کابینەکەی زەیدی لە نێوان تەلیسمی تاران و توڕەیی واشنتندا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

 لە ناوەڕاستی گەردەلولێکی هەرێمایەتیی بێپێشینەدا عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراقی پێدەنێتە سەر خاکی واشنتن ، ئەم سەردانە تەنها گەشتێکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی دەوڵەتدارییە لەسەر هێڵی کەمەربەندی ئاگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کاتێکدا عێراق بانگەشەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات، ناوچەکە لە بەردەم گەڕێکی نوێی جەنگدایە کە ئەمجارە بازنەکەی فراوانتربووە و پایتەختەکانی وەک مەنامە، عەممان، ڕیاز و سەنعای گرتووەتەوە؛ گەرووی هورمز دیسانەوە داخرایەوەو بازاڕەکانی وزەی جیهانی تووشی گرفتی کەمی وزەبوونەوە.

لە پەراوێزی ئەم واقیعە ئاڵۆزەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا زەیدی نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەکات کە دەیەوێت وەبەرهێنانی دەرەکی ڕابکێشێت، یان دەیەوێت لە ڕێگەی واشنتنەوە شەرعیەت بۆ سیستەمێک بکڕێت کە لە ناوخۆدا خەریکی خنکاندنی هاوبەشە مێژووییەکانیەتی بەتایبەت هەرێمی کوردستان. زەیدی لە کاتێکدا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ و کاربەدەستانی کۆشکی سپی کەوت کە واشنتن لە لوتکەی تووڕەیی و نیگەرانیدایە لە ڕەفتارەکانی ئێران و پاشکۆکانی لە ناوچەکەدا، لێدوانە دژ بەیەکەکانی تاران و واشنتن ئاماژەن بۆ ئەگەری ئەوەی کە جیهان لەبەردەم جەنگێکی درێژخایەنی ناوچەییدایە لەم ناوەندەدا ئیدارەی نوێی عێراق دەیەوێت خۆی وەک نێوەندگیر یان پەناگەیەکی ئارام نیشان بدات، لەم سەردانەیدا زەیدی شانازی بە جەنگی دژی گەندەڵی دەکات بەڵام چاودێرانی سیاسی و بیریارانی هاوچەرخی دەسەڵات وەک میشێل فوکۆ لە تیۆرییەکانی لەسەر دەسەڵات و دامەزراوەکان پێمان دەڵێن کە (چاکسازیی ڕووکەش تەنها ئامرازێکە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی زاڵ )دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی پلە دوو و سێ تەنها بەکارهێنانی یاسایە وەک چەکێک بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەکان نەک چاکسازییەکی سیستماتیکی کە مەترسیدارتر، لەوە پرسی یەکخستنی کەتائیبەکانی حەشدی شەعبییە لە ناو سوپای عێراقدا لە فەلسەفەی سیاسیدا هێزی چەکدار دەبێت خاوەنی یەک عەقیدەی نیشتمانی بێت وەک ماکس ڤیبەر دەڵێت ( دەوڵەت قۆرخکاری بەکارهێنانی شەرعیی هێز دەکات)، بەڵام گۆڕینی ئاڵای گروپە چەکدارەکان بۆ ئاڵای عێراق بەبێ گۆڕینی فیکرو پێکهاتەو سەرکردایەتییان تەنها مۆدێلێکی دەمامکدارە ، ئەم گروپە میلیشیایانە لە ناوەڕۆکدا وەک خۆیان ماونەتەوە و تەنها لە ژێر چەتری سوپادا پۆشاکی فەرمییان پۆشیوە بۆ ئەوەی لە سزاکانی ئەمریکا دەرباز ببن سەرەڕای ئەوەی هێزە کوردستانییەکان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بوون لە بەغداد و پاڵپشتی کابینەکەی زەیدیشیان کرد، بەڵام وادەردەکەوێت کە وەڵامدانەوەی بەغداد تەنها درێژەدان بێت بە سیاسەتی برسیکردن و پێشێلکردنی دەستوور چونکە ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش) دوای چل و پێنج ڕۆژ و لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا بەڵگەیەکی ڕوونە کە قوت و بژێوی خەڵکی کوردستان هەروەک پێشتر وەک فشاری سیاسی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت. ئەمە تەنها کێشەیەکی دارایی نییە بەڵکو برسیکردنی سیستماتیکە ئەگەر سەیری سێکتەرەکانی دیکە بکەین، ئەم دیمەنی برسیکردن و فشارانە ڕوونتر دەبێتەوە بۆ نمونەی ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دۆخەکە نەک هەروەک خۆیەتی بەڵکو ئێستاش ڕۆژانە زوڵم و چەوساندنەوە بەرانبەر هاووڵاتیانی کورد لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هەمیشە بێبەش کراوە لە هاوکاری لۆجستی و چەک و جبەخانە و مووچە سەرەڕای ئەوەی هێڵی یەکەمی بەرگرییە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە سێکتەری کشتوکاڵدا شەڕی گەنم و وەرنەگرتنی گەنمی جوتیارانی کوردستان و لە بەرانبەردا کڕینەوەی گەنمی جوتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە نرخێکی پاڵپشتیکراوی بەرز دەرخەری جیاکارییەکی ڕەگەزی و ئابوریی ئاشکرایە ئەمە هەوڵێکی ڕوونە بۆ لێدانی ژێرخانی ئاسایشی خۆراکی کوردستان، لێرەدا بیرمەندی گەورە فرانتس فانونمان بیردەکەوێتەوە کاتێک باسی ( تەکنیکەکانی خنکاندنی ئابوری و دەروونیی گەلان) دەکات لەلایەن ناوەندە باڵادەستەکانەوە بەغداد بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و سیستماتیک خەریکی بێهێزکردن و خنکاندنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە. لە نێو شاندەکەی زەیدیدا ئامادەبوونی دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق شانبەشانی بەیان سامی عەبدولڕەحمان و هەرێم کەمال ئاغا نیشانەی ئەوەیە کە کورد هێشتا دەیەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەرگری لە مافەکانی بکات، بەڵام کاتێک زەیدی ڕادەگەیەنێت کە ئامانجی سەردانەکە تەنها پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە بۆ کەرتی وزە و کارەبای عێراق، پرسیارە گەورە ئەوەیە ئایا ئەم بەرپرسە کوردانە دەتوانن دەنگی ڕاستەقینەی کوردانی ستەملێکراو بگەیەننە ناوەند بڕیارەکانی واشنتن؟ یان بوونی ئەوان تەنها وەک دەستکەلایەک بەکاردێت بۆ جوانکردنی ڕووی کابینەکەی زەیدی لەبەردەم کۆنگرێس و ئیدارەی ترەمپدا؟

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، کە بە پیاوێکی پراگماتیکی و خاوەن دیدگایەکی توندی سەرمایەداری دەناسرێت ڕەنگە بە ئاسانی بە دروشمە ڕووکەشەکانی کابینەکەی زەیدی سەرسام نەبێت ئەگەرچی بەگەرمیش بەخێرهاتنی پرۆتۆکۆلی کرد ، ترەمپ پێش هەر شتێک سەیری بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دەکات لە کەرتی وزەدا وەک خۆی دەڵێت عێراق نەوتێکی زۆریان هەیە، بەتایبەت لە کاتی داخستنی گەرووی هورموزدا ئەگەر عێراق نەتوانێت سەقامگیریی ناوخۆیی و بنبڕکردنی هەژموونی گروپە چەکدارەکان بسەلمێنێت، ئەوکات هیچ کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکی ئامادە نابێت سەرکێشی بە سەرمایەکەیەوە بکاتو بێت لە ژینگەیەکی ناجێگیردا سەرمایەگوزاری بکات چونکە وەک دەڵێن سەرمایە ترسنۆکە بۆیە دەتوانین بڵێین ڕەنگە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن مۆدێلێکی نوێی دیپلۆماسیەتی کات کوشتن بێت، زەیدی دەیەوێت لە دەرەوە وێنەیەکی هاوچەرخ و چاکسازیخواز بۆ کابینەکەی پێشان بدات لە کاتێکدا لە ناوخۆدا مۆدێلێکی مەترسیداری مەرکەزییەت و خنکاندنی ئابوریی دژی هاوبەشە کوردەکان پیادە دەکات، بۆیە پێویستە واشنتن بزانێت کە هاوبەشی ڕاستەقینەی ئەو لە ناوچەکەدا هێزە دیموکراتخوازەکان و هەرێمی کوردستانن کە هەمیشە پارێزەری بەها هاوبەشەکان بوون بێدەنگبوونی ئەمریکا لە ئاست برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانیان تەنها غەدر نییە لە کورد، بەڵکو لێدانە لەو سەقامگیرییەی کە واشنتن خۆی لە عێراقدا بانگەشەی بۆ دەکات، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ماسکی سەر ڕوخساری چاکسازییە درۆینەکانی بەغداد لابدات و ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی قوتی خەڵک وەک کارتی فشارو چەکی جەنگ. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی