ریکلامی بازرگانی بەزمانی عەرەبی لەکوردستان؛ مەترسییەکانی داهاتوو

5 کاتژمێر پێش ئێستا

دەشتی بەرزەواری

لەمدواییانەداو بەپێی گەشەسەندنی بازرگانی و کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەڕووی وەبەرهێنانی بیانی و کۆمپانیا عەرەبییەکاندا، هاتنی بەلێشاوی پیشەکار و  کڕیار و فرۆشیاری عەرەبی عێراق و سوریا و کۆپانیا بازرگانییەکانی ناوچەکە بەگشتی، دیاردەیەکی نوێ لە شەقام و بازاڕ و میدیاکانی کوردستاندا سەریهەڵداوە؛ ئەویش بەکارهێنانی فراوانی زمانی عەرەبییە وەک زمانی یەکەم لە ریکلام و بانگەشە بازرگانییەکاندا وەک: (زەوی و خانوبەرە، باڵەخانەکان، پێشانگەی ئۆتۆمبێل، شوێنە گەشتیارییەکان، چێشتخانەکان، کەلوپەل و کاڵاکانی تری ناو بازاڕ). هەرچەندە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بەشێک لە بازرگانان ئەمە وەک کرانەوە و ڕاکێشانی کڕیار لە پێکهاتە جیاوازەکان دەبینن، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەوە، ئەم دیاردەیە مەترسییەکی ڕژدی لەسەر زمانی کوردی و ناسنامەی فەرهەنگیی هەستی نەتەوەیی مرۆڤی کورد دروست دەکات.

لە کاتێکدا بەپێی دەستوور، لە هەرێمی کوردستان وعێراقدا زمانی کوردی هاوتا لەگەڵ زمانی عەرەبیدا زمانێکی فەرمیی دەوڵەتە لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام کاتێک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا تەواو پابەندی ئەو پرەنسیپە یاسایی و ئەخلاقییە نابن، کە هۆکارگەڵێک هەن ناکرێ لێردا باسی بکەین ، ئەوە لێی دەگەڕێین بۆ باسێکی تر.  ئەوەی زۆر گرنگە بگوترێت ئەوەیە، کە زمانی کوردی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ تێگەیشتن و پەیوەندیی ڕۆژانە، بەڵکو قەڵای ڕاستەقینەی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژووی گەلی کوردە.

کاتێک لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زمانی عەرەبی دەبێتە زمانی باڵادەست و زمانی یەکەم لە رێکلام و تابلۆی کۆمپانیا و براندەکاندا، بە شێوەیەکی نەبینراو و ناڕاستەوخۆ پاشەکشە بە زمانی کوردی دەکات. ئەمەش وادەکات تاکی کورد، بەتایبەت نەوەی نوێ، تووشی جۆرێک لە کەمتەرخەمی یان «شەرمکردن لە زمانی خۆی» بێت، کە دەبینێت زمانی کوردی لە کایەی بازرگانی و ئابووریدا گرنگی پێ نادرێت یان دەپەڕێندرێت.

ئاوای زۆر ئازار بەخشە ئەوەیە، کاتێک مرۆڤ بە هەر شەقام و کۆڵانێکی شارەکانی باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت، دەبینێت زۆربەی هەرە زۆری تابلۆکانی سەر دوکان و چێشتخانەکان، فلێکسی کۆمپانیاکان، ریکلامەکانی سەر شاشەکان بە زمانی عەرەبی نووسراون. جا ئەمە بە هۆشیاری کرابێت یاخود بێهۆشی، وا هەست ناکات لەو هەرێمەدا یان لەو شارەی تێیدا دەژێت زمانی کوردی زمانی یەکەم و فەرمی بێت!

ئەم دیاردەیە چەندین مەترسی لەسەر هەستی نەتەوەیی تاکی کورد دروست دەکات و دوو هێندە ئازاری دەروونی بە چینی خوێندەوار و هۆشیاری کوردستان دەگەیەنێت، چونکە دەبینێت کە ئەم بێباکییەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی کوردی وا داکات بە هێمنی ولەسەرخۆ ببێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەستبوون بە ناسنامەی نەتەوەییەوە. لە ڕاستیدا بەردەوام بینینی نووسراوەکان بە زمانی عەرەبی لە شوێنە گشتییەکاندا دەبێتە هۆی ئاساییبوونەوەی بەعەرەبکردنی ژینگەی فەرهەنگی (Cultural Arabization) و لاوازبوونی شانازیکردن بە بەها نەتەوەییەکان. جگە لەوەی دەبێتە هۆی داڕمانی پێگەی زمانی کوردی لە بازاڕدا و دروستکردنی وێنەیەک کە گوایا زمانی کوردی توانای بەکاربردنی نییە لە کایەی بازرگانی، هاوچەرخبوون و براندسازیی جیهانیدا.

بێباکی دەسەڵاتی کوردی لە بڵاوبوونەوەی زمانی عەرەبی بەم شێوەیە بەناوی سوودی بازرگانییەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەوەی نوێ (منداڵان و گەنجان) دروست دەکات، کاتێک دەبینن ریکلامی بەرهەمە سەرنجڕاکێشەکان، یارییەکان و براندە ناودارەکان بە زمانی عەرەبی بەر گوێیان دەکەوێت و بە ئاسانی بە دستیان دەگات. ئەمەش وا دەکات وردە وردە و بە بێدەنگی و خۆویستانە پێگەی زمانی دایک لەلای نەوەی نوێ لاوز بێت  یان بەتەواوی بکەوێت و ڕوو لە بەکارهێنانی زمانی جێگرەوە بکەن.

ئەوەی پێویستە لەسەر دەسەڵات و کۆمەڵگەی کوردی بیکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە و ڕێگریکردن لە سڕینەوەی زمانی کوردی و پاراستنی هەستی نەتەوەیی تاکی کورد، پێویستە هەنگاوی خێرا و ڕژی بنرێت:

١. جێبەجێکردنی یاسای زمانی فەرمی: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی یاساکانی پاراستنی زمان، کۆمپانیاکان ناچار بکەن، کە زمانی کوردی بکەنە زمانی بنەڕەتی و یەکەمی هەموو ریکلام و تابلۆیەکی بازرگانی.

٢. سەپاندنی مەرجی زمان لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان: ئەگەر کۆمپانیایەکی بیانی یان عەرەبی لە کوردستان وەبەرهێنان بکات، دەبێت ڕێز لە زمانی فەرمیی هەرێمی کوردستان بگرێت و ریکلامەکانی زمانی کوردی بکرێت یان وەربگێڕێت بۆ زمانی کوردی، نەک ژینگەی فەرهەنگیی کوردستان بەپێی ویستی خۆی بگۆڕێت.

٣. بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستە تاکی کورد هۆشیار بکەنەوە لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردن لەو براند و شوێنانەی ڕێز لە زمانی کوردی دەگرن.

٤. سزای یاسایی لە کاتی پێویستدا: پێویستە حکومەتی هەرێم بەسودوەرگرتن لە دەستوور و یاساکانی تایبەت بە پاراستنی زمان، سزای توندی هەموو ئەو کەسانە بدات کە سەرپێچیی ڕێنماییەکان دەکەن.

لە کۆتاییدا دەڵێین: سەپاندن یان بەکارهێنانی ناپێویستی زمانی عەرەبی لە ریکلامەکانی کوردستاندا، تەنیا بابەتێکی بازرگانیی سادە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە داگیرکاریی فەرهەنگیی نەرم کە درز دەخاتە نێوان تاکی کورد و ناسنامە نەتەوەییەکەی. پاراستنی زمانی کوردی لە کایەی بازرگانی و ریکلامدا، پاراستنی دواڕۆژی نەتەوەیەکەیە؛ نابێت بە بیانووی بازرگانی و کرانەوە، دەستبەرداری گرنگترین پایەی زمان، بوون و ناسنامەی خۆمان ببین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی