ئایندەی کەرکوک لە سێبەری گورگە بۆرەکاندا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم


 بیرکردنەوەی موحەمەد سەمعان، پارێزگارە نوێیەکەی کەرکوک، هیچ جیاوازییەکی نییە لە تێڕوانینی گورگە بۆرەکانی تورکیا. دەستبەرزکردنەوەشیش ئاماژەیە بۆ ڕەمزی ئەو ڕێکخراوە نەتەوەپەرستە دژ بە کوردە.
 سەمعان، کە لە ئەنجامی ململانێی پارتی و یەکێتی و نەسازانییان بۆ پێکهێنانی زۆرینەی کوردی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە تاکە کورسییەک لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەو پۆستە هەستیارەی پێشکەش کرا. لەوەتەی ئەو پۆستەی پێدراوە، ڕێگای ئەنقەرە بۆ ئەو نزیکترە لە ڕێگای بەغدا.
 گورگە بۆرەکان تا ئێستا چەندین جار لە کەرکوک و تەنانەت لە شاری هەولێریش نمایشی خۆیان کردووە. ئەوان شاری کەرکوک بە شارێکی تورکمانی دەبینن، بۆیە دوای دەستبەکاربوونی پارێزگارە تورکمانەکە لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، چەندین پێشێلکاریی دەستوریی کردووە کە خزمەت بووە بە ئەجێندای دەوڵەتێک کە دەستوەردانی زەق دەکات لە کاروباری کەرکوک.
 ڕێکەوتن لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانییەکانی تورکیا تا کەرکوک ببێتە بەشێک لەو ئەنجومەنە، و لێدوان دژ بە ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق، لە هەرە پێشێلکارییە زەقەکانن کە دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت.
 ئەوەی ئێستا لەسایەی دەسەڵاتی پارێزگارە تورکمانەکە لە کەرکوک ڕوودەدات، مەترسیدارە، چونکە زەمینە خۆشدەکات بۆ دەستوەردانی زیاتری دەوڵەتی تورکیا لە کاروباری کەرکوک. بەدەرککردن لەو مەترسییانە، دەبێت فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پشت بکەنە ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە نێوانی هەردوولایان هەیە، دەبێت ئەوان پەلە بکەن لە پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەشی کوردستانی، تا بتوانن بە زۆرینەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا ئاستەنگ بۆ کارە نادەستورییەکانی پارێزگارە تورکمانەکە دروست بکەن.
یەکەم کاریشیان دەبێت لێپێچینەوە بێت لەو لێدوانەی کە دژ بە ماددەی ١٤٠ی دەستور داویەتی و دەبێت ڕوونکردنەوە بدات و پۆزش بهێنێتەوە.
یەکێتی و پارتی، ئەگەر ئەوە نەکەن، ناکۆکییەکانیان هێندەی دیکە پارێزگای کەرکوک بە سیمای تورکییەکەی ڕەنگڕێژ دەکرێت و دڵ و قودسەکەی ئەوان دەبێتە ئەو شارەی کە پارێزگار دەڵێت: «قوڵایی ستراتیژی کەرکوک تورکیایە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی