ململانێی تورکیا و ئیسرائیل یان فراوانکردنی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە نادر قادر

دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، (تۆفانی ئەلئەقسا)، و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە بارودۆخی هەرێمەکە ڕوویاندا، بە تایبەتی بەشداری تورکیە لە پەیمانی سێقۆڵی"مەککە" و گواستنەوەی بارەگای بزووتنەوەی "حەماس"  لەقەتەرەوە بۆ ئەنکەرە. بە ڕوونی دەردەکەوێت کە تورکیە هەوڵ دەدات پەراوێزی مانۆری سیاسی و ستراتیژیی خۆی فراوانتر بکات و لە ناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵێکی سەربەخۆتر و کاریگەرتر بۆ خۆی دابین بکات.

ئەنکەرە لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە هەوڵ دەدات خۆی لەبەردەم کۆمەڵگەی ئیسلامی وەک هێزێک نیشان بدات، کە توانای بەرگری لە"شکۆی ئیسلام" هەیە، و لەبەردەم گەلانی ناوچەکەش وەک پشت و پەنایەک بۆیان و هێزی پێشەنگی بەرگری لەکێشەو بەرژەوەندییەکانیان، پیشان بدات. لە هەمان کاتدا، هەوڵدەدات گەشەکردنی هەژموونگەرایی و تواناکانی خۆی بۆ ئەمریکەو و هاوبەشەکانی لە ناتۆ پیشان بدات. لێرەدا دەکرێ بڵێین:

_پەیمانی مەککەی سێ قوڵیەکەی لەگەڵ سعودیا و پاکستان دوای کۆبوونەوەی ناتۆ مانگی تەممووزی ڕابردوو لە ئەنکەرە هات. ئەمەش وای کرد هەندێک لە ڕۆژنامە تورکییەکان کە نزیکن لە پارتی"داد و گەشەپێدان"ـی دەسەڵاتدار، پەیمانەکە، بە نیشانەی دروستبوونی"ناوەندێکی نوێ"بخوێننەوە.لە ڕووی سیاسەتی ناوخۆی تورکییەوەشەوە، بە تایبەتی لەکاتێکدا پشتیوانی و ڕەواجی"دادوگەشەپێدان" ڕووبەڕووی دابەزینی جەماوەری، بووەتەوە. دەتوانێت لە هەمان کاتدا ئامرازێک بێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەردۆگان لە نێوان ڕەوتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستییەکان و دروستکردنی بنەمایەکی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٨.

_ وتاردانی توندی ئەردوگان لە بەرامبەر ئیسرائیل  سۆزدەربڕینی بۆ خەڵکی غەززە و لێدوانەکەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی “تورکیە، لەکۆتایی سەردانەکەی  ئەم دواییەیدا بۆ میسر، لەبارەی غەززە، "قەرزێکە لەسەر شانمان بەرامبەر گەلەکەمان و فەلەستینییەکانیش". پاشان پەنادانی ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس لە تورکیە، هەڵواسینی نەخشەی فەڵەستینی لە دەریاوە بۆ رووباری بێ دەستتنیشانکردنی ئیسرائیل، لە ئۆفیسەکەی، لە ژینگەیەکی هەرێمی ئاڵۆزدا، کە دۆخێکی ناسەقامگیر تێدا دروست بووە. تورکیە هەوڵ دەدا  وێنەی خۆی وەک "پاڵەوانێکی ئیسلامی" و بەرگریکار لە کێشە ئیسلامییەکان بەهێز بکات.
 هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی ناوەڕاستی ئەو مانگە، بۆ سەر فڕۆکەخانەی"ئەبو زهوری" ئەدلبی سوری، دەتوانرێت وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە ململاێی هەژموونگەرایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشا بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، گرژیی نێوان “تورکیە و ئیسرائیل لەو  ئاستە مەترسیدارە،بە تایبەتی لە سایەی گەمەی فراوانکردنی شەڕو ئەو مەترسییانەدا، کە دەتوانێت هاوسەنگیی نوێی هێز، لە ناوچەکە  دابڕێشتەوە.
ئەم هەنگاوانە، لە ڕوانگەی سیاسیشەوە، دەتوانرێت  بە بەشێک  لە پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیی ئەردوگان و راکێشانی هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە تورکەکان، بۆ لای خۆیدا، دابنرێن. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت ، تورکیەی ئەردوگانی، چووەتە قۆناغێک ، کە تێیدا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتە ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی زیاتر وەک سەرچاوەی هەژموونگەرایی بەکاربهێنێت، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ و ڕۆژئاوا بەردەوام بێت.
هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی "ئەبوو زەهوور" لە نزیک ئیدلیب، کە بە پێی هەواڵەکان، دوای گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بۆ ناوچەکە لەلایەن تورکیە و دوای سەردانی دەستەیەکی سەربازیی تورکی، ڕوویداوە، دەتوانرێت وەک پەیامێکی بەهێز بۆ ئەنکەرە بخوێندرێتەوە.
بۆ تەواوکردنی وێنەکە، ئەگەریی  سەردانەکەی ئەردوگان بۆ سوریا، نوێژکردنی لە مزگەوتی ئەمەوی و سەردانی گۆڕی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شام، لە ڕووی سیاسییەوە،  مانایەکی زۆر دەگەیەنێ. ئەم جۆرە هەنگاوانە وەک پەیامێکی سونبلییە بۆ ئیسرائیل، بەو مانایەی کە تورکیە هەوڵدەدات بوونی خۆی لە شام بەهێز بکات و هەژموونی هەرێمیشی فراوانتر بکات. هەندێک نووسەر و میدیای نزیک لە حکومەتەکەی ئەردوگان، ئەم هێمایەیان بە دەستەواژەی"دوای شام، ڕێگا بۆ نوێژکردنی لە قودسی رزگارکراوەوە بۆ دەکرێتەوە".
لە هەمان کاتدا، ئەم هەنگاوانە بۆ ئەردوگان لەبەردەم جیهانی ئیسلامی، وەک بەرگریکارێک لە کێشە ئیسلامییەکان و"شکۆی ئیسلام"، و بۆ گەلانی ناوچەکەش وەک هێزێکی ناوچەیی کە توانای ڕۆڵگێڕانی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. بەم شێوەیە، هێمای مێژوویی و ئایینی لەگەڵ مژارە ژیوپۆلیتیکییەکان تێکەڵ دەبن، و سوریا دەبێتە یەکێک لەو ساکەگۆڕێک کە تێیدا سنووری پرۆژەی نوێی هەژموونی “تورکیەو پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە هەرێمی و جیهانییەکان، تاقی دەکرێنەوە.
تورکیا هەوڵ دەدات میراتی عوسمانی، ناسنامەی تورکی و هێمای ئیسلامی، وەک سەرمایەی ستراتیژی بۆ دروستکردنی هەژموونی نوێ بەکاربهێنێت، سەرکەوتنی پڕۆژەکەی تورکیە بۆ بوون بە هێزێکی پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا بە توانای ئەو بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی پەیوەندیدار نییە؛ بەڵکو بە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ، بە تایبەتی ئاشتەوایی لەگەڵ پەکەکە،رێزگرتن لەپلۆرالیزمی سیاسی و دیموکراسی، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە. ئەمەش دەبێتە یەکێک  لەگەورەترین تاقیکردنەوەکانی ئایندەی تورکیای ئەردۆگان.
٢٢ی ئابی ٢٠٢٦


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی