با لەگەڵ ڕوداوەکان بڕۆین، نەك دوای بکەوین.

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق

 بەهۆی مەترسی زۆر و بەرپرسیارێتی مێژوویی و فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر هەرێم، کۆبوونەوەی لوتکە لەنێوان پارتی و یەکێتیی، پاش ئامادەکارییە تەکنیکیە سیاسییەکان، لەداهاتوویەکی نزیکدا بکرێت.
کۆبوونەوەی لووتکە، هەنگاوێکی پێویستە، چونکە بژاردەی تری ڕاستەقینە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، جگە لەدیدارو گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، هیچی تر نییە.
گۆڕانکاریە نوێیەکانی ئێستای ناوچەکە، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران وا دەخوازێت، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی بەشداریکردنی ڕاستەقینە، ڕێککەوتنێکی ستراتیژی دوور مەودا واژۆ بکەن.
خەڵکی کوردستان چاوی لە مەسعود بارزانیە وەك کەسایەتییەکی سیاسیی و مەرجەعێکی نیشتمانیی مامەڵە بکات نەك تەنیا وەك سەرکردەیەکی حیزبی، چونکە سەردەمەکەش ئەوە دەخوازێت، کە کاك مەسعود ئەم هەنگاوە مێژووییە بهاوێت.
بافڵ تاڵەبانی بەشێوازە جیاوازەکەی و ئاگادار لەدۆسیە ئەمنیە نێودەوڵەتیەکان، دەبێت ببێتە هۆی تێکشکاندنی بەستەڵەکی سیاسی، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵەکەی مام جەلال دووبارە بکاتەوە.
بۆ ڕەخساندنی کەشێکی لەبار، پێویستە، هەردوولا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن، بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە زبرو ناڕەوایەی، کەمیدیاکانی هەردوولا دژی یەکدی بەڕێوەی دەبەن.
دوای کۆبونەوەی لوتکە، بڕیاری بەپەلە بدرێت کەدۆسییەکانی ئاسایش و دارایی و نەوت لە دەستی کۆمپانیاو لێپرسراوە  حیزبیەکان دەربهێندرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو وەزارەتە فەرمییەکان، بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی، وەك سەرەتایەك بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان هەردولاو ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریەکانی دوای جەنگ.
پێکەوە بەهێزتر دەبین، لەبری ململانێی جوگرافی و ئابووری، پارتی و یەکێتیی، دەبێت بگەنە ئەو باوەڕەی کە هەرێمی کوردستان تەنیا بە هاوبەشی ڕاستەقینە بەڕێوەدەچێت، نەك بە زۆرینەو کەمینە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی