بەدرێژایی مێژوو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەپەیوەندییەکی هاوسەنگو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشدا بوە لەنێوان هەرێمی کوردستانو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، یەكێتیی لەڕابردودا باجی زۆری ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییەی داوە، لای وابوە پاراستنی ئارامی سنورەكانی لەگەڵ ئێران، كلیلی چارەسەری هەموو كێشەكانە بەكێشەی كوردانی ڕۆژهەڵاتیشەوە، ئەمە ئەركێكی ئاسان نەبوەو پێویستی بەحیكمەتی مامی هەمیشە زیندوەوە هەبوە.
بەداخەوە ئەمڕۆ خەریکە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران کە هیچ ڕۆڵێكی یەکێتییو کوردی تیانیە، گەلی کورد ببێتە قوربانیو كوردستان بكرێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی كێشەكان، بەتایبەتیش ماوەیەکە زۆر بەناڕەوا بارەگاو شوێنە گرنگەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کراونەتە ئامانجو زۆر بەناهەقو ناڕەوا پەلامار دەدرێین.
من وەك دبلۆماتكارێك كە سەردەمانێك نوێنەری مامو یەكێتیی بوم لەكۆماری ئیسلامی، بەتوندی ئەم هێرشانە ئیدانە دەکەمو بەغەدرێكی گەورەی دەبینم كە لەیەكێتییو كورد دەكرێت، هەرچەندە ئەم پەلامارانە ئەو دەنگۆیانەی هەموو ڕەتكردەوە كە یەكێتیی خۆی ڕادەستی وڵاتێكی هەرێمایەتی كردبێتو قسەی نەیارانی چەند ساڵەیانی بەدرۆخستەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێرشانە بەزەنگێكی مەترسیدار دەبینمو داوا لەسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەم، بەپەلە هەوڵی جدیی بدات بۆ چارەسەرو ئەم هێرشو پەلامارانە، ئاشكرایە دروستبونی ئاڵۆزیی ئەمنیەتی سنورەكان دەباتە دۆخێكی نەخوازراوەوەو ئەوەش لەقازانجی هیچ لایەك نییە.
گرنگە لەم دۆخەدا وەفدێکی خاوەن بڕیارو شارەزا سەردانی تاران بكەن بۆ گفتوگۆی ورد تاوهكو ڕێگهبگرن لەزیاتر تەشەنەکردنی ئەم بارودۆخە خراپە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی