ئەو بڕیارە نادادپەروەرییەی لە دادگای کەرکووکی داگیرکراودا لە دژی
محەمەد جووتیار دەرچوو، نەک تەنیا ناحەقی بوو بەرامبەر جووتیارێکی کوردی بێتاوانی
ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان، بەڵکوو سووکایەتی بوو بە تەواوی خەڵکی کوردستان،
حکوومەتی هەرێم، سەرۆک کۆماری عێراق (کە لە نەتەوەی کوردە) و هەموو لایەنە سیاسییە
کوردییەکان کە ئەمڕۆ بەشداری پرۆسەی سیاسیی عێراقن!!
سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارەی دادگای کەرکووک ڕووکەشێکی یاسایی درابوویێ،
بەڵام لە ناواخندا هەڵگری پەیامێکی سیاسی و ئایدۆلۆجیی قووڵتری داگیرکەرانە بوو.
کاتێک دادگایەک لەجیاتی سزادانی ئەو کەسەی دەستدرێژیی کردووەتە سەر ماف و حورمەتی
مرۆڤێک، قوربانییەکە سزا دەدات، لەڕاستیدا ئەو سزایە تەنیا ئاراستەی تاکێک نەکراوە
کە بێتاوان مافخوراوە؛ بەڵکوو ئاراستەی هێما و ئەو کەسایەتییە کراوە کە لەسەر خاکی
خۆی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکی خاکداگیرکراو و ستەملێکراو دەکات.
ئەم بڕیارە لە چەند ڕەهەندێکەوە وەک بڕیارێک لەدژی تەواوی نەتەوەی کورد
سەیر دەکرێت:
یەکەم: وەک شکاندنی هێمای بەرگری و بردنی ڕەنجی جووتیارانی کورد کە لەسەر
زەویی باب و باپیرانی خۆیانن؛ ئەوە پەیامێکە نیشاندەری بێپشتوپەناکردنی ڕەمزی
مانەوەی ناسنامەیە. کاتێک سزای مادی و مەعنەوی بەسەر لایەنی ستەملێکراودا
دەسەپێنرێت، هەوڵێکە بۆ ساردکردنەوەی تەواوی ئەو هێز و توانایانەی کە ساڵانێکی
دوورودرێژە لە ڕووی ستەم و زۆرداری وەستاونەتەوە، لە هەمان کاتدا دروستکردنی ترس و
دڵەڕاوکێیە لە دڵی هەر هاووڵاتییەکی تردا کە بەرگری لە مافی خۆی بکات.
دووەم: بەکارهێنانی
یاسا وەک ئامرازی گوشار؛ دەستکاری کردنی بڕگە یاساییەکان و بەکارهێنانی دامەزراوە
ئەمنی و دادوەرییەکان بۆ سەپاندنی واقیعێکی دیمۆگرافی و ئیداری، درێژەپێدانی هەمان
سیاسەتی ڕابردووە بەڵام بە بەرگێکی مەدەنی و یاساییەوە.
سێیەم: تەحەدای
ئیرادەی نەتەوەیی؛ دادگاییکردنی ڕەفتاری بەرگریکارانەی جووتیارێک، تاقیکردنەوەی
هەڵوێستی ڕای گشتی و هێزە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانرێت ئاستی
پەرچەکردار و پشتیوانییەکان تا کۆیە.
لەبەر ئەمە، وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە پێویستە لە ئاستی ڕووداوێکی تاکی
بپەڕێتەوە و ببێتە بەرنامەیەکی بەکۆمەڵ؛ چونکە پاراستنی مافی «محەمەد جووتیار»
ڕاستەوخۆ پاراستنی شکۆ و مافی بوونی کوردە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا.
بۆ ئەوەی هەڵەکان وەک هەمیشە دووبارە نەبنەوە، پێویستە لە ئێستادا بە
زووترین کات بەرنامە و کاری پێکەوەیی و بەکۆمەڵ بکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی
"محەمەد جووتیار"، نەک وەک کێشەیەکی کەسی، بەڵکو وەک هێمایەکی نەتەوەیی
بۆ پاراستنی مافی بوون و شکۆی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکاندا. لە هەمان کاتدا پێویست
دەکات دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەیەکەوە
ڕێکاری یاسایی، دەستووری و سیاسی بگرنە بەر بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی