بابەتی گەڕاندنەوەی قەرزی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بابەتە هەستیاری ئابوری و سیاسی،
ڕەهەندەکانی پرسی قەرزی پاشەکەوتی مووچە، باری دارایی و قەبارەی گشتی قەرزی پاشەکەوتی مووچە، لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر گەورەیە (کە لە سەردەمی کابینەکانی هەشت و نۆ بەڕێنماییەك کرا، کە هیچ پاڵپشتیەکی قانونی و مرۆیی نەبوو، کەموچەی موچەخۆرانی بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە وەکو قەرزێکی نادیار کەڵەکەی کردووە.
خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە بە شێوازی یەکجاری یان خێرا، باری دارایی حکومەتی هەرێم قورس دەکات بەبێ پشتگیری دارایی بەهێز لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، خستنەڕووی ناوەڕۆکی ئەم بابەتە لەڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکاندا، پێویستی بە سازانی نیشتمانیی و دابینکردنی بودجەی تایبەت هەیە لە ڕێگەی بەغدادەوە یان داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیاری یەکەمە لەم دۆسیەیەدا، بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە، بەڵام لێدوانەکانیان لەم بارەیەوە، زۆر لاستیکیە.
بۆ هەستی مووچەخۆرانیش، بەوەی کە مافەکانیان فەوتاوە، هەستێکی خەمگین و قورسە، بنەمای ژیان و گوزەرانیان و بەشێك لەژیانیشیانی فەوتاندووە.
ئەم شەڕی وەرگرتنەوەی ئەم مافەی موچەخۆران، زۆرتر پەیوەندی بە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە هەیە، نەك دەسەڵات، چونکە ئەوەی دەسەڵات بیخوا، گێڕانەوەو گەڕانەوەی بۆ نیە، بۆیە پێویستە لەئێستاوە لەبەغداد (پلانی کاریان) لەسەر گێڕانەوەی ئەم مافە داراییانەی موچەخۆرانی کوردستان بێت، نەك تەنیا وەك قەرزێکی ئاسایی، بەڵکو وەك ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی لەئاست ئەو هەموو قوربانی و قەیرانەی کە فەرمانبەران لە ڕابردوودا تێپەڕاندوویانە، بە شێوازێکی کرداری کە هاوکات ببێتە جێگەی متمانەی مووچەخۆران و باری دارایی هەرێمیش بە تەواوی تێکنەشکێنێت، چەند ڕێگەچارەیەکی گونجاو پێشنیاز دەکەین:
• ـــ دروستکردنی سندوقێکی تایبەت بە پشتیوانی و سەرپەرشتی ئەنجومەنی ئابوری عیراق و بەهەماهەنگی هەرێمی کوردستان، کەبەشێك لە داهاتەکانی نەوتی هەرێم و داهاتی باج و دەروازە سنورییەکان ڕاستەوخۆ بۆ خەرجکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە تەرخان بکرێن، بە جۆرێك دووربێت لە دەستوەردانی سیاسی و ڕاکێش ڕاکێشی حیزبی.
• ــ قەرزی درێژخایەنی بێسوود، لەسەر حسابی ڕێژەی پاشەکەوتی موچەکان لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، ئەمە حکومەتی ئیتیحدی عیراقە، قەرزێکی درێژخایەن بەمەرجی ئاسان بداتە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بەقیستی ڕێکخراو لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بدرێتەوە بە مووچەخۆران.
• ــ قەربووکردنەوە لە ڕێگەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەوە، لەکاتی نەبوونی نەختینەی پێویست بۆ هەموو کەسێك بەیەکجاری، دەکرێت بژاردەی تر دابین بکرێت:
بۆ نموونە دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوون بە خۆڕایی یان بە قست، یان لێخۆشبون لە باج و قەرزە حکومییەکانی تری هاووڵاتییان وەك جۆرێک لە قەرەبووکردنەوەی ناڕاستەوخۆ.
• ــ ڕێکارێکی یاسایی جدی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سەروەت و سامانە گشتییەی کە لەکاتی قەیرانەکاندا بە ناڕەوا تاڵان کراوە یان بە حاکمیەتی نادادپەروەرانە بەدەست هاتووەو بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر سندوقی مووچەخۆران.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی