دیپلۆماسییەتی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یاریکردن لەسەر پەتێکی باریک دەچێت. پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ماوەیەکی درێژە لە ناو هاوکێشەیەکی تا بڵێیت ئاڵۆزی "نە شەڕێکی سەرتاسەری و نە ئاشتییەکی بەردەوام"دا دەسوڕێنەوە. ناوبەناو گوێبیستی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، هێرشی بەوەکالەت و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گرژییەکان دەبین، بەڵام ڕێک لەو کاتەی دۆخەکە دەگاتە لێواری تەقینەوە، کەناڵە ژێربەژێرەکانی دیپلۆماسی دەکرێنەوە و ئاڵۆزییەکان خاودەکرێنەوە. ئەم یارییە بێ کۆتاییەی "شەڕ و ئاشتی" باجەکەی تەنیا سیاسییەکان نایدەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەستدەخاتە ناو قووڵایی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ناوچەکە.
ئەم مۆدێلە لە نادیاری، کۆمەڵگەی تووشی دڵەڕاوکێیەکی کوشندە کردووە. کاتێک خەڵک نەزانن بەیانی چی ڕوودەدات، هەستکردن بە ئارامی دەبێتە خەون و پلان دانان بۆ ئایندە بە تەواوی پەکی دەکەوێت. لەگەڵ دۆخە دەرونییەکەدا، ئابووریی ناوچەکەش بە تەواوی ئیفلیج بووە؛ وەبەرهێنەران لە کەشوهەوای ناڕووندا ڕادەکەن، بێکاری ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەهای دراوە ناوخۆییەکان دادەبەزێت و گرانی باڵ بەسەر بازاڕدا دەکێشێت، بەجۆرێک ئابووری لەبری گەشەکردن، تەنیا سەرقاڵی بەرگەگرتنی قەیرانەکانە.
لە ڕوانگەی شیکاریی سیاسییەوە، ئەمە بریتییە لە "هاوسەنگیی ترس"؛ نە ئەمریکا لەم ڕەوشەی جیهاندا توانای دانانی تێچووی شەڕێکی گەورەی ناوچەییی هەیە، نە ئێران بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا دەگەڕێت.
بەڵام مانەوە لەم دۆخە خولقاوەدا ڕۆژانە وزە و توانای ناوچەکە دەمژێت و دەیخاتە دۆخی وەستانێکی درێژخایەنەوە.
ئەم ڕەوشە بەردەوامە کۆمەڵێک پرسیاری جدی و ئازاربەخش دەوورووژێنێت: ئایا خەڵکی ناوچەکە دەبێت تا هەتایە باجی یارییە سیاسییەکان بدەن و ژیانیان لە چارەنوسێکی نادیاردا بێت؟
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا جیهان بە خێرایی بەرەو ئابووری و تەکنەلۆجیای نوێ هەنگاو دەنێت، تا کەی ئەم ناوچەیەی ئێمە دەبێت لە خولی بێ کۆتایی "مەترسیی شەڕ"دا بخولێتەوە؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی