کوردستان لەبەردەم پلانی بەعەرەبکردنێکی نەرمدا

5 کاتژمێر پێش ئێستا

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د

سیاسەتی بە عەرەبکردن بە درێژایی سەدەی ڕابردوو یەکێک بووە لە ئەو پلانە شۆڤێنیانەی کە بەردەوام لە عێراقدا پێدەکراوە ،هاوشان لەگەڵ هێرشی سەربازی و حوکمڕانی تۆتالیتاری بۆ داگیرکردنی کوردستان و نیشاندانی ئەوەی کە کورد لە جوگرافیا ڕەسەنەکەی خۆیدا کەمینەیە و ئەگەر ڕۆژێک بخرێتە بەردەم ڕاپرسیش نەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئەوان خاوەنی ئەو خاک و نیشتمانەن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە عێراقی نوێدا بە بەشداری کورد دەستوور نووسراوەتەوە و بەشێکی باش لە مافەکانی تێیدا دیاری کراوە، بەڵام بەشێکی زۆر لەم مافانە هەتا ئێستاش وەک مەرەکەبی سەر کاغەز وان و کار بۆ چەسپاندنیان نەکراوە، کە ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و بەشێکی تری بوونی عاقڵیەتێکی شۆڤێنی عەرەبی دژ بە کوردە لە لایەن هەردوو گرووپی شیعە سوننەوە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ماددەی 140 و یەکلاکردنەوەی لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە هەیە ،ئەوان هاوشێوەی ڕژێمی پێشوو نەیان ویستووە ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵکوو لە لایەکی ترەوە بە هەمان عەقڵیەتی بەعس درێژەیان داوە بە سیاسەتی بە عەرەبکردن و دەرکردنی جووتیارەکانی کورد لە کەرکووک و شەنگار و خانەقین و ناوچەکانی تر و داگیرکردنی زەوییەکانیان و فشار دروستکردن لەسەریان بۆ چۆڵکردنی ئەو ناوچانە. هەروەها دواهەمین پلانیشیان هێرشی سەربازی بوو لە16 ئۆکتۆبەرداو لەدوای شەڕی داعش لە 51% خاکی کورد دوستانیان داگیرکردەوە.

مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەوانەی بەهێرشی سەربازی نەتوانراوە بیکەن بۆ داگیرکردنی کوردستان، ئێستا دەیانەوێت لەڕێگەی کڕینی خانوو و شوقەو پڕۆژەی بازرگانییەوە درێژە بەم سیاسەتە داگیرکاریە بدەن. ئەوان ئێستا لاوازیی حوکمڕانانی هەرێم دەزانن، کە خۆی لە یەکێتی و پارتیدا دەبینێتەوە، بە تایبەتی لە لایەنی دارایی و چاوچنۆکییان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن. بۆ ئەم مەستەش سازش لەسەر هەموو دۆزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەن. 

لەئێستادا، بەپێی ئامارە فەرمیەکانی دەستەی وەبەرهێنان، زیاتر لە 367 پرۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، کە سەرمایەی تەرخانکراو بۆیان دەگاتە 33 ملیار دۆلار. زۆرینەی ئەو کۆمپانیانەی کە سەرقاڵی ئەم کارەن، نزیکن لە یەکێتی و پارتی و پشکی شێریان هەیە تیایاندا.

لە ئێستاشدا، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بارێکی دارایی خراپدا تێدەپەڕن؛ مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەرناگرن، پرۆژەکانی گەشەپێدان وەستاون، زیاتر لە 800 هەزار گەنجی بێکار هەیە، ڕێژەی کرێنشینی زیاتر لە 26%ە. کەواتە، ئەو خانووانەی کەواتە ئەو یەکەی نیشتەجێبونانە زۆرترین بۆ فرۆشتن پشت بە عەرەب دەبەستن. لەبەر ئەوە دەبینین ڕێژەیەکی زۆر لە عەرەب ڕوویان لە هەرێم کردووە بۆ کڕینی سوپەرمارکێت، خانووبەرە، سەیارە، دووکان، مۆڵ و شوێنە بازرگانییەکان.

ئەو عەرەبانەی ڕوو لە کوردستان دەکەن، زۆربەیان دەوڵەمەند و پارەدارن. لەبەر ئەوەشە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێگەیان لێ ناگرن و دەڵێن: "ئەم جووڵەیەی لە بازاڕدا هەیە، بەهۆی پارەی ئەم عەرەبانەوەیە." بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەوە لێک نادەنەوە کە ئەگەر ئەم لێشاوە بەردەوام بێت، ڕۆژێک دێت ڕێژەیان دەگاتە لە سەدا 30. ئەو کاتەش دەتوانن پارتی سیاسی دروست بکەن و بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمان بکەن و ببنە کوتلەیەکی بەهێز. چونکە لە ئێستادا ڕێژەیان زیاترە لە سەدا 27. لە هەولێر 55,000 خێزانی عەرەب، لە سلێمانی 25,000 خێزان، و لە دهۆک 7,721 خێزان هەیە، کە کۆی گشتی هەموویان دەکاتە 87,721 خێزان. 179 قوتابخانەی عەرەبی لە هەرێمدا هەیە و 31,000 منداڵی عەرەب لە هەرێم لە دایک بوون و ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستانیان پێ دراوە.

ئەگەر ئەم لێشاوی کۆچی عەرەبە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ڕۆژێک دێت هاوشێوەی فەڵەستینییەکان، کورد لە خاکی خۆی ئاوارە دەبێت و بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە کەمینە. چونکە لەم کاتەدا کە عەرەب ئەو سیاسەتەی گرتووەتەبەر، حوکمڕانانی هەرێمیش بوونەتە پاڵپشتی ئەو سیاسەتە. چونکە ڕۆژ بۆ ڕۆژ گەنجانی هەرێم کۆچ دەکەن بۆ ڕۆژئاوا و ڕێژەی هاوسەرگیری و نەوە خستنەوە لە کەمبوونەوەدایە . گوزەرانی خەڵک ڕۆژ بۆ ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، تەنانەت لە کاتی خۆشیدا مووچە وەرناگرێت. هەروەها ململانێ سیاسییە توندەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وای کردووە کە حکوومەت ببێتە کاربەڕێکەر و پەرلەمان قفڵ بدرێت و هێزی پێشمەرگە لە بەردەم مەترسی هەڵوەشانەوە دابێت.

لەم دۆخە هەموارەدا هیچ پلانێکی یەکگرتووی حکوومەت نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، لە لای خۆشیانەوە هیچ بە مەترسی نازانن، بەڵکوو واشی لە قەڵەم دەدەن کە ئەمە خزمەتە بە گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی