"عـەبـا ڕەش"

4 کاتژمێر پێش ئێستا

فازیل شــەوڕۆ

ئەرێ، ئەو عەبا ڕەشەی لەم ڕۆژانەدا بیر و خەیاڵی خەڵکی دەڤەرێک و کوردستانی داگیرکردوە و تەناتەت دەزگای میدیایی زەبەلاحیش بەو پەڕی حەماسەتەوە باسی دەکات، ڕاستە یان وەهمە؟

-    بەڵێ، ڕاستە!
دەساڵان دەبووم و نە دەبووم، سەرەتای بەهار بوو، چەند ڕۆژێک بوو دۆم لە نزیک گۆڕستانی دەروێش خدری لە کۆیە هەڵیان دابوو، کە عەسرێکی درەنگ،  باوکم بە خۆی و جووتە کەوێکی قەفەزەوە  زوو خۆی گەیاندە دۆمە کەوبازەکان، منیش بەدوای کەوتم. دیار بوو دۆمەکان کەوەکانی باوکمیان بە کەو نەزانی بوو، بۆیە باوکم پێیگوتم کە خێرا بگەڕێمەوە ماڵەوە و جووتە کەوەکەی دیکەی بۆ بێنم. لەم چوون و هاتنەدا، کە لە گەڕانەوەدا گەیشتمە قەبروستانی دەروێش خدری، ڕۆژ لە ئاوابوون دابوو، بە ترسێکەوە لە نێوان قەبرەکان خێرا خێرا دەڕۆیشتم، ئاوڕێکم دایەوە، دوو کفن لەبەر بەدوام کەوتوون، من ڕاکەو ئەوانیش هەر بە دوامەوەم بوون، بە گریانەوە گەیشتمەوە بن دەواری دۆمەکان... کە باوکم ویستی بگەڕێتەوە، داوام لێکرد، بە ناو قەبروستانەکە دا نەچێن، لێم سۆر بۆوە و پڕی دامێ. لە ماڵەوە بە چاوی بە گریانەوە ئەمەم بۆ دایک گێڕایەوە، دایکم دەیگوت منداڵەکە ڕاست دەکات دیارە ئەوە دەروێش خدر بووە، ویستوویەتی دەستی منداڵەکە بگرێت، تۆ چۆن دڵت هاتووە ئەو منداڵە بەم درەنگ وەەختە و بە تەنیا بنێریتە ناو قەبران... لێیان بوو بەهەرا. دایک پێداگری دەکرد، کە هەبێت و نەبێت دەروێش خدر بووە، منیش باوەڕم بە قسەکانی دایکم دەکرد.

دایکم وەهمی دەروێش خدری لە دڵ و مێشکی مندا چەسپاند!
لەم ڕۆژانەدا، لە شاری کۆیە باس و خواسی عەبا ڕەش، تەواو ناڕحەتی لە دڵ و دەروونی خەڵکەکە بە تایبەتی منداڵان درووست کردووە. تا وای لێهاتووە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشیش پێوەی گرفتار بن. نەک زۆر کەم لە دەمی ئەو کەسانە درایەوە کە ئەو ترسە بڵاو دەکەنەوە، بەڵکوو دەزگای میدیای زەبەلاح و پەیامنێر و ڕاپۆرتنووسان، وەک هەنگیان لە دار دۆزیبێتەوە، سات بە سات دەنگۆیەکەیان گەورەتر و ترسناکتر دەکرد. سەرم بە پرسیاران ئاوسا بوو، کە چۆن لە شارێکی وەکو شاری کۆیە کە تەنها (بەرگی ئەدەب و فۆلکلۆری لە ئینسایکلۆپیدیای کۆیە)- کە ئامادەیە بۆ چاپ، نزیکەی ٨٠٠ لاپەڕەیە و لە مێژوودا ئەم شارە بە مەڵبەندی ئەدەب و عیلم  و ئایین و ڕۆشنبیرییەوە ناوبانگی دەرکردوە، چۆن دەبێت خەڵک بایەخ بەم جۆرە بیرۆکە پروپووچە بدەن و ڕۆشنبیرانیشی لێی بێدەنگ بن؟

ئەگەر لاپەڕی مێژووی دێرین هەڵدەینەوە، تێدەگەین کە ئەو کۆمەڵگایانەی بت پەرستبوون، سووڕ دەیانزانی کە ئەم بت و سەنەمە لە دار و بەرد درووستکراون، بەڵام کرنووشبردن و قوربانیکردن و پەرستنیان، ئەرکێک و زەروورەتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بووە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ، چونکە (کەسانێک یان لایەنێک) لەم کۆمەڵەدا ئەو وەهمەی لە دڵ و دەروونی ئەو خەڵکە درووستکردووە، کە ئەوان دەستوەستان و بەستەزمانن، هیچ کاروبارو شتێکیان بۆ ڕایی نابێت، گەر ئەو بت و سەنەمانە شەفاعەتیان بۆ نەکەن و بۆیان نەچنە ڕجایە!

ئەمە وەهمێکی لە دڵی خەڵکەکە درووست کردبوو، کە نەپەرستی ئەو بتانە مەترسییەکی گەورە لەسەر بوون و ژیانیان درووست دەکات، بەبێ ئەوەی پێبزانن، کە دەستی خەفی و شاردراوە لە پشت درووستکردنی ئەو بت و سەنەمە هەیە، ئەوەیش گەوجاندن و کەمژاندنی ئەو خەڵکە سادەیەیە بۆ مەرامی تایبەت. لێرەدا بت و سەنەم بوون بە وەهم.
لەو ڕۆژەوەی مرۆڤ یەکەم بتی بۆ خۆی درووسترکردوە، تا ئیمڕۆ کە سەردەمی گەشەی عیلم و زانستە و هونەرە – وەک خۆتان دەیبێنن، مرۆڤ بەردەوامە لە درووستکردنی بت و سەنەم، بەڵام لە دار و بەرد و زێر و زیوو نا!

هەمیشە دەسەڵاتداران و بەرژەوەندخوازان، لەوە تێگەیوون کە بۆ ئەوەی کۆمەڵ بکەنە مێگەل و بتوانن  بە ئارەزووی بەرژەوەندەکانیان هەڵیانسۆڕینن و بیانکەن بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان، پێویستیان بە جۆرەها فرت و فێل و تەڵەکەبازی هەیە بۆ فریودانی ئەو خەڵکە و دەستمۆکردنیان و موتیعبوونیان بۆ جێبەجێ کردنی فرمانەکانیان بەبێ بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن.

زۆر بە هاسانی ئیمڕۆ بت و سەنەمەکان دەناسرێنەوە، کە لە شێوە و ڕوخساری جیا جیادا خۆیان نمایش دەکەن، وەک؛ حزب، درووشم، مەزهەب، ئایدیالۆژیا، میدیا، کتێب، هونەر. بۆ ئەوان ئاساییە تەنانەت کە ناوی (خودای مەزن، خاڵقی گەردوونەکان) بکەنە پێشگر و پاشکری ناوی حزب و گرووپ و دەستە و تاقم و تایفەکانیان، وای لێهاتووە، فرمانەکانیش وەک فەرمایشی خودا بەسەر خەڵکدا فەرز دەکەن، کە تەواو دوورە لە زاتی (خودا مەزنەکە).

کە دێت، شیتەڵکاریی فکری بۆ ئەو دیاردەیە دەکەیت – دیاردەی درووستکردنی بت و سەنەم، دەبینی، تاکەکان بێ بەرین لە درووستکردنی ئەم شتانە، بەڵام بەبێهۆشکردنیان، بە وتار و درووشم و خەون و مەرام، ئەوان دەبن بە ئاڵوودەچی ئەو بیر و باوەڕ و ئایدیالۆژانە تا دەگاتە تۆقەڵەی دەمارگیریی کە دەیان ڕووداومان دیوە، لەسەر گوتنی یەک قسە بە (سەنەمەکەیان) موردیدەکانی خۆیان بە فیشەکێک سارد کردووەتەوە.

لەم سەردەمە گۆڕاوەدا، درووستکەرانی بت، پێویستیان بە بتخانە نییە. وایان کردوە، تاکەکان خۆیان بچن بەدەستی خۆیان بتەکان بهێنە ماڵەوە و پیرۆزیان بکەن. لێرەدا هزر و بەها و ڕوشت و دابی کۆمەڵگا بە تەواوەتی دەگۆڕی و زۆربەیان دەبن بە بتپەرست. بتپەرستی سەردەمی پۆستمۆدێرن!

باشە، با بگەڕینەوە، سەر خاڵێکی گرینگ، چۆن عەبا ڕەش، توانی ببێتە وەهمێک لە شارێکی وەکو کۆیە و  وەک هێزێک خەڵک بترسێنێت؟ ئەدەی نەمانگوت مەڵبەندی عیلم و مەعریفە و ئایین و ئەدەبە؟

وەڵامەکەی هاسانە: بت و سەنەم و وەهمی بت و سەنەم، لە هەموو کۆمەڵگایەک چەکەرە دەکات و گەشە دەکات و دەسەڵات پەیدا دەکات کە ئەم سێ خەسڵەت یان بارودۆخەی تێدا وجودی هەبیت:

یەک: نەبوونی ئەقڵ و هزری ڕەخنە:
قسەمان لەسەر زۆرینەی خەڵکی عەوام و ڕەشوورووت و سادەیە. ڕۆژانە سەری زار و بنی زاریان، ئاخ و ئۆفی موعاناتەکانیایە لە ژیانی سەخت و مافی خوراویان و ناهەقی و نادادی و نایەکسانی.  دەزانن کەرتی پەروەردە لەو پەڕی نزمی دایە، باری تەندرووستی داتەپیوە و نەخۆشە پیسەکان وادێ بیان خنکێنێ. داد و دادگا هەر بۆ فەقیر و هەژارە، خراپی  ئاستی بژێووی، گرانی بازاڕ و بێ مووچەی و قەیرانی نەوت و بەنزین و کارەبا و ئەو هەمووە قوربانییەی ڕیگاوبانان و فەرق و جودایی لە نێوان تاکەکان و خێل و هۆز و تاقمەکاندا. لە بەرامبەردا ژیانی شاهانەی توێژێکی کەم، لەسەر حیسابی ڕەنج و پارە و سامانی نیشتیمانی ئەم خەڵکە... زۆری دیکەش، ئەوجا نەک هەمووی هەر گەراقووپ بێدەنگە، بەڵکوو ئێستاش ئامادەن، بەسەر دیواری مەڵبەندەکانی دەنگدان، بەسەر دڕکەزی بازبدەن و بچن دەنگ بەو لایەن و دەستە و تاقمە بدەن، کە سەبباکاری ئەو ژیانە قورسەی ئەوانن.

لە غیابی ڕەخنەی بونیتانەری خزمەکاری نەتەوە و خاک و نیشتمان، زۆر بە هاسانی بیرۆکەی (عەبا ڕەش) – کە درووستکراوە، سەرهەڵدەدات و خەلکەکەش دەچێیتە ئەقڵیان و قبووڵیانە. ئەوە نییە میدیا دەڵی: "شەو کەس ناوێرێت لە مال بێتە دەر!" کە ڕەخنە نەبوو، هەموو شتە ناشیریینەکان پەردەپۆش دەکرێن و بەرژەوەدندخوازان چیان بووێت بۆیان دەچێتە سەر.

دوو: هەژاری:
لە دەروونناسیی هاوچەرخدا: ئەگەر ویستت گەلێک پەکبخەیت، دەبێت دوژمنێکی وەهمیی بۆ دابهێنیت. جا بۆ ئەم شوێن و زەمەنە، وەهمێکی وەک عەبا ڕەش پر بە پێستییەتی. تۆ چاوێک بە مێژووی نەتەوەکاندا بخشێنە، لەوە تێدەگەیت، کە چینی هەژار و بێدەرانیش، وەک هەموو مرۆڤێکی ئاسایی، خەونی هەیە، هیوای هەیە، ئاوات و ئامانجی هەیە، بەڵام زۆربەی ئەوان پێویستیان بە سامان و هاوکاریی ماددی هەیە بۆ گەێش بەو خەونانە. کاتێک ئەو هەژارە یان ئەو بێدەرەتانە دەبینی باخەڵی بەتاڵە و هیچی نییە، دەست بۆ ئاسمان دەبا بەڵکوو ڕەحمێکی پێبکات، دەچیت لەبەر شێخێک دەپایڕێتەوە بەڵکوو دوعایەکی بۆ بکات، دەچیت نووشتە دەکات، هەمووی لەبەر نەبوو نییە، تا دەگاتە ئەو قۆناغەی کە ئەقڵی بێئاگا، ئیقناعی دەکات کە ئەوە چارەنووس و قەدەری ئەوە  و دەبێ قبوڵی بکات. جا چۆن ئەو ئەو هەموو ژان  و عەزابەی قبوڵە، وەهەمەکەشی قبوڵ دەبێت، بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەو حزبێک یان تاقمێک یان بەرژەوەندخوازێک ئەو وەهەمەی بۆ درووست کردوە.

ئێمرۆ سەرەڕای، بوژانەوەی ژیان لە چاو هەشتاکان و نەوەتەکاندا، بەڵام چینی هەژار و دەستکوورت زۆر حاڵیان پەرێشانە. بۆیە وەهمی بت و سەنەم و عەبا ڕەش و دەستی ڕەش و خیوی ڕەش بە هاسانی دەچێتە ناو بیر و هزریان، وەک چۆن منی دەساڵان و دایکم لەو باوەڕ دابووین کە ئەوە دەروێش خدر بووە بە  دواوم کەوتبوو لە قەبروستانەکە.

سێ: دەسەڵاتی زاڵم و چەوسێنەر:
فەیلەسوفی بەناوبانگی ئینگلیزی فرۆنسیس بیکن (کۆچی دوایی ١٦٢٦)، ئاگاداری بە خەڵک دەدا  کە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بیر و درووشم و ئایدیالۆژیای خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن و مێشکیان بشۆنەوە و دەستەمۆیان بکەن، دەبێت (خودای درۆزن) لەخەیاڵی ئەو خەڵکەدا درووست بکەن، بەبێ ئەوەی خەڵکەکە  پێ بزانیت کە ئەمە وەهمە.

جوانترین نموونە هیتلەرە، کە وەهمێکی ‌هێندە مەزنی درووست کردبوو، بە هەزاران هەزاران خۆیان بۆ بەکووشتدا، بەڵام هەموومان دەزانین کە هیتلەر چ  جەبەروت و چەنگ بەخوێن و دڕندەیوەک بوو.

ئەو دەسەڵاتدارانە بە درووشمێک یان بە کتێبێک، کە نە دارە نە بەردە وەک سەنەمەکە، وات لێدەکات هێندە باوەڕت پێی بێت تا دەگاتە خۆشەویستی و پەرستن. ئەوان نیشتیمان، ئازادی، ئایین، ئایندە، مرۆڤایەتی، شەڕەف، مێژوو... دەکەنە کەرەسەتەی فریودانەکە لە پاڵ بەکارهێنانی هێز. سەدانی وەک حەلاح لەسەریان درا، بۆ چاوترساندنی ئەوانی دیکە.

ئیمڕۆ مەرج نییە دەسەڵاتی خۆسەپێن، پەنا بەرێت بۆ سێدارە و زیندانیکردن و کووشتن، بۆ تۆقاندن و گەمژاندنی خەڵکەکە، بەڵکوو نووسەران، ڕۆشنبیران، میدیا، چاپەمەنی دەکاتە بەهێزترین چەک و ئامراز، ئەمەیش هەم لە ڕێی تۆقاندیان هەم لەڕێی دەمچەورکردنیان. مەرج نییە تۆقاندنەکە بە ئەشکەنجە و زیندانیکردن بێت، بە تۆمارکردنی گریتەیەکی سێکسی لەگەڵ کچە مۆدێلێک، ئەو کەسە زەلیل دەکات!

لەهەر  گۆمەڵگەیەکدا ئەو سێ ڕەهەندەری سەرەوە باڵا دەست بوو، ئەوا عەبا ڕەشەکان باڵا بەدەست دەبن. کاتێک توانرا پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە غەیب، ئەوا ئاراستەیەکی ئایدیاڵیزمی ڕۆحی دێتە کایەوە کە بە هاسانی بیرۆکەی عەبا ڕەش قبوڵ دەکات. ئەمەش خواستە شاراوەکەی دەسەڵاتە. بەڵگەش ئەو ڕێکلامە زۆرەیە دەزگای میدیایی زەبەلاح بۆیان دەکەن.

مەحاڵە سەنەمێک کە باسمان کرد، بتوانێت  دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت،  بە بوونی تۆڕێکی بەربڵاو و ڕێکخراو کە پاسەوانی لە بەرژەوەندییەکانی بکات و شوێنکەوتووانی بپارێزێت. دوور نییە ئێستا لایەنگرانی عەبا ڕەش سزای کۆمەڵایەتی منی نووسەر بدەن، چونکە موردی وان نیم. دەبێ هەر کەسێک ڕاستگۆ بێت سزا بدرێت.

ئەمە وتەی ئەرستۆیە کە هەژاری و سەرکوتکردن، تەنها شۆڕش بەرهەم ناهێنن، وەهمگەلێک بەرهەم دەهێنن کە لە شوێنی خۆتدا دەتهێڵنەوە.

کەواتە لە غیابی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی (یەک)، هەژاری (دوو)، استبداد (سێ). درووستکەری بت و سەنەم دەستری خۆحی دەوەشێنێت، کاتێک دەرگاکانی چارەسەرە واقیعییەکان لەبەردەم مرۆڤدا دادەخرێن، پەنا بۆ ئەوە دەبات کە بۆشاییەکە پڕبکاتەوە. لێرەدا عەبا ڕەش ئەو بۆشایە پڕ دەکاتەوە.

مرۆڤ بەدوای  قوربانییەکدا دەگەڕێت تا پرۆسەی ڕەخنەی خۆیی بۆ بیرۆکەکانی و ئەوەی بارودۆخە ئابوورییەکانی پێی گەیاندووە ئەنجام بدات، واتا قوربانییەک دەدۆزێتەوە هەموو شکستەکانی لە بوارەکانی خوێندن یان ئابووریدا بخاتە سەر ئەو. و لە ڕاستیدا ئەم سەنەمە لە هەمان شوێندا دەتهێڵێتەوە،  بەردەوام لە ناو بازنەی وەهمی عەبا ڕەشدا دەخولێتەوە، چونکە خۆت ناتەوێ خۆتی لێ دەرباز بکەیت

ئێستا زانیت بۆ گوتم: بەڵێ، عەبا ڕەش درووستە هەیە  و خەیاڵ نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی