢٠١٤، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە سەرچاوە دارایییەکانی دەوڵەت و یارمەتیی ئێران بەستووە. ئەو بارودۆخە تا ئەو کاتە بەردەوام بوو کە داعش بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراقی کۆنترۆڵ کردبوو و هێزەکانی حەشدی وەک هێزێکی جەنگیی، پێویستی بە پشتگیریی دارایی و لۆجستی هەبوو. بەڵام دوای سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعش، ژینگەی ستراتیژی عێراق گۆڕا. لە کاتێکدا مەترسیی هەڕەشەی سەربازی کەمتر بوو، پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو کە چۆن ئەو هێزە چەکدارانە دەتوانن هەژموونی خۆیان لە داهاتوودا بپارێزن؟ وەڵامی زۆربەی هێزەکان بریتی بوو لە گۆڕینی بنەمای هێز؛ واتە لە پشتبەستن بە هێزی چەک بۆ پشتبەستن بە هێزی ئابووری بوو بەهۆی ئەوە، ژمارەیەک لە هێزە سەرەکییەکان دەستیان کرد بە دامەزراندنی کۆمپانیای بیناسازی، کۆمپانیای گواستنەوە و لۆجستیکی، دامەزراوەی بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمپانیای نەوت و وزە، پڕۆژەکانی دروستکردنی خانوبەرە، دامەزراوەی خزمەتگوزاری. ئەم تۆڕە ئابوورییە بەتێپەڕبوونی کات بوون بە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی هێزی سیاسیی.
2. ئیمپراتۆرییە ئابوورییەکان چۆن دروست بوون؟ لە زانستی ئابووری سیاسی، هێزی چەکدار کاتێک دەبێتە کارتەری سەرەکی، کە بتوانێت سەرچاوەی داراییی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دابین بکات. لە عێراق، ئەو گۆڕانکارییە لەسەر چەند بنەمایەک وەستاوە.
‌أ. کۆنترۆڵکردنی سنوورە بازرگانییەکان: ژمارەیەک لە هێزەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر هاتووچۆی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران و هەندێک سنووری سوریا هەبوو. ئەمە دوو ئامانجی هەبوو: داهاتێکی بەردەوام و کۆنترۆڵکردنی زنجیرەی گواستنەوەی کاڵاکان.
‌ب. گرێبەستە حکومییەکان: دوای ساڵی ٢٠١٨، زۆرێک لە کۆمپانیاکانی نزیک لە هێزەکان توانیان بەشێکی گرنگ لە گرێبەستەکانی وەزارەتەکان و پارێزگاکان بەدەست بهێنن. بە شێوەیەکی تایبەت: بیناسازی، ڕێگاوبان، کارەبا، و خزمەتگوزاری شاروانی. بە پێی هەندێک توێژینەوە، ئەو گرێبەستانە تەنها داهات نەبوون، بەڵکوو ئامرازێک بوون بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان.
‌ج. دامەزراندنی کۆمپانیای وەک ناونیشانی یاسایی: بەشێکی زۆر لە چاودێرانی ئابووری باوەڕیان وایە کە هەندێک لە دامەزراوە ئابوورییەکان بە ناوی کۆمپانیای تایبەت کاردەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکن لە تۆڕی داراییی هێزەکان. ئەم جۆرە کۆمپانیایانە چەند ئەرکیان هەیە لەوانە گواستنەوەی پارە، پاراستنی سامانی هێزەکان، بەشداری لە پڕۆژە حکومییەکان و بەکارهێنانی سیستمی بانکی.
3. هێزی ئابووری و هێزی سەربازی: لە ڕابردوودا، چەک سەرچاوەی سەرەکیی هێز بوو.بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە. هێزەکان تێگەیشتوون کە سامانی ئابووری دەتوانێت چەک بپارێزێت، بەڵام چەک بە تەنها ناتوانێت سامانی ئابووری بپارێزێت.بە واتایەکی تر، ئەگەر هێزێک تۆڕێکی ئابووریی بەهێزی هەبێت، دەتوانێت هێزی نوێ ڕاکێشێت، توانای لۆجستیکی دابین بکات، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دروستبکات و کاریگەریی سیاسی دروست بکات. هەر بۆیە، ئابووری بوەوە بەبنەمای نوێی هێز.
4. بۆچی واشنگتۆن ستراتیژی خۆی گۆڕی؟ لە سەرەتادا، ئەمریکا هەوڵیدا بە کوشتنی فەرماندەکان و بۆردومانی بنکەکان هەژمونی هێزەکانی حەشدی شەعبی کەم بکاتەوە، بەڵام دوای چەند ساڵ، واشنگتۆن گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی فەرماندەکان دەتوانرێن جێگایان بگیرێتەوە و دەتوانرێت دووبارە چەکیش دابین بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر سەرچاوەی دارایی وشکبکرێت، بەردەوامبوونی تۆڕی هێزەکان زۆر دژوار دەبێت، لەبەر ئەوە، ستراتیژی ئەمریکا لە  بەکارهێنانی هێزەوە گۆڕا بۆ گەمارۆی دارایی.
5. جەنگی دارایی:  ئەم جەنگە بە هێزی سەربازی ناکرێت چەکی ئەم شەڕە بریتییە لە سزا دارایی؛ چاودێریی بانکی؛ ڕێگرتن لە هاتنی دۆلار؛ بەستنەوەی هەژمارە بانکییەکان؛ و دانانای کۆمپانیاکان لە لیستی ڕەش. لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەمریکا دەیەوێت بنەمای ئابووریی هێزەکان لەکاربخات، چونکە ئەو بنەمایە زیاتر لە چەک، بەردەوامیی هەژموونیان دابین دەکات.
6. هاوکێشەی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری واتای چییە؟ ئەو ستراتیژییەی حکومەتی عێراق پێشنیازی کردووە، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە دانوستان لەسەر گۆڕینی جۆری هێز. واتە: دەوڵەت داوا دەکات هێزەکان چەکی قورس ڕادەست بکەن. لەبەرامبەر دا، ئامادەیە ڕێگا بۆ بەردەوامبوونی بەشێک لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان بکاتەوە. بە واتایەکی تر، حکومەت دەیەوێت لە هاوکێشەی چەک بەرامبەر هەژمون بگاتە هاوکێشەی چەک بەرامبەر هێزی ئابووری.  
بەشی سێیەم
ستراتیژی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری لەنێوان فشاری ئەمریکا و گونجانی ستراتیژیی ئێران
یەکەم: گۆڕانی ستراتیژیی ئەمریکا لە بەرامبەر هێزە چەکدارەکان: دوای نزیکەی دوو دەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، واشنگتۆن گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە تەنها ناتوانێت ئەو تۆڕە لەهێز و بەرژەوەندییانە لەناوببات کە لە عێراقدا دروست بوون. بۆیە، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٢٠ و بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٢٣، سیاسەتی ئەمریکا ئاراستەیەکی نوێی وەرگرت و جەختی لەسەر ئامرازە دارایی و ئابوورییەکان کردەوە.
ئەم گۆڕانە تەنها تاکتیکی نەبوو، بەڵکوو گواستنەوەیەک بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دارایی. ئامانجی سەرەکی ئەم ستراتیژییە ئەوە بوو کە بنەما ئابوورییەکانی هێزەکان بخرێنە ژێر فشار، چونکە ئەو بنەمایە هۆکاری سەرەکیی بەردەوامبوونی هێزانە بوو. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، وزارتی گەنجینەی ئەمریکا و دامەزراوە دارایییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام سزا و سنووردارکردنیان بەسەر کۆمپانیا، بانك و کەسانی پەیوەست بە تۆڕی ئابووریی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەپاند. هەروەها، کۆنترۆڵی گواستنەوەی دۆلار بۆ ناو عێراق توندتر کرا و هەوڵ درا ڕێگا لە سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی نایاسایی بگیرێت. لە ڕوانگەی ئەمنی و ستراتیژییەوە، ئەم جۆرە فشارانە کاریگەرییەکی قووڵتریان هەیە، چونکە نەتەنها بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵکوو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن توانای هێزەکان لە پاراستنی تۆڕە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان کەم دەکاتەوە.
دووەم: تیۆرەی دەوڵەتی بریکار و ڕۆڵی ئێران: بۆ تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی ئێران، باشترین چوارچێوەی تیۆری، تیۆری دەوڵەتی بریکارە. بەپێی ئەم تیۆرییە، دەوڵەتێک بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی، پشت بە گرووپە ناوخۆییەکان دەبەستێت و متمانەیان پێ دەکات. ئەم گرووپانە دەبنە بریکار و دەوڵەتی پشتگیریلێکەر دەبێتە پارێزەر.
لە حاڵەتی عێراق، ئێران لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەوڵیداوە تۆڕێک لە هێزی سیاسی و چەکدار دروست بکات تا بتوانن لە کاتی پێویستدا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران بپارێزن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات هێز بەشێوەی ڕاستەوخۆ تێوەبگلێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە هەمیشە پەیوەندییەکی یەکئاراستە نەبووە. هەرچی هێزەکان بەهێزتر بوون و سەرچاوەی ئابووریی خۆیان گەشە پێداوە، ئاستی سەربەخۆییان لە بڕیارداندا زیاتر بووە. لێرەدا دەرکەوتنی کێشەی بریکار ڕوون دەبێتەوە؛ واتە بریکارەکان هەندێک جار بەرژەوەندیی خۆیان دەخە پێش بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتەی پشتگیریان لێدەکات. لەبەر ئەوە، ئێران لە ماوەی دواییدا هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی ئەو هێزانە و ڕێگریکردن لە سەربەخۆبوونیان دروست بکات.
سێیەم: ئایا ئێران هاوکێشەی چەک بەرامبەر سامان قبووڵ دەکات؟ لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری ئێران نیشانی دەدات کە تاران بە شێوەیەکی ڕەها دژی ئەم هاوکێشەیە نییە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بتوانێت هێزە هاوپەیمانەکانی لە مەترسیی هێرشە سەربازی و سزا نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت، لەوانەیە ئێران بە دیدێکی ستراتیژی لێی بڕوانێت. بەڵام ئەو قبووڵکردنە سنووردارە. ئێران ڕازی نابێت ئەگەر هێزەکان کۆنترۆڵ و بڕیاری سەربازییان لەدەست بدەن، تۆڕە ئابوورییەکانیان لەناوبچێت، توانا و ئامادەیییان بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی بە تەواوی کۆتایی پێبێت و پەیوەندییان بە  بەرەی موقاوەمە بپچڕێت. لەبەر ئەوە، ستراتیژیی ئێران زیاتر لەسەر گۆڕینی شێوازی هێز دامەزراوە، نەک لەسەر دەستبەرداربوون لە هێز.
چوارەم: ناکۆکیی ناوخۆیی حەشدی شەعبی:  یەکێک لە دیاردە گرنگەکانی ئەم قۆناغە، زیادبوونی ناکۆکی لەنێوان هێزە سەرەکییەکانی ناو حەشدە. بەڵام ئەم ناکۆکییە زیاتر لەوەی ئایدیۆلۆژی بێت، ستراتیژییە. بەشێک لە هێزەکان، بە تایبەت ئەوانەی پێگەی سیاسی و پەرلەمانییان هەیە، پێیان وایە کە دەتوانن بە تێکەڵبوون لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەژمونی خۆیان بپارێزن و لە هەمان کاتدا لە فشارە نێودەوڵەتییەکانیش کەمتر زیانیان بەربکەوێت. بە پێچەوانەوە، هێزە توندڕەوەکان باوەڕیان وایە هەر کەمکردنەوەیەکی هێزی سەربازی، هەنگاوێکە بۆ لاوازکردنی بەرەی موقاوەمە و دەستپێکردنی پرۆسەی لەناوبردنیان. بەم پێیە، ناوەڕۆکی جیاوازییەکان ناکۆکی لەسەر ئامانج نییە، بەڵکوو ناکۆکی لەسەر ڕێگای گەیشتن بە هەمان ئامانج.
پێنجەم: لە میلیشیاوە بۆ ئۆلیگارشی ئابووری: یەکێک لە گرنگترین مەترسییەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە هێزەکان، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، ببنە چینێکی نوێی ئۆلیگارشی ئابووری ـ سیاسی. ئۆلیگارشی واتە چڕبوونەوەی هێز و سامان لە دەستی ژمارەیەکی کەم لە کارەکتەری سیاسی و ئابووری. ئەگەر هێزەکان بتوانن گرێبەستە حکومییەکان کۆنترۆڵ بکەن، کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوەببەن، لە دامەزراوەکانی دەوڵەت پێگەی بڕیاردان بەدەست بهێنن، و لەهەمان کات توانای سەربازیی نهێنیان بپارێزن، ئەوا لە ڕاستیدا، شێوازی هەژموونیان دەگۆڕێت، نەوەک خۆی هەژموونەکە. ئەم دۆخە دەتوانێت بۆ دەوڵەتی عێراق مەترسیدارتر بێت، چونکە بەرامبەر هێزێک دەوەستێت کە لە دەرەوەی دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێگیر بووە.
شەشەم: هەڵسەنگاندنێک لە ڕوانگەی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانییەوە: نابێت هەر هەنگاوێک بۆ ڕادەستکردنی چەکی قورس بە واتای کۆتایی هاتنی هەڕەشەی سەربازی لێکبدرێتەوە. لە زۆرێک لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکاندا، گرووپە چەکدارەکان پێش هەڵکشانی فشار، توانا و پێکهاتەکانیان دووبارە ڕێکدەخەنەوە و هەندێک لە چالاکییەکانیان لە ژێر چەتری دامەزراوە یاسایییەکاندا بەردەوامی پێدەدەن، لەبەر ئەوە، هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی ستراتیژی چەک لە بەرامبەر توانای ئابووری نابێت تەنها بە پێوانەی ژمارەی ئەو چەکانە بکرێت کە ڕادەست دەکرێن. پێویستە هەروەها ئەم پێوانانەش بخرێنە بەرچاو: ئایا دەوڵەت توانای کۆنترۆڵکردنی تۆڕی ئابووریی هێزکانی هەیە؟ ئایا دامەزراوە دارایی و یاسایییەکان توانای چاودێرییان هەیە؟ ئایا هێزەکان دەتوانن لە کاتی قەیراندا بە خێرایی دووبارە هێزی چەکداری ڕێکبخەن؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە بەڵێ بێت، ئەوا دەکرێت بڵێین هاوکێشەی چەک بەرامبەر سامان تەنها گواستنەوەی هێزە، نەک چارەسەری بنەڕەتی کێشەکە.
بەشی چوارەم : سیناریۆکانی داهاتوو و هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
 یەکەم: ئایا هاوکێشەی چەک بەرامبەر سامان سەرکەوتوو دەبێت؟ ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات، تەنها پرسیاری ڕادەستکردنی چەک نییە؛ بەڵکوو پرسیارێکی بنەڕەتیترە: دەوڵەتی عێراق چۆن دەتوانێت یەکجار و بۆ هەمیشە مافی بەکارهێنانی هێز لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوە؟ لە زانستی دەوڵەتسازی، یەکێک لە پێوانە سەرەکییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن ئەوەیە کە تەنها دەوڵەت مافی بەکارهێنانی هێزی هەبێت. ئەگەر هێزە چەکدارەکان، تەنانەت دوای ڕادەستکردنی چەک، هێشتا بتوانن لە ڕێگەی هەژموونی ئابووری، سیاسی یان کەناڵی تایبەتەوە کاریگەرییان هەبێت، ئەوا هێشتا تەواوی هێزە لەدەست دەوڵەتدا نییە. لەبەر ئەوە، سەرکەوتنی ئەم هاوکێشەیە بە ژمارەی چەکی ڕادەستکراو ناپێورێت، بەڵکوو بە ئاستی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت دەپێورێت.
دووەم: تێکەڵبوونی ئارام لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت (باشترین گریمانە)
 لەم سیناریۆیەدا، حکومەتی عێراق سەرکەوتوو دەبێت بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هێزە چەکدارەکان بخاتە ژێر چەتری دامەزراوە فەرمییەکانەوە، بە جۆرێک کە هێزی سەربازییان تێکەڵ بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان بکرێت و چالاکییە ئابوورییەکانیانیش بکەونە ژێر چاودێری یاسا. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەرکەوتوو بێت دەوڵەت تەواوی هێز بەدەست دەهێنێتەوە، هاوسەنگیی سیاسی جێگیرتر دەبێت، هەستی متمانەی وەبەرهێنەران زیاد دەبێت، کاریگەریی سزا دارایییەکانی ئەمریکا کەمتر دەبێتەوە، هەروەها، ئێرانیش دەتوانێت هەژموونی خۆی لە ڕێگەی دامەزراوە سیاسییەکانەوە بپارێزێت. بەڵام، ئەم سیناریۆیە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز، دامەزراوەی دادوەریی سەربەخۆ و سیستەمی چاودێریی داراییی شەفاف هەیە.
سێیەم:  گواستنەوەی هێز لە چەک بۆ ئابووری (زۆرترین ئەگەری ڕوودان) 
بەپێی زۆربەی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەری ڕوودانی زۆرتری هەیە. لەم بارودۆخەدا، هێزەکان بەشێک لەچەکەکانیان ڕادەست دەکەن، بەڵام، تۆڕە ئابووری و سیاسییەکانیان دەپارێزن، لە ڕێگەی کۆمپانیا، گرێبەستە حکومییەکان، بازرگانی و بانكەکانەوە، هێزی خۆیان بەردەوامە پێدەدەن. لە ئەنجامدا، جۆری هێز دەگۆڕێت، نەک خودی هێز. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئۆلیگارشییەکی ئابووری ـ سیاسی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسایی نییە، بەڵکوو لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا خۆی جێگیر دەکات. ئەم سیناریۆیە بۆ دەوڵەتی عێراق مەترسیدارترە، چونکە دژوارتر کۆنترۆڵ دەکرێت.
چوارەم:  سەربەخۆبوونی هێزکان لە ئێران
 ئەم سیناریۆیە زۆر جێی سەرنج، هەرچی ئیمپراتۆرییەتی ئابووریی هێزەکان گەورەتر بن، ئەوەندە پێویستییان بە یارمەتیی داراییی ئێران کەمتر دەبێتەوە. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی سەربەخۆیی بڕیاردان، پێشخستنی بەرژەوەندیی ناوخۆیی بەسەر ئامانجە هەرێمییەکانی ئێران، دروستبوونی ناکۆکییە ستراتیژییەکان لەنێوان تاران و هەندێک لە هێزەکان. بە واتایەکی تر، سەرکەوتنی ئابووریی هێزەکان بۆی هەیە هەژموونی ئێرانیش سنووردار بکات.
کۆتایی 
هەڵسەنگاندنی ئەم نوسینە نیشانی دەدات کە هاوکێشەی چەک بەرامبەر سامان بۆخۆی چارەسەری کێشەکە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە. ئەگەر دامەزراوەکانی دەوڵەت بتوانن کۆنترۆڵی چالاکییە ئابوورییەکان، چاودێریی دارایی و جێبەجێکردنی یاسا بەهێز بکەن، ئەم ستراتیژییە دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ بەهێزکردنی دەوڵەت. بەڵام ئەگەر ئەم مەرجانە نەگونجێن، ئەوا تەنها شێوازی هەژموونی هێزەکان دەگۆڕێت و عێراق ڕووبەڕووی شێوازێکی نوێ لە ئۆلیگارشیی ئابووری ـ سیاسی دەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی