بەرەو حوکومەتێکی دامەزراوەیی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

حەکیم عەبدوالکریم

لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان توانێویەتی دامەزراوەی سیاسی و ئیداری بنیات بنێت، بەڵام هێشتا لە قۆناغی بنیاتنانی «دەوڵەتی دامەزراوە»دا تەواو نەبووە. هەرچەندە پەرلەمان، حکومەت، دادگا، وەزارەت و دەزگا سەربەخۆکان هەن، بەڵام بەردەوامبوونی قەیرانی مووچە، لاوازی خزمەتگوزاری، گەندەڵی، کەمی شەفافیەت، هەڵوەشاندنەوەی متمانەی گشتی و چەقبەستوی سیاسی نیشان دەدەن کە کێشەی سەرەکی لە کەمی دامەزراوەکاندا نیە، ئەوەندەی بابەتەکە نەبوونی کولتوری دیموکراتی و حوکومەتی مۆدێرنە. لە زانستی بەڕێوەبردنی گشتی، ئەزموونی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان نیشانی دەدات کە هەر دەوڵەتێک تەنها ئەو کاتە دەتوانێت گەشەی بەردەوام، ئارامی سیاسی و دادپەروەری دابین بکات کە دامەزراوەکانی لەسەر بنەمای یاسا، شایستەسالاری، بەرپرسیارێتی و شەفافیەت کار بکەن.

ئەگەر دامەزراوەکان بە هۆی پەیوەندیی حیزبی، کەسی یان بەرژەوەندیی گرووپی بەڕێوەببرێن، ئاستی کارامەیی بە هێواشی دادەبەزێت و دەوڵەت بەهێز نابێت، هەرچەندە بودجە و ژمارەی فەرمانبەرەکانی زیاد بکرێن. لە هەرێمی کوردستاندا، لە زۆربەی قەیرانەکاندا باس لە گۆڕینی کابینە، گۆڕینی وەزیر یان گۆڕینی سەرۆکایەتی حکومەت دەکرێت، بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە گۆڕینی تاکەکەسان، بەبێ چاکسازی دامەزراوەکان، ناتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات. ئەوەی دەگۆڕێت کەسەکانن، بەڵام سیستەم هەمان سیستەم دەمێنێتەوە. ئەزموونی زانستی بەڕێوەبردنی گشتی دڵنیایی دەدات کە دامەزراوەی حکومی کاتێک کارامە دەبێت کە بۆ هەر ئەرکێک ئامانجی ڕوون، پێوانەی هەڵسەنگاندن و میکانیزمی بەرپرسیارێتی هەبێت. دامەزراوەیەک کە نازانرێت تا چەند سەرکەوتووە، لە ئەنجامدا خۆی دەکات بە ئامانج، نەک خزمەتکردنی هاوڵاتی. لەو دۆخەدا بودجە و ژمارەی فەرمانبەران بەردەوام زیاد دەبن، بەڵام کوالێتی خزمەتگوزاری لە جێگای خۆیدا دەمێنێتەوە. ئەم دیاردەیە بە ڕوونی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت. وەزارەتەکان و دەزگا گشتییەکان بودجە و پێکهاتەی گەورەیان هەیە، بەڵام کەمتر سیستەمێکی سەربەخۆ بۆ هەڵسەنگاندنی کاراییان هەیە. بۆ نموونە، زیادبوونی بودجەی تەندروستی بە مانای باشتر بوونی خزمەتگوزاری نییە؛ هەروەها فراوانبوونی سیستەمی خوێندن و ژمارەی زانکۆ و قەبارەی بڕوانامە بەرزەکان ؛ مانای بەرزبوونەوەی کوالێتی خوێندن نییە. ئەگەر ئەنجام و گۆڕانکارییە بەرجەستەکان نەکرێتە پێوانە، هەربۆیە لێرەوە دامەزراوەکان بە هێواشی لە خزمەتکردنی گشتی دەگوازنەوە بۆ پاراستنی خۆیان. لە هەمان کاتدا، بڕیارە ئیدارییەکان تەنها بە یاسا دیاری ناکرێن. بەڵکو ژینگەی سیاسی، هاوسەنگی هێزەکان، فشاری بەرژەوەندیخوازان، کەلتووری ناو دامەزراوە و شێوازی هاندان و سزا، هەموویان کاریگەرییان هەیە لەسەر بڕیارەکانی فەرمانبەری گشتی. بۆیە، ئەگەر ژینگەی سیاسی دامەزراوەکان بخاتە ژێر کاریگەری دابەشکردنی حیزبی، بێروکراسی بە هێواشی لە دامەزراوەی خزمەتگوزاری دەگۆڕدرێت بۆ دامەزراوەی پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی،ئەمە بەڕونی لە پشکپشکێنەی حیزبی دەرکەوتوە. هەر بۆیە، لە زۆربەی دیموکراسییە سەرکەوتووەکاندا، ئەرکی سەرۆکی حکومەت تەنها گۆڕینی بەرپرسان نییە، بەڵکو بنیاتنانی سیستەمێکە کە بتوانێت کارکردنی هەموو دامەزراوەکان چاودێری بکات، هەماهەنگیان بکات و ئەنجامەکانیان بپێوێت. هێزی حکومەت بە ژمارەی فەرمانەکان ناپێوردرێت، بەڵکو بە توانای دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت دەپێوردرێت. ئەم ڕوانگەیە،بۆ هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرنگی هەیە. ئەگەر هەموو جارێک چاوەڕوانی لە گۆڕینی کابینە بکرێت، بەڵام دامەزراوەکان هەر لە ژێر کاریگەری هاوکێشە حیزبییەکان بمێننەوە، قەیرانەکان دووبارە دەگەڕێنەوە.

بەڵام ئەگەر دامەزراوەکان لەسەر یاسا و پیشەییبوون بنیات بنرێن، هەر حکومەتێک بێت دەتوانێت بە شێوەیەکی کارامە خزمەت بە هاوڵاتیان بکات. بۆیە، گواستنەوە لە حکومەتی حیزبی بۆ حکومەتی دامەزراوەیی، تەنها دروشمێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی قووڵی چاکسازیی دەوڵەتە.

ئەم گواستنەوەیە پێویستی بە چەند هەنگاوێکی بنەڕەتی هەیە: دامەزراندنی سیستەمی شایستەسالاری لە هەموو پلەکانی خزمەتی گشتی. دابەشکردنی پۆستە گشتییەکان بە پێی لێهاتوویی، نەک وابەستەیی سیاسی. دامەزراندنی سیستەمی هەڵسەنگاندنی ئەنجام بۆ هەموو وەزارەت و دەزگاکان. بڵاوکردنەوەی بودجە، گرێبەست، خەرجی و داهاتە گشتییەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا.

بەهێزکردنی دامەزراوەکانی چاودێری و دادوەری و پاراستنی سەربەخۆییان. گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن لە بەڕێوەبردنی کەسی بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی. دامەزراندنی ناوەندێکی پیشەیی لە سەرۆکایەتی حکومەت بۆ هەماهەنگکردن، چاودێری و هەڵسەنگاندنی سیاسەتە گشتییەکان.( ئەمە لەکاتێکدا سەرۆکایەتی حکومەت تەکنۆکرات و لەدەرەوەی بەشبەشێنەی حیزبی بن)! ئەم هەنگاوانە بە تەواوی لەگەڵ بنەماکانی حکومڕانی ڕەشید یەکدەگرن؛ بنەماکانی شەفافیەت، بەرپرسیارێتی، سەروەری یاسا، وەڵامدانەوە، دادپەروەری، بەشداری هاوڵاتیان و کارامەیی. حکومڕانی ڕەشید تەنها ئامانجی ئەخلاقی نییە، بەڵکو مەرجی سەرەکی بۆ گەشەی ئابووری، هێوربوونی سیاسی و بەهێزبوونی دەوڵەتە. هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەردەم دوو ڕێگادایە. ڕێگای یەکەم، بەردەوامبوون لە سیستەمی حیزبی و بەڕێوەبردنی کەسییە، کە بەردەوامی قەیران، لاوازی متمانە و دواخستنی گەشە لێدەکەوێتەوە. ڕێگای دووەم، گواستنەوە بۆ دەوڵەتی دامەزراوەکانە؛ دەوڵەتێک کە یاسا لەسەر هەمووان حاکم بێت، دامەزراوەکان سەربەخۆ و پیشەیی بن، و دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتی بەکاربهێندرێت، نەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. لە کۆتاییدا، داهاتووی هەرێمی کوردستان بە گۆڕینی تاکەکەسان دیاری ناکرێت، بەڵکو بە گۆڕینی شێوازی حکومڕانی دیاری دەکرێت. ئەگەر هەرێم بتوانێت لە حکومەتی حیزبی بگوازێتەوە بۆ حکومەتی دامەزراوەیی، ئەوا بناغەی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و حکومڕانییەکی ڕەشید دادەمەزرێت؛ حکومەتێک کە هێزی خۆی لە یاسا، دامەزراوە و متمانەی هاوڵاتیان وەردەگرێت، نەک لە هاوکێشەی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵات. ئەمەش دەکرێت ببێتە گرنگترین پڕۆژەی نیشتمانی بۆ قۆناغی داهاتوی هەرێمی کوردستان . 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی