لانکەی سارد، ئەوساوایانەی لەتاریکیدا بەجی دەهێڵرێن

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دەشتی جەمال


لە شوێنێکدا کە دەبوو یەکەم هەناسەی ژیان، توانای جەستەیی و گەرمیی خێزانی پێ ببەخشرێت، شۆستەیەکی سارد یان کەلاوە و چۆڵەوانییەك دەبێتە یەکەم لانکەیان. دیاردەی بەجێهێشتن و فڕێدانی منداڵانی ساوا لە کۆمەڵگەدا، تەنها تاوانێك نییە بەرامبەر بێدەسەڵاتترین بەشی کۆمەڵگە کە مناڵانن، بەڵکو زەنگێکی مەترسیداری داڕمانی سیاسی وکۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و ئابوورییە. لەنێوان کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاریی ڕەها و نادیاریی چارەنووسی یاسایی ئەم منداڵانەدا، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی پرسێکی قووڵی مرۆیی بووەتەوە کە پێویستی بە وەڵامێکی بەپەلە و بنەڕەتییە.
شۆکێك لەبەردەم شاشەی هەواڵەکاندا
لە گەشتی هەواڵەکانی «ڕووداو»دا گوێم لە هەواڵەکان دەگرت، کاتێك هەواڵێکی دڵتەزێنم گوێ لێ بوو کە منداڵێکی ساوا لە گەڕەکی خەزرای شاری کەرکووك لەبەردەم مزگەوتێکدا فڕێدراوە. کاتێك لە هەواڵەکەدا چاوپێکەوتنێك ئەنجامدرا، ئاماژە بەوە کرا کە ئەمە چوارەم دۆخی لەو شێوەیەیە لەم ساڵدا لەو شارە تۆمار دەکرێت و ساڵی پاریش هەشت منداڵ دۆزراونەتەوە.
دوای کەمێك تێڕامان لە شوێنی دانیشتنم، شۆك بووم و کەوتمە بیرکردنەوە لەسەر دەرکەوتنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە بەم شێوە زەق و ئاشکرایە. وەك ئەوەی زلەیەکی سارد بە ڕوومەتدا بکێشن، شوێنێك کە تێیدا بێدەسەڵاتترین گیان دەبێتە قوربانی، ویژدانت لەڕەگەوە دەلەرزێنێت.
دیارە ئەمە یەکەمین جار نییە، ئەم ڕووداوانە دووبارە و چەند بارە دەبنەوە. هەواڵی ڕزگارکردنی منداڵانی تازەلەدایکبوو لەسەر شۆستەکان، سەرەرێ وکەلاوەکان، نزیك دەرگای مزگەوتەکان یان حەوشەی نەخۆشخانەکان، هەموو دیمەنێك لەمانە کە جارناجارێك بە ڕزگارکردنی ساواکە یان بەداخەوە بە گیان لەدەستدانی لەبەر سەرما یان گەرما کۆتاییان دێت، ئایا بەڕاستی ئەمانە تەنها هەواڵێکی ئاساییین، یان شۆکێکی قووڵی دەروونییان لەناو کۆمەڵگەدا دروستکردووە؟
ئەم دیاردەیە تەنها حاڵەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی دیاری شکانی ئەو بەرگرییە کۆمەڵایەتییەیە کە کۆمەڵگە لە داڕمان دەپارێزێت. ئایا ئەم دیاردەیە هیچ پرسیارێکی جەوهەری لای دەسەڵات، هاووڵاتیان و توێژەران دروستکردووە؟ چی وادەکات دایکێك یان خێزانێك دەستبەرداری پارچەیەك لە جەرگی خۆیان ببن و لە تاریکیدا بەجێیان بهێڵن؟
ڕەگوڕیشەی هۆکارەکان لەژێر سایەی دەسەڵات وسیستەمی زاڵدا
کاتێك ئەمە دەبێتە دیاردە، ئیتر پێویستە کۆمەڵگە لەسەری هەستیار بکرێتەوە. دەبێت لەسەر ڕەگوڕیشەی هۆکارەکانی قسە بکەین وە لەسەر بردنەسەرەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە بدوێین، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمە و لەژێر سایەی دەسەڵات، سیستەم، یاسا و فەرهەنگێکدا کە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ تێیدا  ژێر پێ دەخرێت.
دۆخی ئابووری و هەژاری: هەژاری و دەستکورتی، کاتێك خێزانێك توانای دارایی نییە و ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵ (شیر، دەرمان، جلوبەرگ، چاودێریی پزیشکی) دابین بکات. دابەزینی ئاستی بژێوی، بێکاری و گرانبوونی تێچووی بەخێوکردنی منداڵ، گوشارێکی کەمەرشکێنن. هەندێك خێزان بەهۆی دەستکەوتنی نانێك  بۆ منداڵەکانی تریان، توانای داڵدەدان وسەرپەرشتی ئەندامێکی نوێیان لە خێزانەکەیاندا نامێنێت.
کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار: کۆت و بەند و نەریتی کۆمەڵایەتی، عادەت و فەرهەنگی باو کە ئایدۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدارە لە کوردستان و عێراقدا، ترسی خێزان لە "شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی" یان سزای دابونەریت دروست دەکەن، بەتایبەت کاتێك منداڵەکە لە دەرەوەی پەیوەندییەکی هاوسەرگیریی فەرمی لەدایکبووبێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە پەیوەندیی دەرەوەی هاوسەرگیری بە تاوان و شۆرەیی دادەنرێت، زۆرجار ئەو منداڵانەی لە پەیوەندیەدا لەدایکدەبن، دەبنە قوربانی یەکەمی ترسی دایكو باوك لە "شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی" یان ترس تۆڵەی خێزانی.
بارودۆخی دەروونی و چاودێریی تەندروستی: زۆر جار لایەنی تەندروستی و دەروونی، گوشاری دەروونی و خەمۆکی واتە تێکچوونی باری دەروونیی دایکەکە (بەتایبەت خەمۆکیی توندی دوای لەدایکبوون) دەبنە هۆکار. بەشێك لە دایکان دوای منداڵبوون تووشی خەمۆکی و تێکچوونی دەروونیی سەخت دەبن. لە نەبوونی هۆشیاریی دەروونی و پاڵپشتیی خێزاندا، دایکەکە لەژێر گوشارێکی دەروونیی سەختدا بڕیاری مەترسیدار و نەگونجاو دەدات و کۆنترۆڵی ڕەفتاری خۆی نامێنێت.
ئاڵۆزییە یاساییەکان و هەڵوێستی دەزگاکانی دەسەڵات
ئاڵۆزییە یاساییەکان لە عێراقدا چارەنووسی منداڵەکانی لەبەردەم مامەڵەکردنێکی پڕ لە کۆسپ و ئاڵۆزیدا داناوە.
لە ڕووی پێوانە و چەمکە یاساییەکانەوە، چەندین مادەی یاسایی پەیوەستن بەم بابەتەوە: مادەی (٣٨٣) لە قانون العقوبات العراقي (یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩): بەپێی ئەم مادەیە، هەر کەسێک منداڵێک (یان کەسێکی بێدەسەڵات) کە تەمەنی لە (١٥) ساڵ تێنەپەڕیبێت، بەجێبهێڵێت یان ڕووبەڕووی مەترسی بكاتەوە، سزای زیندانی دەدرێت. سزاکە گرانتر دەبێت (توندتر دەکرێت) ئەگەر بڕیاری بەجێهێشتنەکە لە شوێنێکی چۆڵ و بێئاوەداندا بێت، یان ئەگەر بەجێهێڵەرەکە لە باوان یان بەخێوکەرانی منداڵەکە بێت، و ئەگەر بەهۆی ئەم بەجێهێشتنەوە زیانی جەستەیی یان گیان لەدەستدانی لێ بکەوێتەوە، تاوانبار بە سزای ئازاردان یان کوشتنی نەویستراو سزادەدرێت.
مادەی (٣٨١) لە یاسای سزادان، تایبەتە بە شاردنەوە، دوورخستنەوە یان گۆڕینی ڕەچەڵەکی منداڵی تازەلەدایکبوو.
 بەپێی پۆلێنکردنی یاسایی، ئەم منداڵانە لە دادگا و تۆمارەکانی باری شارستانیدا بە "نەناسراوی ڕەچەڵەك" دەنووسرێن. دەرکردنی بەڵگەنامەی فەرمی (ناسنامە و ڕەگەزنامە) بۆیان پرۆسەیەکی درێژخایەن و ماندووکەرە، بێ ئەم بەڵگەنامانەش منداڵەکە لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانی وەك پەروەردە و تەندروستی بێبەش دەبێت. ئەگەرچی لە عێراقدا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، بەجێهێشتنی منداڵی ساوا لە شوێنێکی چۆڵدا کە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە تاوانە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەجێهێشتنەکە لە شاراوەییدا دەکرێت، دەستگیرکردنی تاوانباران کارێکی ئاسان نییە و بەدواداچوونی لەسەر ناکرێت.
ئەگەرچی بەپێی یاسای عێراقی دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بە چاودێریکردن و حەواندنەوەی ئەم منداڵانە هەن و بە فەرمی ڕێکخراون، و پرۆسەیەکیان لەژێر چەتری یاسایی و ئیداریدا ڕێکخستووە وەك وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی (وزارة العمل والشؤون الاجتماعية) کە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتی هەیە بە نێوی "فەرمانگەی چاودێریی کۆمەڵایەتی" (دائرة الرعاية الاجتماعية)، و خانەی چاودێریی ساواکان (دار براعم الأطفال / دار الأیتام) کە سەر بە وەزارەتی کارن لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان (لەوانەش کەرکووك)، و کاتێك منداڵێکی فڕێدراو یان بێسەرپەرشت لەلایەن پۆلیسەوە دەدۆزرێتەوە، دادوەر بڕیاری حەواندنەوەی بەپەلەی لەم خانانەدا بۆ دەردەکات بەڵام ڕۆتینی ئیداری و بێسەروبەری زۆرجار پرۆسەکە سست دەکات.
ڕێگەچارە و هەنگاوە پێویستەکان:
بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئەم کارەساتە مرۆییە، پێویستە هەنگاوی بەکردەوە لە کۆمەڵگەدا بگیریتە بەر:
١-ململانێی ڕێکخراوەکان لەگەڵ دەسەڵات: پێویستە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازان بەرامبەر بەم پرسە هەستیار بن و بە هەر ڕێگەیەك پێیان دەکرێت یەخەی دەسەڵاتداران بگرن و ناچاریان بکەن هەنگاوی بەکردەوە بنێن بۆ دابینکردنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەلایەن دەوڵەت و وەزارەتی کارەوە. پێویستە هاوکاریی دارایی بەپەلە و هاوکاریی وپیداویستیەکان لەوانە شیری ساوا بۆ ئەو خێزانە کەمدەرامەتانە دابین بکرێت کە بەهۆی هەژارییەوە دووچاری گوشار وسەختی و ئەستەمبوونی ژیان دەبنەوە.
٢-ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی لەخۆگرتن (الاحتضان): پێویستە ئاسانکاری بڕەخسێندرێت لە ڕێکارە ئیدارییەکانی دادگا بۆ ئەو خێزانانەی ئارەزووی لەخۆگرتنی ئەم منداڵانە دەکەن، تاوەکو ساواکان لە ژینگەیەکی خێزانیی تەندروستدا گەورە ببن، نەك لە خانە ساردەکاندا.
٣-وەرگرتنی پاڵپشتیی دەروونی: دەبێت ناوەندی ڕاوێژکاری، هێڵی گەرمی پەیوەندی یان سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە شاری کەرکووك و شارەکانی تر دروستبکرێت، تا ئەو دایك یان خێزانانەی لە قەیرانی قووڵدان ، ڕاویژوەرگرتن بە عەیبە تەماشا نەکەن ،بتوانن بە نهێنی هاوکاریی دەروونی و مادی وەربگرن پێش ئەوەی پەنا ببرێتە بەر فڕێدانی منداڵەکە.
سەرئەنجام
منداڵانی فڕێدراو، دەرئەنجام و قوربانیی کۆمەڵگە و سیستەمێکن کە نەیتوانیوە چەتری بەرگرییان بۆ دابین بکات. ئەوان تاوانبار نین، بەڵکو شاهیدی بێدەنگی تاوانێکن کە بەرامبەریان کراوە.
گرتنەبەرێ رێکاری گونجاو بۆ ڕیگەگرتن لەوەی مناڵان لەسەر شۆستە و کەلاوەکان یان لەبەردەم مزگەوتەکاندا لە کەرکووك یان هەر شارێکی تر، فڕێبدرین، بەپلەی یەکەم ئەرکی ئەو دەسەڵات و سیستەمەیە کە حوکمرانیی بەدەستەوەیە. هاوکات ئەم ڕووداوانە ئەرکێکی گرنگ دەخەنە سەر شانی هەر ڕێکخراو، حزب و لایەنێك کە خۆی بە لایەنگری مافەکانی منداڵان دەزانێت تا ڕاوەستێت بەدژی ئەم دیاردەیە و بەدژی بیروباوەڕ، دیدوبۆچوون و ئەخلاقیاتی کۆنەپەرستانەی زاڵ لە کۆمەڵگەدا.
پێویستە بە پێداگری لەسەر یاساوڕێسایەك بکرێت کە ستانداردە ئابوورییەکان، باشبژێوی و ئاسوودەییی ئابووریی خەڵك لە بەرزترین ئاستدا پەیڕەو دەکات، کۆمەڵە یاسایەك بکرێنە ستاندارد کە ڕێگە بۆ بەرپاکردن و جێگیرکردنی کەلتوور و بەهایەك دەکەنەوە لە پەیوەندیی ئازادانەی مرۆڤەکاندا  تا بە ئازادی بژین، کە باشبژێوی و بەختەوەری بۆ هەموو منداڵێك تأمین بکات بێ لەبەرچاوگرتنی توانای خێزانی، ئەمە تاقیکردنەوەیەکی مۆراڵیی گەورەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگە و دامەزراوە حکومییەکان تا مافی سەرەتایی ژیان بۆ بێدەسەڵاتترین تاکەکانی کۆمەڵگە بگەڕێننەوە، کە منداڵانن.
٢٤/٨/٢٠٢٦

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی