کاتێک سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی سووریا دەکەم و دەبیستم مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بڕیاری کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی هەسەدەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاندووە، تێدەگەم بڕیاری هەسەدە بۆ تێکەڵبوون بە سوپای نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، بڕیارێکی ئاسان نەبووە، بەڵکو ئەم بڕیارە دەستبردن بووە بۆ کارتێکی ناچاری لە کاتێکی زۆر هەستیاردا و گومانم نییە بڕیارێکی تەواو دروست بووە، بەڵام ئەگەر بە چاوێکی واقیعبینانە بڕوانینە دۆخەکە دەزانین، هەسەدە کەوتووەتە بەردەم دوو هەڵبژاردنی زۆر سەخت: یان بەردەوامبوون لە شەڕێکی نابەرابەر و ناهاوسەنگ لەگەڵ دیمەشق و ئەوانەی لەپشت دیمەشقەوەن بەتایبەتی تورکیا، کە توانای جوڵاندنی هێزی گەورەیان هەیە، یاخود گەڕانەوە بۆ ناوەند بۆ بڕینەوەی بەهانەکان و پاراستنی خەڵکی ڕۆژئاوا.
لەلایەکەوە.
تێدەگەم ئەم بڕیارە چەند دەستکەوتێکی کاتی و گرنگی هەیە بۆ هاوزمانەکانمان لەڕۆژئاوا بەگشتی و هێزەکانی هەسەدە بەتایبەتی، چونکە بە گەڕانەوە بۆ ناو سنوری دەوڵەت، تۆپەکە کەوتۆتە ساحەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ناوچەکە بە ئاشکرا دەکەوێتە سەر شانی حکومەتەکەی، لەوەش گرنگتر تورکیا بەشێک لە بەهانە سەرەکییەکانی لەدەست دەدات کە جاران بە ناوی دەستتێوەردانی پەکەکە لێیدەدان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، جێگیربوونی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە بودجەی گشتی دەوڵەت لەبری ئیدارەیەکی دیفاکتۆی گۆشەگیر، بارگرانی لەسەر شانی خەڵک کەمتر دەکاتەوە.
بەڵام لە لایەکەی دیکەوە، لایەنە نەرێنییەکەی ئەم بڕیارە کە من زۆر لێی نیگەرانم و ترسی ڕوودانیم هەیە ئەوەیە کە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ نین؛ ئەوان لەژێر هەژموونی تورکیادان کە تەنها کار لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و بەئاشکرا دژایەتی بوونی کورد دەکەن نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لەسەر ئەم گۆی زەوییە، ئەوان ئەم ڕقەیان نەشاردۆتەوە و بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ دەکەن. هەروەها کاتێک هەسەدە بە پێی تێپەڕبوونی کات سەربەخۆیی فەرماندەیی سەربازیی لەدەستدەدات، ئیدی سەپاندنی خودموختاری یان سێستمێکی فیدراڵی بۆ کورد زۆر زەحمەت دەبێت، چونکە ناوەند هەمیشە هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەردەمی "دەوڵەتی مەرکەزی" دەدات.
خاڵە جەوهەرییەکە لەسەر دواڕۆژی ئەم هێزە و پەروەردەکەیەتی. ڕاستە هەسەدە خاوەنی پەروەردەیەکی سەربازی و فکریی تۆکمەیە کە ڕەگەکەی بۆ فیگر و بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەگەڕێتەوە، و ئەم ئایدۆلۆژیایە وا دەکات نەوەی ئێستا و ڕەنگە نەوەی دوای خۆشیان بپارێزرێن و لە هەر چركەیەکدا توانای خۆڕێکخستنەوەیان هەبێت، چونکە لەسەر بنەمای باوەڕ دروستکراون نەک مووچە، بەڵام پرسیارە جدییەکە بۆ نەوەکانی دواترە.
ترسی من لەوەیە کاتێک هێزەکە دەچێتە ناو سوپای ناوەندییەوە، هێواش هێواش پرۆسەی توانەوە و سڕینەوە دەستپێبکات؛ نەوەی سێیەم و چوارەم لە ناوەندەئەکادیمیاکانی دەوڵەت دەخوێنن نەک ئەکادیمیا فکرییەکانی ڕۆژئاوا، ئەمە وادەکات هێما و نیشانە نەتەوەییەکان کاڵ ببنەوە. تەنانەت ئەگەر هەسەدە بیەوێت لەڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پرۆگرامی پەروەردە و فێرکردنەوە کلتوور و هۆشیارییەکە بپارێزێت ئەوا ئەحمەد شەرع و هێزە سێبەرەکانی پشت شەرع ڕێگری لەم هەوڵە دەکەن و فشاریان لەسەر دروست دەکەن.
لە کۆتاییدا، بە بڕوای من شەڕی ڕاستەقینەی کورد لە ڕۆژئاوا لەمەودوا زۆر سەختردەبێت لەشەڕی بەکارهێنانی هێز و خاڵیکردنەوەی مەغزەنەکان بەرامبەربەیەک، وەها دەبینین ئەم شەڕە لە مەیدانی سەربازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مەیدانی سەپاندنی مافەکان لە دەستووردا. شەڕێک کە ئەگەر بە تەرازووی باشوور پێوانەی بکەین ئەوا جگە لەشکست ئومێدێک نامێنێتەوە بۆ سەرکەوتن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی