کاکە حەمە بۆ وادەکات؟

6 کاتژمێر پێش ئێستا

سنور کەریم

من وەک ڕۆژنامەوان بەدوای وەڵامێکدا دەگەڕێم، تەنها وەڵامی پرسیارێکی سادە، نمایشی تانکەرو تراکتۆر لەگوڵەخانە بۆ بەرەنگاربونەوەی کامە بەرەی جەنگە؟ بەرەی ئەمریکا ئیسرائیل، یان ئێران ڕوسیا؟، دەمەوێت لەکاکە حەمە بپرسم، ئایا دەزانیت گروپە چەکدارەکانی عێراق خاوەنی چەند دانە موشەکی جۆراوجۆرن؟ حاشا من باسی جۆری چەکە پێشکەوتوەکانی ئەمریکا، ئێران، ئیسرائیل، ڕوسیا، ئۆکرانیان‌و چین‌و چی‌و چی ناکەم تەنها گروپە میلیشیاکان دەڵێم؟

کەواتە تانکەرو تراکتۆر لەکوێی هاوکێشە سەربازیەکانی تەنها ناوخۆی عێراقدایە؟ 

من دوجار لەنزیکەوە بەخزمەتی کاکە حەمە گەیشتوم‌و لەگەڵیدا دانیشتوم، هیچ ڕێگە بەخۆم نادەم لەخەباتی ڕابردویی‌و ماندوێتی‌و جەرگ سوتانی کەم بکەمەوە، بەس بەڕاستی تەنها بۆ ڕێزگرتن لەخوێنی کوڕە شەهیدەکەی، دەبێت کاکە حەمە ڕێگە بەم فۆڕمە نمایشە کارتۆنیە نەدات کە لەحزبەکەیدا بەڕێوەدەچێت!

کاکە حەمە جەنگ لەدەرگای هەرێمە، دۆخی ژیانی خەڵک تا لوتکە خراپە، هەرێم لەلێواری لێکترازانی یەکجارەکیدایە، لەپشت گوێتەوە بەچەند کیلۆمەترێک هەر ئەمڕۆ ئێران هێرشی درۆنی کردوه‌تەسەر بارەگای حزبە کوردیە ڕۆژهەڵاتیەکان، تێمان ناگەیەنیت بەنمایشی تانکەر دەتەوێ چ پەیامێکمان پێ بڵێی؟

لەولاشەوە گاڵتە بەوجودی سیاسیی سەربازیی‌و تاکتیکی ئەمریکا بکەیت، لەکاتێکدا قورسایی سەربازیی حزبەکەت تراکتۆربێت‌و هی هەموو هەرێمی کوردستانیش هێشتا شتێک زیاتر لەسەروی قوەتی هێزەکەی تۆوە بێت!

کاکە حەمە وەک پیاوێکی خاوەن خەباتی سیاسیی لەڕابردودا، وەک باوکی شەهیدێک خۆشمان دەوێیت، تکایە ڕێز لەهەستی هاونیشتیمانیانت بگرە، لەوە زیاتر نە بریندارمان بکە، نە خۆشتان بکەن بەگەمەی ناو سۆشیاڵ میدیاو گاڵتەپێکردن‌و هەتا ئاستی سوکایەتی بەخەباتی ڕابردوتان.

گوێم لەوتارەکەت گرت داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەیت، دەی فەرموو کاکە حەمە ئەو هێزەی 34 ساڵە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن لەگوڵەخانە، دەستپێشخەربەو بیگەڕێنەرەوەسەر وەزارەتی پێشمەرگە. 

پاشان پێتوایە، خراپترین حکومەتی کوردی لەباشترینی دونیا باشترە، دەی لەناو هاوکێشە سیاسیە ناوچەییەکاندا، خۆت یەکلاو بێلایەن بکەو ئەو ناوەی کە چەندین ساڵە وەک لایەنگری هێزێکی هەرێمی لەسەرتە پاکی بکەرەوە، ئەوسا بەڵێن بێت من یەکەم لایەنگری سەرسەختی تۆم، بەڵام بەم فۆڕمە تکایە بوەستن! گەر ناتوانن کەمێک لەئازاری خەڵک‌و لەخراپی دۆخی سیاسیی‌و سەربازیی هەرێم کەم بکەنەوە، لانیکەم بێدەنگی قورساییەکی جوانە بۆ ڕابردوی خۆتان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی