دەوڵەتی مۆدێرن، پێش ئەوەی دامەزراوەیەکی جەستەییی کۆنکرێتی، کۆمەڵێک ڕێگاوبانی قیرتاوکراو، یان دەزگای ئەمنی و خزمەتگوزاری بێت، لە بنەڕەتدا دروستکراوێکی ئەخلاقی و ئەقڵانییە. دەرئەنجامی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)یە، لە نێوان تاک، کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا، ئەو گرێبەستە نەنوسراوەی، هاوڵاتی بەشێک لە ئازادییە سروشتییەکانی خۆی، بە یاسا دەبەخشێت، تا لە بەرامبەردا ئاسایش و ئارامی، دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی بەدەستبێنێت.
کەواتە دەوڵەت پێش هەموو شتێک، ڕێککەوتنێکی ڕۆحی و ئەقڵانییە، لەسەر چەمکی (پێکەوەژیان). بەڵام کاتێک ئەم ئامانجە باڵایانە پووچەڵ دەکرێنەوە، دەوڵەت ڕەوایەتییە ئەخلاقییەکەی لەدەست دەدات، لە بونیادێکی دادپەروەرانەوە، دەبێتە ئامرازێکی ڕووتی سەرکوت و دەستبەسەرداگرتن.
کەوتنی دەسەڵاتەکان، هەمیشە بە ڕووخانی کۆشکەکان و هێنانەخوارەوەی فەرمانڕەواکان، لەسەر کورسیی دەسەڵات دەست پێناکات. ڕووخانی ڕاستەقینە پرۆسەیەکی درێژخایەنی بێدەنگە، جۆرێکە لە (مردنی کلینیکی). بەو واتایەی، دەوڵەت هێشتا لەسەر ئاستی جەستەیی (دامودەزگا و پۆلیس) بوونی دەمێنێت و هەناسە دەدات، بەڵام لەسەر ئاستی تێگەیشتنی ئەخلاقی، گرێبەستەکە (مانای دادپەروەری و هاوبەشی) لە ناوەرۆکدا دەدۆڕێنێت. ئەم مەرگە هێواشە، کاتێک دەست پێدەکات، پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات، لە سەرچاوەی متمانەوە بگۆڕێت، بۆ بارێکی قورسی تاقەتپڕوکێن.
دیارترین نیشانەکانی ئەم مردنە کلینیکییە، گۆڕانی پێکهاتەی هۆشیاریی هاووڵاتییە. لە دەوڵەتی زیندوودا، دڵەڕاوکێی هاووڵاتی لە جۆری (پرسیارە لەسەر ئاینده) وەک :
چۆن ژیانمان باشتر بکەین؟
داهاتووی نەوەکانمان بەرەو کوێ ئاراستە بکەین؟
بەڵام کاتێک دەوڵەت، تەنیا وەک تەرمێکی سیاسی، بۆگەنی لاشەکەی هۆشیاریی کۆمەڵگە وڕو کاس دەکات، پرسیاری وجودی هاووڵاتیان بۆ ( مەترسی لەدەستدانی ئێستای)، بچووک و سادە دەبێتەوە. هاووڵاتی لە بیرکردنەوە لە ئاینده دادەبڕێت، تەنیا بەوە ڕادەگات، بەیانیان لە جێگەکەی هاتە دەرەوە، هەوڵی ڕزگارکردنی ڕۆژەکەی بدات، ترسی برسییەتی، ترسی لەدەستدانی سادەترین مافەکان و قەیرانە بەردەوامەکانی وەک ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، باجی ناڕەوا و پەککەوتنی پەروەردە و تەندروستی بەردەوام ئێستاو ئایندەی داگیر دەکەن. لەم چركەساتەدا، وێنەی (نیشتمان) وەک ماڵێکی ئارام لە یادەوەرییدا هەڵدەتەکێت، ئیتر دەگۆڕێ بۆ فۆڕمێکی ناشیرین، لە کەمپی تاراوگەیەک لە ناچاریدا.
کاتێک نوخبەی دەسەڵاتدار، دەکەوێتە بەردەم مەترسیی و نەفرەتی لەدەستدانی ڕەوایەتی، لە پێناو داپۆشینی ئەم داڕمانە ئەخلاقییە، پەنا دەباتە بەر بەرهەمهێنان و گشتاندنی (ئاگامەندیی ساختە - False Consciousness)، کە بە دوو ئاراستەی سەرەکی هەوڵی جێبەجێیکردنیان دەدات:
١. گوتاری نیشتمان سازی ساختە و هەوڵی خۆ پیرۆزکردنی ئاسمانی: جەختکردنەوەی بەردەوام، لەسەر پیرۆزیی نیشتمان و هۆشداریدان لە مەترسییە دەرەکییەکان. هاوکات بەکارهێنانی میحراب و بەشێک لە پیاوانی ئاینیی، لە پێناو دەستەبەرکردنی شەرعیەتێکی ئاسمانی، بۆ زوڵم و ستەمە زەمینی و دونیاییەکان، تا سەرەنجام، هەموو ناڕەزایەتییەکی سیاسی و ئابووری، وەک یاخیبوون لە قەدەر و پیرۆزییەکان وێنا بكاتەوە.
٢. پیشەسازیی سەرقاڵکردن و نمایشی سڕکردن: کاتێک دەسەڵات لە دابینکردنی سەرەتایترین پێداویستییەکانی ژیان دەستەوەستان دەبێت، ڤیستڤاڵ و نمایشی جۆراو جۆر دادێنێ و دەخاتە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە زنجیرەیەک سەرقاڵکردنی بێ کەڵکدا، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیەوە نغرۆ و سیخناخ بکات، لە فێستیڤاڵی دۆڵمە و دانوولەوە بگرە، تا نمایش کردنی شاجوانی سەگ و پشیلە. ئەگەرچی ئەم جۆرە چالاکیانە، بەسروشتی خۆیان و لە بارودۆخی گونجاودا سەرپێ بکەون، جوان و ئاساین، بەڵام کاتێک بۆ مەغزای تر ئاراستەدەکرێن، هیچ ئیزافەیەکی کولتوری بەرهەم ناهێنن، بەڵکو دەبنە میکانیزمی ڕامکردن و سڕکردنی نیگەرانییە جەوهەریەکان، تا ئاگامەندی گشتی، لە پرسیاری ماف و دادپەروەری دابڕن و لەناو چێژێکی کاتیی دروست کراوی موزەیەفدا زیندانی بکەن. بۆیە هاوڵاتی نازانێ شەو لەسەرەی بەنزینی نۆرماڵ بوەستێ، یان بچێت بۆ ڤیستیڤاڵی قەلەباچکەکان !!
دەسەڵاتێک بە نمایش و پیرۆزیی درۆزنانە، لە فۆڕمی کۆمپانیایەکی تاڵانکاری ترس و تۆقاندندا، تا ئێستا لەسەرپێ وەستابێ، تەنیا بە وەهم و خەیاڵی کۆیلەکانی، تا ئەمڕۆ بە زیندوی ماوە. چونکە دواجارهیچ فێستیڤاڵ و گوتارێکی پیرۆزی ساختە، ناتوانێت تاسەر ڕێگری لە پووکانەوەی بکات. داڕمانی ڕاستەقینە ئەو ساتەیە، هاووڵاتیان ئاگامەندیان لە بەرامبەر نا دادیەکاندا بێدار دەبێتەوە، تێدەگەن جیاوازییەکی جەوهەری هەیە لە نێوان (دەسەڵات وەک گرێبەستێکی ئەخلاقی) لەگەڵ (دەسەڵات وەک کۆمپانیایەکی نمایشی گەوجاندن و تۆقاندن) .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی