کەرکووک بە سیاسەتی کەرە دێزە فرۆشرا و بەیاننامە دادی کەس نادات!

7 کاتژمێر پێش ئێستا

مەجید ساڵح


کاتێک بەیاننامە شەرمنەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە وەڵامی محەمەد سەمعاندا خوێندەوە، لە پێشدا ئەز شەرم دایگرتم! دەستەیەک کە خۆی بە پاسەوانی خاکی دابڕاو دەزانێت، لەبری هەڵوێستی مەیدانی و توند، کەوتووەتە پاڕانەوە و داوا لە پارێزگارێکی سەپێنراو دەکات گیانی پێکەوەژیان تەبایی تێک نەدا! ئەمە وەڵامدانەوە نییە، ئەمە ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی و پینە و پەڕۆ کردنی ئەو کارەساتەیە کە دوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) بەسەر کەرکووکدا هێناویانە.
محەمەد سەمعان لە کەناڵی فەرمیی عێراقەوە ڕادەگەیەنێت کە ماددەی ١٤٠ گەورەترین هەڵەی ستراتیژی بووە. بەراستی چی وایکردوە کەسێکی وەک سەمعان ئەو جورئەتە بکات و ئەو شەکرە بشکێنێت؟
سەمعان باش دەزانێت کە بڕیار و ئیرادەی سیاسیی کورد لە کەرکووکدا کراوەتە قوربانیی ململانێی دوو حزب، واتا کینەی کۆن، و سیاسەتی «کەرە دێزە»ی نێوان یەکێتی و پارتی. کاتێک بەرپرسانی هەردوولا ناوبەناو خەریکی خەنجەردانن لە پشتی یەکتر و کەرکووکیان کردە بەشێک لە سەودا و مامەڵەی شەخسی و حزبی لە بەغداد، شەقامی کەرکووکیان تەسلیمی کەسانێکی وەک سەمعان بێگ کرد کە تەنانەت لە خەونیشیاندا نەیاندەبئنی بڕیاردەری ئەو شارە کوردییە بن.
بەرپرسانی ئێوە پێیان وایە جەماوەر نەزانن و بە ڕستەگەلێکی سادە و وشەی ڕازێنراوەی ناو بەیاننامەکان فریو دەخوات.
 ئێمە دەزانین پاراستنی دەستوور بە بەیاننامە ناکرێت، کاتێک لە سەرکەوتنی سیاسی و هێزی مەیدانیدا شکست دێنن، دێن لەسەر کاغەز باسی «ئیرادەی گەلانی عێراق» و «پابەندبوونی دەستووری» دەکەن. ئەگەر بەڕاستی بەهای دەستوورتان دەزانی، بۆچی لە پێناو پلەوپۆست و دەستکەوتی حزبی، سەنگەرتان لە یەکتر گرت و کەرکووکییەکانتان بەبێ پشتیوان هێشتەوە؟
 شکستی ستراتیژی بە بەیاننامە پینە ناکرێت، خەڵکی کوردستان باش دەزانێت کە ئەم بەیاننامەیەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان تەنها بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی پەندە کوردییەکەیە: «لە دوای تڕێ، خەمشە بڕێ». دوای ئەوەی ماڵەکەتان بە دەستی خۆتان و بەهۆی چاوبرسییەتی حزبییەوە دۆڕاند، ئێستا هاتووون لە پشت ڕاگەیاندنەکانەوە بەرد لە نەیارانتان دەگرن؟
محەمەد سەمعان تەنها داردەستە و ئەو قسانەی دەیکات حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم پێشتر زەمینەکەیان بۆ ڕەخساندووە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە شاری کەرکووک نەک هەر بە سەمعان، بەڵکو بە بێباکی و ناکۆکیی نەبڕاوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دۆڕێنرا.
ئەگەر پارتی و یەکێتی تۆسقاڵێک ڕێزیان بۆ خەبات و خوێنی شەهیدانی کەرکووک بمابووایە، لەبری دەرکردنی بەیاننامەی کاغەزیی، دەستبەرداری گەمە حزبییەکانیان دەبوون و بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی کرداریی لە بەغداد، وەڵامی ئەو سووکایەتییانەیان دەدایەوە. بەڵام کاتێک سیاسەتی حزبی زاڵ دەبێ حەتمەن ئەنجامەکەی هەر ئەوە دەبێت کە دەستەواژە دەستوورییەکان بشێوێندرێن و کورد لە شارەکەی خۆیدا بکرێتە تەماشاکار!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی