ئەگەر دەتەوێت گەلی کورد بناسیت ، بزانە سۆشیالمیدیاکەی بایەخ بە چی دەدات ؟!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محمد خۆشناو

ئێستا هەموو گەلانی جیهان بە سۆشیالمیدیا و ترێندەکانی دەناسرێن ، تڕێند ڕۆلێکی کاریگەر لە پێکهێنانی بەهای کۆمەڵایەتی دەگێڕێت ، ترێند لەکن ئێمە بۆتە ئامرازێک بۆ بوختان و جوێن و ناوزڕاندن ، ترێند ڕۆليکی میحوەری زۆر کاریگەر دەگێڕێت بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانی کلتووری کۆمەڵگا ، ئەوە ترێندە ئەوەی پێی دەڵێن (بەناوبانگانی نوێ) دروستدەکات ، کە تێیدا ستانداری سەتحی جێگەی کارامەیی و زانست و ئەخلاق و دەستکەوتی ڕاستەقینە دەگرێتەوە ، نازانم لەبەرچی ئیدارەی پێگە ئەلکتڕۆنیەکان لێگەڕانە ئەو ئینحیتاتە ئەخلاقیە هەبێت و ئەوها بمینێت و ، ئەگەر سزا نەبێت حەتمەن ئەدەب و هەڵسوکەوتی خەراپ ڕوودەدات ، ئێستا سۆشیالمیدیای کوردی هیچوپوچی شکومەند دەکات.

ئێمە هەموومان هەموو ڕۆژێک کە هەڵدەستینەوە ترێندی سەخیفتر لەوانی پێشوتر دەبینیت ، هەرکەس بەدواداچوون بۆ ڕۆژنامە و سەتەلایت و سۆشیالمیدیای هەندێ وڵاتانی عەرەبی و تورکیا بکات ، من باسی خۆرئاوا و چین و ژاپۆن و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵای ئاسیا ناکەم ، تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی ئەگەر بەراوردیبکەین بە کوردستان تووشی شۆک دەبیت ، لەکن ئەوان چینە سیاسیەکەیان گفتوگۆ لەسەر گەرفتە ڕاستەقینەکانی وڵاتەکەیان و کێشەکانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەوپەڕی جدیەوە دەکەن ، من پێم وایە کە یەکێک لە هۆکارەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەگەڵ پەکەکە ، شرۆڤەی ئەو سیاسیانەی تورکیایە کە ئاراستەی سەرکردەکانیان کرد کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی نەکرێت ئایندەی توکیا بەرەو چارەنوسێکی ڕەش و مەترسی دەڕوات !

کاریگەری هەر وڵاتێک هەرتەنها بە قسە ڕەسمیەکان نابێت ، بەڵکو بە توانای هەموو کۆمەڵگا لەسەر بەشداری و کاریگەریان دەبێت ، گرفتی ئێمە لە سۆشیالمیدیا ئەوەیە کە قسەی سووک و فشقیات بۆتە هەموو شتێێک و هەموو شتێکی قوتداوە و هەڵیلوشیوە ، ئەو پرسیارەی کە پێویستە بیخەینەڕوو ، ئەوەنیە کە : لەبەرچی سۆشیالمیدیا و تڕێندەکانی وڵاتان جدی و هی ئێمە ئەوپەڕی تەفاهەتە ؟ بەڵکو ئەوەیە لەبەرچی ئێمە ئەو هەموو توانا و هێزە دەدەینە ئەو بابەتە تافیهانە ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی