ژیان بۆ زۆربەی مرۆڤەکان بووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی بێبڕانەوە لە نێوان عەقڵ و فەلسەفە و دیندا. هەر دەستەیەک دەیەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە تەنیا تێڕوانینی ئەو ڕاستە و ئەوانی تر هەڵەن. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە بۆچی پێویست دەکات خۆت لە نێوان ئەم سێ ڕەهەندەدا بەند بکەیت و هەڵبژاردنێکی سنووردار بکەیت؟ کاتێک بەقوڵيی و بێ دەمارگیری لەپەیامی هەموو دینەکان و تێڕوانینی فەیلەسووفە مەزنەکان و لۆژیکی عەقڵ دەکۆڵیتەوە، دەبێنیت لەیەک خاڵی جەوهەریدا کۆدەبنەوە ئەویش فەرمانکردن بەچاکەو ڕێگریکردنە لەخراپە.
دینەکان هاتوون تا مرۆڤ بەرەو بەها باڵاکانی ئەخلاق و ئارامی ڕۆحی ببهن فەلسەفە هاتووە تا هۆشیاریی بەمێشک ببەخشێت عەقڵیش ئامرازی جیاکردنەوەی چاکە لەخراپەیە لەژیانی ڕۆژانەدا، تەواوی ئەم سێ چەمکە تەنها بۆ یەک ئامانج کاردەکەن پاککردنەوەی ناخی مرۆڤو ئاوەدانکردنەوەی جیهان بەچاکە.
ئەگەر دینەکەت، فەلسەفەکەت یان عەقڵت نەتگەیەنێتە ئەوەی کۆمەڵگەکەت خۆشبوێت، دەستی مەزڵومێک بگریتو ڕێگری لەزوڵمو خراپە بکەیت، ئەوا کێشەکە لەڕێگهکەدا نییە، بەڵکو لەتێنەگەیشتنی تۆدایە، ژیان زۆر لەوە کورتترو بەنرخترە کە بپەرژێیتەسەر دروستکردنی بەرەی دژبەیەک، بژی بۆ ئەوەی سەرچاوەی چاکە بێت، جا لەهەر ڕوانگەیەکەوە لەجیهان دەڕوانێت.
ژیان کاتێک مانا دەبەخشێت کە فێربین لەبری دروستکردنی دیوار لەنێوان چەمکەکاندا، پرد لەنێوانیاندا دروستبکەین، عەقڵ چرای ڕێگهکەیە فەلسەفە ئاسۆی بیرکردنەوەیەو دینیش کەناری ئارامیی ناخە.
کێشەی مرۆڤی هاوچەرخ لەوەدانییە کە زانیاریی کەمە یان ئامرازی تێگەیشتنی نییە، بەڵکو لەوەدایە فێری ئەوەنەکراوە چۆن ئەم ئامرازانە لەخزمەتی بونیادنانی خۆیدا بپێچێتەوە، کاتێک عەقڵ دەبێتە هۆی لەخۆباییبوون، یان فەلسەفە دەبێتە ئامرازی داپۆشینی ڕاستییەکان، یان دین دەبێتە پەرژینێک بۆ دورخستنەوەی ئەوانی تر، ئەوا هەموویان ئامانجە سەرەکییەکەی خۆیان لەدەستدەدەن.
چاکە ئەندازەی تایبەتی نییە، زەردەخەنەیەک بەرامبەر مرۆڤێک، دەستگرتنی لێقەوماوێک، یان ڕێگریکردن لەستەمێک، لەهەموو دەقو فەلسەفەکاندا پیرۆزە، لەکۆتاییدا جیهان پێویستی بەفەیلەسووفی زیاترو دانا زیاترو یان زاهیدی زیاتر نییە بۆ ئەوەی سەرکەوێت، بەڵکو پێویستی بەمرۆڤی چاک هەیە مەبەست لەو مرۆڤەی کە ئاشتی لەناخیدا هەڵدەگرێتو بەبێدەنگی جیهانی دەوروبەری ئاوەدان دەکاتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی