کاتێک لە 19ی ئایاری 1992ی یەکەم پەرلەمانی کوردستان دامەزرا ، لەناو پەرلەمان بووە چەپڵەڕێزان ، چەپڵە لە شەقام ، لە چایخانەکان ، لە ماڵ ، لە شوێنە گشتیەکان ، لە گوند و شاروشارۆچەکەکان بۆ ئەو خۆشی و شادیە لێدەدرا ، ئەمە سی ساڵ زیاترە بەسەر ئەو چەپڵەڕێزانە گشتیە بەناوبانگەدا تێپەڕدەبێت ، بەڵام هەرگیز ئەو ڕۆژە لەیاد ناکرێت ، چەپڵە کۆنترە لە شانۆ و پەرلەمانەکان ، مرۆڤی یەکەم ئەو زمانە ئاڵۆزەی نەبوو کە ئێمە هەمانە ، بەڵکو پێویستی بە ئیشاراتی دەنگی بەکۆمەڵی هەبوو ، لێدانی دوو ناوپەل بەیەکتری دەنگێکی ئاشکرا دروستدەکات و ، بەرزترە لە دەنگی تاکەکەس و پێویستی بە هیچ ئامرازێک نیە ، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێوڕەسمە ئایینیەکان ،
چەپڵە ڕەهەندێکی شەعائری وەرگرت و کۆمەڵەکانی مرۆڤ پێویستی بە ڕێتمێکە جەستەکان یەکبخات و ، لێرەوە تاکەکەس واهەستدەکات کە لەناو « هەموو »دا تواوەتەوە ، لە سیاسەتدا چەپڵە زۆر ئاڵۆز بووە ، ووشە لە سیاسەتدا هەرتەنها ئامرازێک نیە بۆ گوزارشتکردن و قسەکردن لەسەر ڕووداوەکان ، بەڵکو ئامرازێکە لە ئامرازەکانی کاریگەریتێکردن و دروستکردنی واقیع ، ئەمەیە وادەکات چەپڵە بۆ ئەو وتانەی کە دەبنە هێز لێبدەیت و چەپڵە لەو کاتەش دروستدەبێت کاتێک ووشە توانی گەل کۆکاتەوە و، نەتەوە یەکبخات ، ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت ، لە ڕژێمە دیموکراسیەکاندا چەپڵە بریتیە لە ئاماژەیەکی قبوڵکراوی چرکەسات ، بەڵام لە ڕژێمە سوڵتەویەکادا دەبێتە ڕێوڕەسمی وەلا و دڵسۆزی ، لە ڕژێمە تۆتالیتاریەکاندا ئامادەبووان بەردەوام چەپڵە لێدەدەن لەترسی ئەوەی یەکێک چەپڵە لێنەدا دەبێتە جێی گوومان ، لێرەوە چەپڵە گوزارشت نابێت بۆ سەرسوڕمانبوون بە سەرکردە ،
بەڵکە گوزارشتە لە ترس ، هەندێک جار تۆ چەپڵە لێنادەی ، لێرەوە بێدەنگی دەبێتە هەڵوێستی سیاسی و ئەم بێدەنگیە مەترسیدارترە لە قسەکردن ، لێرەوە چەپڵە دەبێتە ئامرازێکی فشاری کۆمەڵایەتی ، ئەمە میکانزمێکی کۆنترۆلکردنی ڕەفتاری نا فەرمیە و ، بەڵام «چەپڵەلێدەرەکان » کەسە بێدەنگەکە بە سەیرکردن و چاوەکانیان سزای دەدەن و ، واهەستدەکات کە ئەو نامۆیە لەوێ ، پێنج مانگ لەمەوبەر « دۆناڵد ترەمپ »ی سەرۆکی ئەمەریکا درێژترین گووتاری لە بۆنەی « حالەتی یەکگرتن » لە مێژووی نوێ خوێندەوە ، نزیکەی کاتژمێرێک و چلوهەشت خوولەک بوو و ، زۆر بە تووندی چەپڵەی بۆ لێدەدرا و زیاتر لە نمایشێکی حزبی دەچوو و ، ئەو کۆنگرێسە بوبووە سەکۆیەک بۆ چەپڵەلێدان و پاڵپشتیکردنی سەرۆک نەک گۆڕەپانێک بۆ لێپێچینەوە ، بەڵام لەولاشەوە دیموکراسەکان وەک ناڕەزایی و سزادان بێدەنگ و بێچەپڵەلێدان هەڵوێستیان نواند ، جاری وا هەیە چەپڵەلێدان بۆ ناڕەزایش دەبێت ، وەکو چەپڵەلێدانی هێواش کە لەزۆرێک لە کلتوورە هاوچەرخەکان بۆ گاڵتەپێکردن بەکاریدەهێنن ، چەپڵە لە کلتوورێک بۆ کلتوورێکی تر دەگۆڕێت ، بەناوبانگترین چرکەساتی چەپڵە لە مێژوودا کە لەزۆربەی جاردا سیاسیە یان وجودیە : راگەیاندنی کۆتایی جەنگ ، کەوتنی دیکتاتۆر ، گووتاری سەربەخۆیی ، چرکەساتی دەربازکردن لە کارەساتێک ، لێرەوە چەپڵە دەبێتە دەریچەیەکی دەروونی بە کۆمەڵ ، وەک ئەوەی خەڵکە بەکۆمەڵەکە گرژیەکانی خۆی لە میانی دەنگی چەپڵە دەربکات ، ئەمە نزیکە لە هاوارێک ، بەڵام زۆر هاوچەرخترە ، وامەبینە کە چەپڵە کارێکی ساکار بیت ، بەڵام لە سۆسیۆلۆژیای سیاسی و زانستی دەروونی سیاسی بە یەکێک لە قووڵترین کارەکانی مرۆڤ و زۆریرین چڕیی بۆ مانا لەخۆدەگرێت ، کاتێک تاکەکەس لەناو کۆمەڵێک لە خەڵک دادەنیشێت ، تاکەکەسیەکەی بۆ بەرژەوەندی ئەوەی زانایانی دەرووناسی پێی دەڵێن « کۆعەقلی چرکەسات »پاشەکشە دەکات ، بۆیە زۆرجار چەپڵەلێدان لە ژمارەیەکی کەمی تاکەکانەوە دەستپێدەکات ، پاشان وەکو نەخۆشی زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە ، ئەو نەخۆشیە هەرتەنها بیستن نیە ، بەڵکو دەروونیە ، چەپڵە جوولانی هەردوو دەست نیە ، بەڵکو هەڵوێستە و ، هەندێ جاریش ترسە و ، هەندێک جاریش خواستە بۆ ئینتیمابوون
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی