هەفتەی ڕابردوو لەسەروبەندی سازدانی کۆبونەوەی لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە NATO .. ماکرۆن سەردانێکی خێرای بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا ئەنجامدا. و لەوێوە هاتە کوبونەوەکەی ناتۆ لە ئەنقەرە و زۆر بەهێزو شکۆ دەرکەوت و ئەم شانازیەشی لە ڕوخساریدا دەخوێندرایەوە... سەردانەکە ئەوەندەی ئامانجی ئابووری لەپشتەوەبوو سیاسی نەبوو. لەم سەردانەدا کۆمەڵێک ڕێکەوتنی ئابووری زۆر گرنگ لەگەڵ حکومەتی ئەحمد ئەلشەرع واژۆکران. بەوپێیەش لەهەنگاوێکی گرنگ و چاوەڕوانەکراودا فەرەنسا دەستی ئابووری تورکیایی لەسوریا سەندەوە.
ماکرۆن یەکەم سەرۆکی دەوڵەت بوو کەدوایی هاتنە سەردەسەڵاتی شەرع سەردانی سوریایی کرد. ساڵی ڕابردوو کۆمپانیایی زەبەلاحی(CNA_CGNکە کۆمپانیایەکی کەشتیوانی و گواستنەوەی فەڕەنسیە لەشێوەی هۆڵدینگێک، کۆمەڵێک کۆمپانیایی گواستنەوەی ڕێگایی دەریایی و ووشکانی و ئاسمانی لەخۆدەگرێت و لە420 دەرچەدا لە 150 وڵاتی جیهان و 200 بەندەری ئاوی کاردەکەن و چوارەم گەورەترین هۆڵدینگی بازرگانی گواستنەوەی جیهانە) بەرامبەر 250 ملیۆن دۆلار گرێبەستێکی 30 ساڵەی بۆ بەکاربردنی بەندەری(لازقیە) لەحکومەتی سوریا وەرگرتوە.
لەم سەردانەی ماکرۆن، نەک تەنها بەکاربردنی بەندەرەکان، لەهەمانکاتدا لەسێکتەری گواستنەوەی هێلی ئاسمانیشدا و لەچوارچێوەیەکی فراواندا چەند گرێبەستێکی زۆر گرنگ واژۆکراون. بەپێی رێکەوتنەکان کۆپانیایی ناوبراو سیستمی (کارگۆ)لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شام و 9 فڕۆکەخانەیتر وەرگرتوە. هەروەها بەفەرمی واژۆیان لەسەر 2دەروازەی گواستنەوەی خۆراک بەڕێگایی ووشکانی کردوە. لەکاتێکدا فەرەنسا کارەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان لەسێکتەری گواستنەوەی ئاسمانی سوریادا دەکات. پڕۆتۆکۆڵی بۆ نوژەن کردنەوەو بەمۆدرێن کردنی سیستمی کواستنەوەی ئاسمانی بۆ 9 فڕۆکەخانەی سوریا واژۆکردوە. هەروەها فەرەنسا هاوکاری هەم ئاهەنگی دەکات بۆ دووبارە بەستنەوەی هێلی ئاسمانی سوریا بە سیستمی گواستنەوەی ئاسمانی جیهان.
بەوەش نەوەستاوە، حکومەتی فەرەنسا دەست دەگرێت بەسەر سیتمەکانی بانک سازی لەسوریا. پڕۆگرامی هاوکری و پشتیوانی بۆ بانکی ناوەندی سوریا دەخاتە گەڕ ، لەپێناو ئەوەی سیستمی بانک سازی سوریا دووبارە بخرێتەوە ئاستی سیستمی بانک سازی جیهانی و جارێکیتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەکتیف بکرێتەوە ژێرخانی پێویستی بۆ دابین دەکات و دەیبەستێتەوە بە سیستمی بانک سازی فەرەنسا.
ماکرۆن لەم سەردانەیدا بڕیاری گەڕاندنەوەی 500 ملیۆن یۆرۆی دەرکرد بۆ سوریا کە پارە بلۆک کراوەکانی ڕەفعەت ئەسەدی برای حافز ئەسەد بوون و لە ساڵی2014 وە دەستی بەسەرداگیرابوون.
ئەم هەنگاوانەی ماکرۆن زەنگێکی زۆر مەترسیارە بۆ تورکیا و لەداهاتوودا تورکیا فەرەنسا لەسەر خاکی سوریا دەهێنێتە بەرامبەر یەکتری و ڕەکابەری ئابووری وسیاسی و لێکەوتەی گەورەی دەبێت. ئەمە بۆ کوردیش پێشهاتێکی زۆر باشە .. دەسەڵاتی ئابووری بەواتاێکی چڕ دەسەلاتی سیاسیو سەربازیشە .. حکومەتی فەرەنسا بەمشێوەیە بیری هەموو وڵاتانی کەدەیانویست هەژموون بەسەر سوریادا بسەپێنن خستەوە کە هێشتا سوریا وڵاتێکی ( الانتداب) ی فەڕەنسیە و بەئاسان دەست بەرداری نابێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی