پشیلەی مردوو یان ئەژدیهای زیندوو ؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆمەر موحەمەد

وەڵامێک بۆ ئەحمەد ڕەسوڵ

بەڕێز ئەحمەد ڕەسوڵ لە رۆژی ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٦ لە ماڵپەڕی ئاوێنە بابەتێکی بەناونیشانی "تەعریب، ستراتیژی پشیلەی مردوو" بڵاوکردۆتەوە. بەداخەوە ناوەڕۆکی وتارەکەی لە دژی ئەو کەسانەیە کە نیگەرانی خۆیان لەسەر تەعریب دەربڕیوە نەک لە دژی خودی دیاردەی تەعریب. من کاک ئەحمەد ناناسم و هیچ زانیارییەکم لەسەر بایۆگرافی و پاشخانی سیاسی ئەو بەڕێزە نییە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر ئەم وەڵامە نابێت، چونکە من لێرەدا مامەڵە لەگەڵ دەق و بیرۆکەدا دەکەم نەک لەگەڵ کەسایەتیدا. هەرچەندە لە بابەتەکەیدا زمانێکی توندی بەرامبەر بەو کەسانە بەکارهێناوە، کە لەسەر تەعریب دواون، ئەم وەڵامەم دەروازەی گفتوگۆیەکی فیکری سیاسی بێت. جابا کاک ئەحمەد قسووری نەکردبێ لە ئیستفزاز و گاڵتەکردن بەبیروباوەری ئەوانیدی. بێگومان ئەو نەغمەیە خزمەتمان ناکات و لەبری دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دڕدۆنگی و دژبەری بەرهەم دەهێنێت. خۆزگە لۆژیکی وتارەکەی لە تووڕەییەکەی بەرزتر بوایە. بەڵام کورد دەڵێت داری خۆزگە شین بووە بەڵام بەری نەگرتووە.
بابەتەکەی چەند خاڵی جوان و پرسیاری گرنگی تێدایە، کە دەکرێت جێگەی هەڵوەستە و تێڕامان بن، بەتایبەتی لەسەر هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداری کورد، بەڵام هاوکات کۆمەڵێک خاڵی مەترسیداریشی تێدایە. بەتایبەتی لەسەرسادەنیشاندانی تەعریب! لە لایەک رووناکی دەخاتە سەر هەندێک بابەتی پەنهان و شاراوە، لە لایەکی ترەوە هەندێک بابەتی روون دەخاتە پەنهان و تەمومژەوە. هەڵبەت ئەو مافی خۆیەتی بپرسێت بۆچی ئێستا؟ بەڵام مافی خەڵکیشە هەمان پرسیار بکاتەوە و بڵێت بۆچی ئێستا نا؟ ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەین تا کار لە کار بترازێت و ئینجا هۆشیاربینەوە؟ ئایا هۆشیاری پێشوەختەش هەر خراپە؟
١. حوکمی پێشوەختە
کێشەی بابەتەکەی حوکمی پێشوەختە و گشتاندن و بەشینەوەی تۆمەتە، لە پەرەگرافی یەکەمەوە جگەلەوەی مافی قسەکردن بۆ پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشینکراو ناهێڵێتەوە، هەموو کەسێک کە باسی تەعریب دەکات بە سێبەری دەسەڵات و پاشکۆی حزب تۆمەتبار دەکات، ئەمە نەریتێکی نەخوازراوی نوخبەی کوردییە. نووسەر لە یەکەم پارەگرافەوە هەموو ئەوانەی دژی تەعریبن دەخاتە سەبەتەی دەسەڵاتەوە و بە "سەر بە دوو حزبە خێڵەکییەکەی کوردایەتی، راستەوخۆ یان بە دەستی دوو و سێ لە سێبەردا" ناویان دەبات. ئایا ئەمە ڕەوایە؟ من یان هەر کەسێکی تر کە نەئەندام و لایەنگر و سێبەری هیچ حزبێکین، کەسێکی تر ناسنامەی لایەنێکمان بەبەرۆکدا بکات ؟ ئایا دروستە تەنها لەبەرئەوەی دژی تەعریبین، بە کلیکێک بکرێینە لایەنگری دەسەڵات؟ ئایا کەسانێک کە هەرلەبەرئەوەی پەرلەمانتار یان وەزیر یان ئەندامی حزبێک بوون ڕەوایە مافی قسەکردنیان زەوت بکرێت ؟ لەکاتێکدا لەناو ئەو پەرلەمانتارو وەزیرانە کەسانی بەرێز و بوێر و تێکۆشەر هەن و ئەگەر قسەنەکەن خراپە.
بەهیوام کاک ئەحمەد بەدڵی فراوان ئەم رەخنەیەم لێوەربگرێت، کە دەڵێم : بابەتەکەی بەلاوازی خستووەتە ڕوو. لاوازییەکەشی لێرەدایە: لە بری وەڵامدانەوەی ترسەکە، خاوەنی ترسەکە دەکرێتە بابەتی رەخنە و ناسنامەی حزبی بەسەردا دابەش دەکرێت. من نە حزبییم و نە شۆڤێنیم، تەنها دەنگم بەرامبەر (تەعریب) بەرزکردۆتەوە. تەنانەت دژی هاتنی عەرەب نیم بۆ کوردستان، بەڵکو دژی داگیرکردنی کوردستانم. ئایا تاوانە قسە لەسەر داگیرکەر بکەم؟ من بە دەنگی بەرز دەڵێم دژی تەعریبم، جا لە کەرکوک بێت یان لە هەولێر، دژی داگیرکارم چ دەسەڵاتی کوردی داگیری بکات چ دەسەڵاتی عەرەبی. بە هەمان دەنگی بەرزیش دەڵێم باوەڕم بە پێکەوەژیان هەیە، بەڵام گێل نیم و دەتوانم جیاوازی نێوان تەعریب و پێکەوەژیان تێبگەم. " ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەردە لەسەر ئەم تێگەیشتنە باشتر لادەدات کە دەڵێت: ئەوانەی دوێنێ ئەنفالیان دەکردین ئەمڕۆ لە هەولێرن. ئەمە وتەی خودی دەسەڵاتدارە. جگە لەمەش، ژیان و مردنی چەندین ئەفسەر و بەرپرسی باڵای پێشووی حزبی بەعس لە هەولێر و سلێمانی و بڵاوبوونەوەیان لە میدیاکانی هەرێم خۆی، بەڵگەیەکی زیندووی ئەو واقیعەیە." ئەمە تێگەیشتنی دەسەڵاتدارە بۆ پێکەوەژیان لەکاتێکدا ئەمە پێکەوە ژیانی سیاسیەکانە نەک هی خەڵک.
چی لەوە باشترە کورد بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیەدا بکات،؟ بەتایبەتی ئەم تەعریبە تەکتیکێکی جیاوازی شۆڤێنیزمی عەرەبییە و دەیەوێت بە سیاسەتێکی نەرم کاری خۆی بکات، بۆیە باشترە کورد بە خەباتێکی کەلتووری نەرم رووبەڕووی ببێتەوە، ئەگەرنا لە ئایندەدا لەوانەیە ببێتە فیتنەیەکی گەورە و سەر بکێشێت بۆ گرژییەکی مەترسیدار و خوێنی کورد وعەرەبی تێدا برژێ، کە بەداخەوە هەندێک کەس ئەم لایەنەیان لەبەرچاونەگرتووە. دەی لەوەها شەڕێکدا چەندە پەرۆشم بۆ خوێنی کوردەکان هێندەش پەرۆشم بۆ خوێنی عەرەبەکان لە فیتنەیەکدا کە دەکرێت نەهێڵین ڕووبدات.
تاکە خاڵی بەهێزی بابەتەکەی ئەم نووسەرە ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی بچێتە ناو هەڵڵاوە، دەوەستێت و پرسیاری بنەڕەتی دەکات: تەعریب چییە؟ کەی دەستیپێکردووە؟ پرسیارەکان خۆیان گرنگ و بەهێزن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە خاوەن پرسیارەکە خۆی پێناسەیەکی روونی بۆ تەعریب نییە. تەنانەت مەترسییەکانی نەخستووەتەڕوو.! دیارە ئاگادار نییە کە تەعریب وەک دیاردە لە سەردەمی فتوحاتەوە نەک تەنها دژی کورد، بەڵکو دژی هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی سوپای ئیسلام دەستیپێکردووە. بەڵام ئەگەر باس لە تەعریبی چڕی دەوڵەتی عێراق بکەین، ئەوا بە پراکتیکی لە ساڵی ١٩٢٤ ەوە دەستیپێکردووە، نەک تەنها لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ کە ئەو ئاماژەی پێداوە. تەنانەت مێژووی نزیکیشی لە دەرکردنی کوردە فەیلییەکانەوە دەستپێدەکات کە تەواوی شارەکانی کوت و عەلی غەربی و عەلی شەرقی و بەشێکی گرنگی بازاڕەکانی بەسرەو بەغدا و دیالەیان بەدەستەوە بووە. تۆبڵێی کاک ئەحمەد لە سێدارەدانی (٤٠٠) بازرگانی فەیلی لەساڵی ١٩٨٠دا نەبیستبێ ؟!
مەگەر تەعریب هەر لەلایەن بەعسەوە ستەمکارییە ؟ هەرئەوە بەتەعریب ئەژمار دەکرێت کە بەزەبری تۆپ و تەیارە دەکرێت یان خودی پرۆسەکە لە بنەڕەتدا نادادییە بۆ سەر نەتەوەیەک؟ ئایا ناچارکردن تەنها بە چەک دەبێت یان بە پارەش دەبێت؟ هیوادارم کاک ئەحمەد لەو کەسانە نەبێت کە دژی تەعریبی بەعسە بۆ ئەوەی لە فۆرمێکی تردا رەوایەتی بە تەعریب بداتەوە، بۆ نموونە تەعریب بەناوی ئاینەوە. تەعریب لە رێگەی ئاینەوە بێت یان لە رێگەی دەوڵەت و پرۆژەی وەبەرهێنانەوە هەر سیاسەتێکی مەترسیدارە. و ئامانج لێی لەناوبردنی ناسنامەی کوردە و ئەویش هەر تاوانە، جا بە زەبر بێت یان بە تواندنەوە لە رێگەی جیاوازەوە.

٢. زمان و شێوازی ئاراستەکردن
کاک ئەحمەد بە شێوەیەکی ئیستفزازی نووسیویەتی: "ئەو دیاردەیەی کە تیۆریسیۆنەکانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی باسی دەکەن و بە تەعریب ناوی دەبەن و هاواریان لێبەرز بووەتەوە". ئامانج لەم دەربڕینە چییە جگەلە بچووککردنەوەی کێشەیەکی گەورەو ئیستفزاز کردنی بەرامبەر؟ کاتێک بە نیشانەی سەرسوڕمانەوە دەنووسێت "تیۆریسیۆنەکانی!" ئەمە گاڵتەکردنە بەکەسانێک کە وەک ئەو بیرناکەنەوەو دژی تەعریب دەنگیان بەرزکردۆتەوە. کاتێک دەنووسێت بە تەعریب "ناوی دەبەن" واتا ئەوە تەعریب نییە و ئێمەو مانان بەزۆر ئەو ناوەمان بۆ داتاشیوە. لەوەش زیاتر سووکایەتیکردنە بە داوایەکی ڕەوا و چاوپۆشییە لەداگیرکردنی خاک و بەعەرەب کردنی کورد. یاخود نووسیویەتی "هاواریان لێبەرز بووەتەوە" بێگومان ئەو بەهاوارێکی بێ بنەمای دەزانێت.
لە راستیدا ئەم جۆرە نوسینە، بە ئەنقەست بێت یان نا، بەکەمگرتنی مافێکی خەڵکە کە ترسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، سوکایەتییە بە هاواری ئەو کرێچییەی کە ناتوانێت کرێی خانوو بدات، نەک هاواری تیۆریستەکان و ئەکادیمیەکان. بەداخەوە کاک ئەحمەد هاوارەکە دەبیستێت بەڵام هەست بە ئازارەکەی ناکات. یاخود هەستی پێدەکات و خوێنساردانە سووکایەتی پێدەکات.
ئینجا با بزانین هاوار لێ بەرزبوونەوەی ستەملێکراو بۆ دەبێت عەیب بێت؟ چ عەیبێکی تێدایە کە پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشینکراو، نووسەر و ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ، کادێری حزب، پێکڕا هاواریان لێبەرز بووەتەوە؟ نەک هەر نوسەر ئایا هەموو ئەو دەزگایانەی بابەتەکەیان بڵاو کردووەتەوە دەتوانن پێم بڵێن سوودی دەنگ بەرزنەکردنەوەیان چییە؟
دەبوو بێدەنگی بەرانبەر تەعریب جێی سەرسوڕمان بێت نەک هاوارەکە. خەڵک بۆیە هاوار دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبێتە قوربانی. بەداخەوە گەیشتووینەتە رۆژگارێک کە میدیا و نووسەری کورد گاڵتە بە برین و هاواری خۆی دەکات.
تەعریب تەنها ئەو کاتە ستەم نییە کە تۆ وەک تیۆریستێکی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی ناوی لێبنێیت. تەعریب لە بنەڕەتدا ستەمە، چونکە مرۆڤ دەکاتە پلە دوو لەسەر خاکی خۆی. جا تۆ ناوی بنێی دیاردە، من ناوی بنێم تەعریب، ستەمەکە ناگۆڕێت. پرسیارەکە ئەوە نییە کێ هاواری لێ بەرز بووەتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەبێت کورد هەمیشە لە ترسی ئەوەی بە شۆڤێنی ناوی ببرێت، بێدەنگ بێت لەسەر ستەمێک کە بەرامبەری دەکرێت؟ بۆچی دەبێت پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشین مافی قسەیان نەبێت؟ لە کاتێکدا لەناو پەرلەمانتاران و وەزیرانی خانەنشینکراو مرۆڤی بەهەڵوێست و وردبین هەن و ئەرکیانە قسە بکەن نەک بێدەنگ بن.

٣. دەستوور و یاسا
رەوایەتی دان بە تەعریب بە ناوی یاساوە وەک دەڵێت یاسای هەرێم و دەستووری عێراق رێگەی داوە هەر عێراقییەک لە هەر شوێنێک بژی، کەواتە نابێت پێی بڵێین تەعریب. ئەمە تەنها لە رووی یاساییەوە ڕاستە، بەڵام هەر لە رووی سیاسییەوە کێشەدارە. خۆ ئەوە ڕوونە کە کورد لە بەسرە و بەغدا هەرچەندە ژمارەیان بەرزبێت نابنە هەڕەشە لەسەر عەرەب، بە پێچەوانەوە کورد لەو شوێنانەش دەکەوێتە بەر هەڕەشەی تواندنەوە، کەواتە ئەم یاسایە لە قازانجی دەوڵەتی عێراقدایە کەقەرزدارە بەداوای لێبوردن و قەرەبوو کردنەوەی لەبەرانبەر تاوانەکانی جێنۆسایدی کورد. بۆیە کورد مافێکی ڕەوای خۆیەتی هەمیشە بەچاوی گومانەوە تەماشای هەر هەنگاوێکی دەوڵەتی عێراق بکات و بەووردی چاودێری هەر پلانێکی شۆڤێنیزمی عەرەبی و تورکی و فارسی بکات.
لە رووی کۆمەڵناسییەوە خەڵک مافی ئەوەی هەیە بپرسێت: ئایا کڕینی ٥٠٠٠ شوققە لە شارێکدا لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەیەکی دیکەوە، تەنانەت بە یاساش بێت، کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیا و کلتوور نییە؟ هیچ عەیبێکی تێدا نییە کە کورد رەتی بکاتەوە کەلتوورێکی نامۆی بەسەردا بسەپێنرێت وەک بەدەنگی بەرز قسەکردن و تێکدانی ئارامی شوێنە گشتییەکان و خواردنگە و سەیرانگاکان، یان هێنانەوەی دیاردەی فرەژنی و بەکەلتوورکردنی پەچە و نیقاب و زەواجی میسیار.
یەکێک لە ئارگیومێنتە لاوازەکانی کاک ئەحمەد ئەوەیە کە نووسیویەتی "هاتنی عەرەب و کڕینی شوققە لە چوار پارێزگاکەی هەرێم بە پارەی خۆیان و بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان و بەپێی یاسا و دەستوورە" سەیرە! تۆ ڕەخنە لە دەسەڵاتی بگریت بەڵام ئاگات لەوە نەبێت کە یاسایی بوون مانای رەوا بوون ناگەیەنێت و وەڵامی مەترسی تەعریب ناداتەوە. من بەش بەحاڵی خۆم دژی عەرەب نیم بەڵکو دژی تەعریبم چونکە تەعریب داگیرکارییە و ئەنجامی کۆتایی جێنۆسایدە، وەک چۆن دژی بەعس بووم کاتێک جوتیاری کوردی لە کەرکوک دەردەکرد، ئاواش دژی هەر سیاسەتێکم کە کورد بکاتە پلە دوو لە زێدی خۆیدا، جا ئەو سیاسەتە ناوی یاسای وەبەرهێنانی هەرێم بێت یان دەستووری عێراق.
لە شوێنێکی تر نووسیویەتی ئەمە یاساییە و دەستوور رێگەی داوە. بێگومان ئەوە راستە. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە نەزانیت کە یاسا هەمیشە ڕەوایە، مەگەر تەعریبی کۆنیش هەر بە یاسا نەبوو؟ لە ئێران و لە تورکیاش هەر بە یاسا نکۆڵی لە کورد ناکرێت؟ هەر بە یاسا زمانی کوردی قەدەغە ناکرێت. ؟ لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان یاسا رەوایەتی بە ستەمکاری داوە. من لەو بەرێزانە دەپرسم کە چاوپۆشی لە تەعریب دەکەن و دەستوور دەکەنە پشتیوانی قسەکانیان، ئایا دەستوور باسی پێکەوەژیان دەکات، بێگومان نەخێر بەڵکو مافی بە کۆمپانیاکان و سەرمایەداران داوە شارەکان بکەنە کۆمەڵگەی داخراو، شوقەی لێ بەرزبکەنەوەو بیفرۆشن، خاک هەراج بکەن ئینجا دەستوور ناتوانێت رێگە لەگۆڕینی دیمۆگرافیا بگرێت. بەڵکو دەتوانێت بەناوی هەموارکردنەوەوە مادە دەستوورییەکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا بگۆڕێت. دەستوور لەمپەر لەبەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق دانانێت. کوا لە کوێ رێگەی لە تاڵانکردنی سامانی گشتی گرتووە؟ ئەی ئەو هەموو ملێونێرە سیاسیەی عێراق و کوردستان چۆن هەڵتۆقین ؟ بۆیە پشت بەستن بەیاسا ئارگیومێنت نییە بەڵکو پاساوێکی لاوازە.

٤. داگیرکاری
یەکێکی تر لە ئارگیومێنتەکانی ئەوەیە پەنجە بۆ لایەنی ئابووری درێژ دەکات: دەڵێت کێ یەکەکان دروست دەکات؟ کێ بڕیاری فرۆشتنی داوە؟ کێ پارەکەی سپی دەکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی جەوهەرییە چونکە لە ئاستی سۆزەوە دەچێتە ئاستی بەرژەوەندی مادی دەسەڵاتداران. بەڵام لێرەشدا کاک ئەحمەد دیسان گرفتی تێگەیشتنی هەیە، لەوەی کە دەسەڵاتداری کورد بە داگیرکەر نازانێت، لە کاتێکدا داگیرکەر مەرج نییە هەر عەرەب و تورک و فارس بێت. هەر ئێستا دەسەڵاتداری کورد زەوی و ئاسمان و سامانی کوردستانی قۆرخکردووە. ئەم پاساوەشی لاوازە چونکە دۆسێکانی تێکەڵ کردووە، ئێمە لێرەدا قسە لە تەعریب دەکەین، نەک لەستەمکارییەکانی دەسەڵاتداری کوردی، دەنا ستەمکاری و قۆرخکاری دەسەڵاتداری کوردی لەگەڵ کورد سنووری یاسا و بەها ئەخلاقییەکانی بەزاندووە وکەس نکۆڵی لەو ڕاستییەناکات. تەنها ئەوانە نەبێت کە برغون بە ماشێنی وێرانکاریی دەسەڵاتەوە.

لە خاڵی سێیەمدا نووسیویەتی: "لەم پرۆسەیەدا هیچ کەسێکی کورد ناچار نەکراوە بە هەرزانفرۆش یان چۆڵکردنی خانوو و ماڵەکەی". بەڵێ ناچارکراوە زۆرن ئەوانەی ماڵیان هەرزان فرۆشکردو لەئاوی ئیجەدا خنکان. گریمان ئەمڕۆ ناچار نەکراوە بەڵام سبەی ناچار دەکرێت. کاتێک خانەوادەیەک کەسێکیان نەخۆش دەکەوێت و جگە لە خانووەکەی هیچی تری نییە، ناچار دەبێت ئەوەش بۆ چارەسەری تەندروستی بفرۆشێت، ئایا ئەمە ناچارکردن نییە؟
لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت "من هیچ ئامارێکی ورد شک نابەم، ئەوانیش ئاماریان نییە". کەچی خۆشی بەبێ ئامار حوکم دەدات و دەڵێت "ژمارەکە هێندە زۆر نییە" لەوەش زیاتر دەڵێت "زۆربەیان گەڕاونەتەوە". باشە ئەگەر ئامار نییە، چۆن دەتوانین بڵێین رێژەی عەرەب زۆرە یان کەمە.؟ ئەمە لاوازی بەڵگەیە. بۆیە منیش دەتوانم بڵێم ئەم جۆرە نوسینە ئاو دەکاتەوە ناو ئاشی سەرمایەدارانی کورد، کە بایەخ بەکوردستان نادەن و سنورێکیان بۆ هاتنی عەرەب نییەو باکیان بە وێران بوونی کوردستان نییە و لەدواجاردا ئەم نوسینەش دەچێتە ئەو خانەیەوە کە زەمینە بۆ هاتنی عەرەب خۆش دەکات.
٥. تەعریب بەتاپۆ نەک بەتانگ
وتارەکەی دوو بانگەشەی تێکەڵ کردووە: یەکەمیان دەیەوێت بڵێت "ئەوەی ئێستا تەعریب نییە بەڵکو تەنها سیناریۆیەکی دەسەڵاتی کوردییە بۆ داپۆشینی گەندەڵییەکانی" بەشی یەکەمی نکۆڵیکردنە لەهەوڵی تەعریب و بەشی دووەمی ڕاستی تێدایە چونکە دەسەڵاتداری کوردی ئامادەی هەموو سازشێکە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا، هەرچەندە ئەمەش پێویستی بە بەڵگەی زیاترە، بەڵام ئەی بۆ سیاسەتی تورکیا و قەتەریش نەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە؟ یاخود بۆچی چاوپۆشی لە تەعریب بکرێت بە پاساوی ئەوەی دەسەڵاتداری هەرێم گەندەڵن؟
بێگومان هەمووان دەزانن ئەوەی ئێستا هەیە تەعریبی کلاسیکی نییە، هاوشێوەی هێنانی عەرەبی خێڵەکی نییە بۆ سەر زەوی جوتیاری کورد یان بۆ فراوانکردنی شارەکانی کەرکوک و دیالە و کەمکردنەوەی رێژەی کورد، بەڵام ئایندەی ئەم سیاسەتە لەتەعریبی پێشوو مەترسیدارترە چونکە ئەمجارە هەرێمی دانپێدانراوی کوردستانیش تەعریب دەکرێت. بۆیە نەک هەر تەعریبە بەڵکو دەکرێت ببێتە فیتنەیەکی دوارۆژ کە خەڵکی هەژاری تێدا دەبنە قوربانی، جا عەرەب بن یان کورد هەر زیانە و خوێنیان دەبێتە وزەی کۆکردنەوەی قازانج بۆ بازرگانانی جەنگ.

من لە کاک ئەحمەد دەپرسم ترس و نیگەرانی خەڵک لە تەعریب بۆچی نارەوایە و بۆ دەبێت ئەمە نەتەوەپەرستی بێت و ملدان بە تەعریب وەک مرۆڤدۆستی تەماشا بکرێت؟
دەپرسێت: ئایا ئەوەی ئێستا هەیە وەک تەعریبی بەعس وایە؟ ئەمە یەکێکە لەپرسیارە لاوازەکانی ئەو نوسینە، چونکە هەموو دەزانن، کە نەبەعس ماوەو نەتەعریبیشی؛ بۆیە هیچ کەسێکی عاقڵ نادۆزیتەوە بڵێت: ئەمە وەک تەعریبی بەعسە و کورد بە زەبری چەک و سوپا دەردەکرێت و عەرەبی دەخرێتە شوێن. نەخێر تەعریبی بەعس بەتانک و تۆپ بوو بەڵام تەعریبی ئێستا بەپارەو تاپۆیە. تەعریب پرۆسەیەکی بەرنامەڕێژکراوە بۆ تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی نەتەوەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیا بە سەرپەرشتی دەوڵەت. سیاسەتێکی دورمەودایە جا ئەندازیارەکەی تورکیایە یان ئێران و قەتەر ئەوەیان هێشتا ڕوون نییە.
لاوازترین بەشی نووسینەکەی کاک ئەحمەد ڕەسوڵ لە خاڵی دووەمدا چڕدەبێتەوە، بابزانین چی نووسیوە؟ " ئەمە پرۆسەیەک نییە بە سەرپەرشتی دەوڵەت و دەزگاکانی، بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراو بەڕێوەبچێت، بەڵکو هەڕەمەکییە و هەندێکیان دوای ماوەیەک یەکەی نیشتەجێبوونەکەیان دەفرۆشنەوە." دیارە پێوەری ئەم نووسەرە بۆ تەعریب ئەوەیە کە دەبێت وەزارەتی بەرگری و سوپا سەرپەرشتی بکەن هەتا ناوی بنێین تەعریب، ئەگەر واتەماشای بکەین ئەوا کاک ئەحمەد ڕاست دەکا و لە هیچ شوێنێکی دنیای ئەمڕۆدا تەعریب بوونی نییە. چونکە لە سەدەی ٢١ دا دیمۆگرافیا بە بڕیاری سەدام ناگۆڕێت بەڵکو بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان و بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی داخراو دەگۆڕدرێت. وەک خۆی دەڵێت "بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان" دەفرۆشرێن. باشە دەستەی وەبەرهێنان چییە ؟ مەگەر ئەویش دەزگایەکی حکومی نییە؟ مۆڵەت و رەزامەندی و تاپۆکردن لە دادگای هەرێم ناکرێت؟ کەواتە چۆن دەڵێیت بە سەرپەرشتی دەوڵەت نییە؟ دەوڵەتەکەی ئێمە خۆی بووەتە سەرمایەدار و سەرمایەدارەکەشی بووەتە دەوڵەت، ئیتر پێویستی بە پلانی نهێنی نییە. یان دەڵێیت "هەڕەمەکییە و دواتر دەیفرۆشنەوە" - ئەمە بەڵگەیە لە دژی خۆت، نەک لە بەرژەوەندی خۆت. ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئەوە بازرگانییە، نەک پێکەوەژیان. کەسێک کە دێت بۆ پێکەوەژیان خانووەکەی نافرۆشێتەوە دوای ساڵێک، بەڵکو ئەوەی دێت بۆ بازرگانی و سپیکردنەوەی پارە دەیفرۆشێتەوە. ئێمەش قسەمان لەسەر هەر ئەم بازرگانییەیە کە نیشتمان دەکاتە کاڵا. تەعریبی جاران بە تانک و تۆپ دەکرا، بەڵام تەعریبی ئێستا بە تاپۆ دەکرێت. ئامرازەکە گۆڕاوە، بەڵام ئەنجامەکە هەر گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانە.

ئێستا، با بپرسین:
١. کاتێک دەستەی وەبەرهێنان کە هەمووان دەزانن نمایندەی دەسەڵاتدارانە، بڕیار دەدات هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بفرۆشێت، ئایا ئەمە بڕیاری دەوڵەت نییە؟ بڕیاری هێزی دەسەڵاتدار نییە؟ ئەمەش هەر لە سۆنگەی دەستوور و یاساوەیە، ئیتر رەوایەتییەکەی لە کوێدایە؟
٢. کاتێک سەرمایەدار کە هاوکات دەسەڵاتدارە، بە مەبەستی سپیکردنەوەی پارە، بازاڕی خانوو گران دەکات و گەنجی کورد ناتوانێت بیکڕێت و لە شوێنەکەی خۆیدا دەبێتە پلە دوو، ئەمە تەنگپێهەڵچنین نییە؟ با ناوی بنێین تەنگپێهەڵچنینی ئابووری، نەک ئەمنی. ئەی جیاوازییەکەی لەگەڵ تەعریبی بەعسییەکان چییە؟ ئەگەر دوێنێ بە زەبری هێز کورد لە ماڵی خۆی دەردەکرا ئێستا بە زەبری پارە زەوی و ماڵی لێ دەکڕدرێت و یاساش پشتیوانە.
٣. ئەم جۆرە نوسینە ئامانجی چییە؟ لێدانە لە سیاسەتی تەعریب یان لە هەر دەنگێک دژی تەعریب هەیە؟

٦. لۆژیکی پشیلەی مردوو
دەربارەی پشیلەی مردوو ستراتیژیستێکی سیاسی و کەمپەینکاری ئوستوڕالی "لینتن کرۆسبی"، هێناوەتەوە بۆ پشتیوانی بیروڕاکانی و بەم شێوەیە باس دەکات: "فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزەکە" چارەسەرەکەیە.
ئەم بەدەنگهاتنەی خەڵکی کوردستان بە پشیلەیەکی مردوو چواندووە بە ناوی تەعریبەوە بۆ داپۆشینی گەندەڵی. گریمان وابێت. بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: تۆ بۆ لۆژیکی پشیلەی مردوو دەکەیتە ئارگیومێنت لەکاتێکدا ئەوەی مەترسییە ئەژدیهای زیندووە. نەک پشیلەی مردوو. باشە مرۆڤ چۆن دەتوانێت دژی گەندەڵی بێت و لە تەعریب بێدەنگ بێت؟ مەگەر تەعریب لەگەندەڵی مەترسیدارتر نییە ؟ مەگەر هەر گەندەڵی نییە کە زەمینەی تەعریب خۆش دەکات ؟ بەرزکردنەوەی ئەو هەموو شوقەیە خۆی دەرهاویشتەی گەندەڵییە و بازاڕگەرمییەکەشی بە تەعریب چارەدەبێت.
لەوەدا ئەم نووسەرە راست دەکات کە کورد بەرلەوەی یەخەی کەس بگرێت دەبێت یەخەی دەسەڵاتداری کورد بگرێت. بەڵام ئایا ئارگیومێنتی پشیلەی مردوو لە جێگەی خۆیدایە؟ ئایا بەدەنگ هاتنی خەڵکی کوردستان پشتیوانییە لە گەندەڵی؟ یان هەستکردنە بە دۆخێکی مەترسیدار کە لە سبەی تەعریبی کوردستاندا هەر ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵانە دەبنەوە داردەستی دەوڵەت و هێندەی تر قورەکە بۆ خەڵک خەست دەکەنەوە؟
کاک ئەحمەد بەو پێیەی ئاماژەی بە مەترسی ئیسلامی سیاسی و سەپاندنی کەلتووری عەرەبی نەداوە بە ناوی ئاینەوە خۆی لەوە دەبوێرێت بڵێت ئەمە پیلانی تورکیا و قەتەرە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا. ئایا هەق نییە لە خۆمان بپرسین تورکیا و قەتەر و ئێران لەسەر چ بنەمایەک هاوکاری ئیسلامی سیاسی دەکەن؟ ئایا ئەگەر ئیسلامی سیاسی بەرنامەی بۆ پاراستنی خاکی کوردستان هەبوایەو لەیەک کاتدا حزبی نەتەوەیی و ئاینی بوونایە ئەو دەوڵەتانە پشتیوانیان دەکرد یان دژایەتیان دەکرد ؟ کەواتە کە خەڵک کە هاوار دەکات، هاوارەکەی لە جێی خۆیەتی، ئەمە نەک سیناریۆی دەسەڵاتی کوردی نییە بەڵکو شەرمەزارکردنی دەسەڵاتی کوردییە.
هەرلێرەشەوە پێمباشە قسەیەکمان بۆ ئەو کەسانە هەبێت کە بەپاساوی پێکەوە ژیان پاساو بۆ تەعریب دەهێننەوە. پێموانییە خەڵکی کوردستان دژی پێکەوەژیان بێت. دژی تەعریبێکە بە ناوی پێکەوەژیانەوە. کاتێک پێکەوەژیان لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری بێت، خەڵک بۆچی تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت و بۆ دژی دەوەستێتەوە؟ کاتێک عەرەب یان هەر نەتەوەیەکی دی بێت لە شار و وڵاتی مندا بە پارەی سپیکراوە خانوو بکڕێت و من نەتوانم بیکڕم لە کاتی دەنگ بەرزکردنەوەم لە دژی ئەم نادادییە بکرێم بە شۆڤێنی تەنها لەبەر ئەوەی قسەم کردووە، ئەمە چ رەوایەتییەکی تێدایە؟ ئەم عەقلییەتە چ بەهایەکی بۆ مافی تاک هەیە هەتا رێزی بۆ پێکەوە ژیان هەبێت ؟ بۆیە دوبارە دەیڵێمەوە بەڵێ دژی تەعریبم وەک ستەم. وە دژی ئەوەشم کە بە ناوی دژایەتیکردنی شۆڤێنیزمەوە، پشتیوانی لە ستەمێکی نوێ بکەین.
گرنگە هەموومان دڵسۆز بین، بەڵام لەوەگرنگتر ئەوەیە دڵسۆزی هۆشیاربین دەنا بەچی دەچێت دڵسۆزی نەزان بین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی