بەشی دووەم
1ـ ئینتیمای خێڵەکیو ناوچەیی
لەمەودای ڕابردوودا چاوپێکەوتنێکی نووسەر **«محەمەد مەسعود محەمەد»**ـم بینی کە باسی لە کێشەی نەبوونی زمانی یەکگرتوو دەکرد. قسەیەکی کرد زۆر سەرنجی ڕاکێشام، گوتی: «جوگرافیای شاخاوی کێشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ هەر میلەتێک کە لێی بژیت». ئەو قسەیە ئەگەر بە لێکدانەوەیەکی واقعی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بەڕاستی شایەنی ئەوەیە چەندین وتار، بابەت و توێژینەوەی لەسەر بکرێت.
لەمێژووی نیمچەکۆندا، جوگرافیای شاخاوی دەکرێت یەکێک بووبێت لەو هۆکارانەی کە وایکردووە فرەیی لە ژمارەی تیرە، هۆز و بنەماڵەکاندا دروست بێت؛ ئەویش بەهۆی کەمی ئامرازەکانی هاتووچۆ لە نێوانیاندا و نەبوونی ڕێگاوبان. لەوانەیە شاخەکان وایان کردبێت هۆزەکان بە ئاسانی نەگەیشتبنە یەکتر، هەرچەندە لە یەک نەتەوەش بووبن. ئەو یەکترنەدیتنەش جۆرێک لە هەستی «خۆیی»ـبوونی لەناو هەر هۆزێکدا دروست کردووە کە هۆزەکەی تری لا بێگانە بووبێت. واتە دەتوانین بڵێین جوگرافیای شاخاوی لە کۆندا وایکردووە بنەماڵە و تیرە و هۆزەکان جۆرێک لە لێکدابڕان لە نێوانیاندا دروست ببێت؛ دابڕانیش تەنیا بە جەستە و فیزیک نا، بەڵکو بە شێوەزار، کلتوور و جلوبەرگ، تا دەگاتە ئینتیما.
بابەتی «جیاوازیی شێوەزار» دەکرێت لە داھاتوودا وەکو بابەتێکی تایبەت زیاتر باسی لێوە بکرێت. ئەوەی لێرەدا بە گرنگی دەزانم باسی بکەم، بابەتی ئینتیمایە. ناوچە و جوگرافیای شاخاوی، بێ ویستی مرۆڤ، وای لە مرۆڤەکان کردووە کە هەرکەسێک ئینتیمای بۆ دۆڵەکەی خۆی یان بۆ چیایەکەی خۆی هەبێت، بۆ گوندەکانیش هەر بە هەمان شێوە. بۆیە ئەگەر لەو هۆزانە بڕوانین کە لە نزیک شارەکان لە جوگرافیایەکی تەخت و دەشتاویدا ژیاون، ئێستا ئینتیمای خێڵەکییان کەمترە لەوانەی لە ناوچەی شاخاویدا ژیاون. ئەوەش لەوانەیە بەهۆی تێکەڵاویی زیاتریان لەگەڵ هۆزەکانی دەوروبەریان یان شارەکان وای لێهاتبێت، و زیاتر هەنگاویان نابێت بەرەو شارستانییەت، نەتەوایەتی و ئایینداری، و ئینتیمای خۆیان بۆ شتانێکی گەورەتر لە هۆز و عەشیرەت تەرخان کردبێت.
ئەمە تەشھیرکردن نییە بە خەڵک یان هۆزەکانی ناوچە شاخاوییەکان، بەڵکو وەکو هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵایەتی و فاکتەرێکی گرنگ لەسەر دۆسیەی نەتەوەیی باسی لێوە دەکرێت. لەوانەیە ئەم قسانە ڕێژەیی بن، یان لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر ڕاست دەرنەچن. بۆ نموونە عەرەب کە زۆربەی هۆزەکانیان لە بیاباندا ژیاون، کەچی ئینتیمای خێڵەکییان زۆر بەهێزە. بەڵام لەم بابەتەدا من بەپێی ئەوەی لە کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستاندا بەدیم کردووە، دەینووسمەوە و هەڵوەستەی لەسەر دەکەم.
لەوانەیە ئینتیمای خێڵەکی وەکو پێشتر نەمابێت و لەسەر ئەرزی واقیع تۆزێک لاواز بووبێت، ئەویش بەهۆی بەهێزبوونی حکومەت و حزبەکان بەراورد بە جاران. بەڵام لە واقیعدا هەر ماوە و سەنگەری گواستۆتەوە بۆ تیکتۆک، فەیسبووک و سۆشیال میدیاکانی تر. ئێستاش هەمان ئەو لاف لێدان و شانازیکردنە بە عەشیرەت کە پێشتر هەبووە، لەناو تیکتۆک و سۆشیال میدیادا دەبینین. ئێستا ڕاستە شەڕە عەشیرەت بە چەک کەمبووەتەوە، بەڵام من کاتێک سەرنجی کۆمێنتەکان دەدەم، جاری وا هەیە نزیکەی سەد کۆمێنت وەڵامی یەکتریان داوەتەوە و هەریەکەیان ویستوویەتی فەزڵی خێڵەکەی خۆی بەسەر ئەویتردا بسەلمێنێت، کە ئەوە دەردێکی کوشندەیە بۆ ڕۆژگارێکی وەکو ئەمڕۆ.
هەر تیرە و هۆزێک کە لە کوردستاندا بوونی هەبووە یان هەیە، شێوازی قسەکردن، کلتوور و ناوچەی تایبەت بە خۆی هەیە؛ بێگومان خەڵکەکەش ئینتیمای بۆ شێوازی قسەکردن، جلوبەرگ، کلتوور، ناوچە و تایبەتمەندییەکانی هۆزەکەی خۆی هەبووە. ئەو ئینتیمایەش وادەکات ئینتیمای نەتەوەیی و هەستکردن بە کوردبوون لاواز بێت.
لە مێژووی دوو کۆتا شۆڕشی کوردستانی عێراقدا، زۆربەی سەرۆک هۆزەکان پەنایان دەبردە بەر زۆر کاری خراپی وەک جاشایەتی، نۆکەرایەتی بۆ بێگانە، یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ خێڵێکی بێگانەدا لە پێناو شکاندنی ئەو هۆزەی کە بە ڕکابەری خۆیان زانیوە؛ یاخود لایەنی کەم بۆ بەهێزبوونی هەژموونی عەشایەری و کۆمەڵایەتی عەشیرەتەکەی خۆیان. لێرەدا ئەوەی گورزی کوشندەی بەرکەوتووە، تەنیا قەزیەی نەتەوەیی بووە. خۆ لە هەموو جیهان و بە تایبەت میلەتانی ڕۆژهەڵاتی، لە سەردەمێکدا ئەو شتانە باو بوون، بەڵام ئاڵنگارییە (تەحەدییە) گەورەکە بریتییە لە چارەسەرکردن و نەهێشتنیان.
تاکی کورد لە سەردەمی زوودا و ئێستاش هەروەها بەهۆی جەختکردنەوە لەسەر بەهێزبوونی خێڵ و هۆزەکەی، و بوونی ئینتیمایەکی زۆر بۆ بابەتی عەشیرەتگەری، و نەبوونی بەرچاوڕوونی و جیهانبینی، و ئاگەدارنەبوون لە بارودۆخ و پێشکەوتنی گەلانی جیهان، نەیتوانیوە وەکو پێویست هەست بە مافی کوردبوونی خۆی بکات وەکوو نەتەوە. ئێستا لە سەنگەری سۆشیال میدیا و تیکتۆکەوە، منداڵ و لاوی کورد لەبەر لاف و پۆزی عەشیرەت و ڕکابەریی عەشیرەتگەری لە نێوانیاندا، ئەسڵەن هەست بە هاوسۆزی ناکەن لەگەڵ کەیسی نەتەوە؛ بۆیەش لەباربردنی خەونی گەورەبوون و پێشکەوتنی نەتەوەکە لەلایەن دوژمنانەوە کارێکی فرەئاسان و ڕۆتینی بووە.
هەرچەندە ناکرێت ڕۆڵی عەشیرەت و هۆزەکان لە پێشکەوتنی دۆسیەی کورددا بە کەم ببینرێت؛ ئەوان لە دوایین دوو شۆڕشی باشووری کوردستاندا ڕۆڵی کارا و سەرەکییان بینی لە بابەتی ناندان، داڵدەدان و پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە. هەروەها لە کۆتاییشدا لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا، زۆرێک لە هۆزەکان توانییان ببنە هێزێکی گەورەی پاڵپشتیکاری سەربازی (عەسکەری) بۆ ڕاپەڕینەکە. بەڵام لە دونیای مۆدێرندا، هەندێک گۆڕانکاری خاڵی جەوهەرین سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی گەلان. دەکرێت خێڵەکان ڕۆڵی باش و خراپیان دیبێت لە قۆناغی شۆڕشدا، بەڵام بۆ هەنگاونان بەرەو شارستانییەت، سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکانی دوژمنان و بەرەوپێشبردنی کەیسی نەتەوەیی، پێویستە ڕۆڵی زۆربەی ئەو شتانە لاواز بکرێت کە دەبنە هۆکاری نەرێنی لەسەر بەرەوپێشچوونی کەیسی نەتەوە. هەروەک مەلیک فەیسەڵی عێراق گوتوویەتی: «چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار و نەهێشتنی هەژموونی شێخ و عەشایەر، بەرەو دەوڵەتداریت دەبات».
لەوانەیە خەڵکانێک هەبن پێیان وابێت بەرگریکردن لە کەیسی نەتەوەیی کارێکی دواکەوتووانەیە و بانگەشەی برایەتیی ئایینی و مرۆیی بکەن؛ بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا دەبێت مرۆڤەکان لە خۆیان بپرسن: بۆچی دەکوژرێن؟ بۆچی دوژمنایەتییان دەکرێت؟ ئەگەر برایەتی ئایینی و مرۆیی بوونی هەیە، بۆچی هیچ وڵاتێکی دەوروبەرمان ئەو برایەتییە ناکاتە بەشێک لە سیاسەت و ئەجێندای خۆی؟ وەڵامی هەموو پرسیارەکان ئەوەیە کە ئێمە ئەگەر هەبین وەکو کورد هەین، ئەگەر بشکوژرێین هەر بەهۆی کوردبوونمانەوەیە!
بەڕای من، گۆڕانکاریکردن لە مەبادئی گەلێکی وەکو کورد، شتێکی هێندەش قورس نییە؛ چونکە کورد گەلێکە زۆر بە کەمی لەژێر سایەی حوکمڕانی خۆیدا ژیاوە و هەرگیز نەیتوانیوە نەشونمای بیری ئازادانەی خۆی بکات. بە کورتی، کورد لەبەر ڕاکەرەک و هەڵاتن لە دەست بارودۆخە کەمەرشکێنە سیاسییەکانی ناوچەکە، کاتی ئەوەی نەبووە خۆی دروست بکات و پێبگەیەنێت. تاوەکو ئێستاش کورد شتێکی وای نییە کە نەتوانرێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت؛ کورد هەرگیز پەرژینێکی نەبووە ڕێگە لە تەوژمە فیکری و کۆمەڵایەتییەکان بگرێت، هەرگیز ئەو ئامادەییەی تێدا نەبووە کە بتوانێت ڕێگری بکات لە هاتنە ناوەوەی کلتوورێکی بێگانە یاخود بیرێکی نامۆ. هەمیشە توانراوە هەر بیرێکی باش و خراپ یان هەر کلتوورێکی باش و خراپ دزەی پێ بکرێتە ناو کۆمەڵگەی کوردی و ڕەواجی پێ بدرێت. ئەوەش دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پەرژینێکی کلتووری، فکری و شوناسی. گەورەترین هۆکاریش بۆ نەبوونی ئەو پەرژینە، نەبوونی دەسەڵات یان قەوارەیەکی سیاسییە.
نمونەی هاتنەناوەوەی کلتووری نوێ بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی و بە تایبەت باشووری کوردستان زۆرن؛ دیارترینیان گۆڕانکاری بوو لە شوناسی فکریی ئایینیدا. بە نیمچەڕەهایی دەتوانین بڵێین بەپێی خوێندنەوەکان، تاوەکو دوای ڕاپەڕین شتێک نەبوو بە ناوی «سەلەفییەت» کە بیرێکی لاساییکەرەوەیە و زۆرینەی بیروبڕوای لەسەر ڕووکەشی بابەتە ئایینییەکان هەڵچنیوە. ئەوەی لە کوردستاندا هەبوو، دیندارییەکی عیرفانییانەی سۆفیگەریانە بوو کە لەگەڵ هەر پەیامێکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، گیانی هاوکاری و یەکترقبووڵکردندا هاوئاواز بوو. (هەڵبەتە کورد پێش موسڵمانبوونیشی، ئەو کوردانەی لە ئایینەکانی زەردەشتی، یارسانی و ئەوانی دیکەش بوون، ئایینیان بە لایەنێکی سۆفیگەریانە و عاریفانە جێبەجێ کردووە). ئەوەش بەڵگەی هەمیشە ئاشتیخوازبوون، دڵگەورەیی و هاوکاربوونی گەلی کوردە. بێگومان ئایین بەتایبەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەیامێکی فرەگەورە، بەخشندە و بەرنامەیەکی پاک و بێگەردە، کوردیش بەو شێوە جوانە جێبەجێی کردووە.
هێنانەوەی ئەو نموونەیەی سەرووە لە پێناو ئەوەدا بوو تا بتوانم زیاتر بدوێم لەسەر ئەوەی کە دەتوانرێت زۆر لە واقیعی ئەمڕۆ بگۆڕدرێت، هەروەک چۆن پێشتر بە بەرنامە و پلانی دوژمنان گۆڕدراوە. ئەو قۆناغەی کورد پێیدا تێپەڕ دەبێت، قۆناغێکی نامۆ و نوێ نییە؛ زۆربەی میلەتان پێویستیان بە چەندین ساڵ حوکمڕانی و مومارەسەی ژیانێکی ڕۆتینی، ئاسایی و جێگیربووە تاوەکو گەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی کە نەتوانرێت بە ئاسانی شتێک لەناویان بکرێتە نەریت (عادەت) کە لەسەری ڕانەهاتوون. بەڵام کورد نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە و جارێ نەهاتووەتە سەر هێڵی ژیانێکی تۆزێک جێگیر و بێ ژاوەژاو، هەربۆیە گۆڕینی هەندێک واقیعی کۆمەڵایەتی شتێکی هێندەش قورس نییە.
سا لێرەدا، کۆی قسەکانم بۆ پاڵپشتی ئەوە دەکەم کە دەکرێت بە پڕۆژە و بەرنامەی ورد، و کارکردنێکی ڕێکخراو کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ڕای گشتی و کۆمەڵگە هەبێت، ئەو هەموو ئینتیما و وزەیەی لە خێڵ، بنەماڵە، ناوچە و شارۆچکە خەرج دەکرێت، پێشکەش بە دۆزێکی نەتەوەیی گەورەتر بکرێت کە بێگومان زەروورترە. ئەمە بە مانای لەناوچوونی ئادابی عەشایەری، بنەماڵەیی و خۆشەویستیی ناوچەیی نایەت؛ بەڵکو ڕاکێشانی زەین و تەرکیزی نەتەوەیە بۆ نەتەوە. کۆکردنەوەی ئینتیمای هەموو خێڵ، ناوچە و بنەماڵەکانە بۆ نەتەوە و نیشتمان. ڕەواندنەوەی ئەو هەموو یەکترقبووڵنەکردن و دوژمنکارییەیە بۆ یەکدەستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە کلیلی دەرگای شارستانییەت و ئەزموونی پێشکەوتنخوازە.
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیک بکە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی