بۆچی هیندستان لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکاندا لایەنگری ئیسرائیل دەکات؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان


وەرگێڕان لە فارسیەوە / حەمەدەمین سلێمان . 
سەرچاوە / یورونیوز فارسی . 



هیندستان ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین . وڵاتێک کە بۆ چەندین دەیە لە پاڵ ئامانجی فەلەستین، بزووتنەوە بێلایەنەکەی و لە خەبات دژی ئیمپریالیزمدا خۆی پێناسە دەکرد، ئێستا بووەتە یەکێک لە نزیکترین هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لە ئاسیادا .
ئەم گۆڕانکارییە بەتایبەت لە سەردەمی سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی لە هندستان ڕوونتر بووەتەوە و لە جەنگی غەززە و هەڵوێست گیرییەکانی نیودەلهی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ڕابردوو بەرچاو کەوتووە .
لەگەڵ ئەوەشدا، وەسفکردنی سیاسەتی هندستان بە تەنیا وەک «پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل» وێنەیەکی تەواو پێشکەش ناکات. نیودەلهی هەروەها بە فەرمی پشتیوانی لە ڕێگەچارەی دوودەوڵەتیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیی دەکات و لە کاتی دەرکردنی هەندێک لە بڕیارنامەی مرۆڤدۆستانەی پەیوەندیدار بە فەلەستینییەکانیش دەچێتە پاڵ کۆدەنگیی نێودەوڵەتی .
ئەوەی کە گۆڕاوە، ئارەزووی هندستانە بۆ خۆبەدوورگرتن لەو هەنگاوانەی کە دەکرێت گوشاری سیاسی، یاسایی یان ئابووریی واتادار بخەنە سەر ئیسرائیل .



لە نەهرۆوە تا مودی؛ هندستان چۆن لە «ئامانجی فەلەستین» دوورکەوتەوە؟



بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی ئێستای هندستان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. لە ساڵانی سەرەتای سەربەخۆیی هندستاندا، حکومەتی جەواهر لال نەهرۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی لەگەڵ سیاسەتی ئێستای نیودەلهی هەبوو. هندستان لە ساڵی ١٩٤٧دا دژی پڕۆژەی دابەشکردنی زەوییەکانی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەستایەوە و لە ساڵی ١٩٤٩شدا بۆ ئەندامبوونی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە نەخێر دەنگیدا. ڕوانگەی نەریتیی هندستان بۆ پرسی فەلەستینییەکان لە ژێر کاریگەریی ئەزموونی ئیستعمار، بزووتنەوەی بێلایەن و پەیوەندیی نزیک لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا شێوەی گرتبوو.
هەڵبەت، هیندستان لەساڵی ١٩٥٠ دەوڵەتی ئیسڕائیلی بەفەرمی ناسی، بەڵام پەیوەندی تەواوەتی دیبلۆماسی ئەو دوو وڵاتە تا ساڵی ١٩٩٢ دانەمەزرا. دوا دروست بوونی پەیوەندییەکان هاوکارییەکان لەباری ئاسایش و سەربازیدا بەرەبەرە فراوان بوون بەڵام هێشتا هند لە زۆرێک لە دەنگدانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پشتیوانی فەلەستینییەکانی دەکرد .
خاڵێکی جێ سەرنجی گرنگ لە پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتە، هاتنەسەرکاری حزبی بەهاراتیا جاناتان بوو بە سەرۆکایەتی نارندرا مودی لە ساڵی ٢٠١٤ دا، لەسەردەمی نارندرا مودی، پەیوەندیێک کە پێشتر زیاتر لایەنی پڕکتیکیی و سنورداری هەبوو بووە بە هاوبەشییێکی ئاشکراو فرە ڕەهەند. نارندرا مودی لەساڵی ٢٠١٧ یەکەم سەرۆک وەزیری هیندستان بوو سەردانی ئیسرائیلی کرد و ساڵی دواتریش بووە یەکەم سەرۆک وەزیری هند کە سەردانی خاکی فەلەستینی کرد. ئەم دوو سەردانە نیشانەی ئەوە بوون کە نیودەلهی هەوڵ دەدات لە یەک کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو لادا (ئیسرائیل و فەلەستین) بە هاوتەریبی بپارێزێت، بەڵام بە ڕوونی دیار بوو کە کێش و بایەخی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەربەرچاو زیادی کردووە .



ئیسرائیل تەنها هاوپەیمانێکی سیاسی نییە بۆ هیندستان



یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی نزیکایەتی نێوان هیندستان و ئیسرائیل هاوکاری سەربازیی و ئەمنییە. هیندستان یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی چەک لە جیهاندا و ئیسرائیل لەو چەند دەیەی ڕابردوودا بووەتە دابینکەرێکی گرنگی کەرەستەی سەربازی و سیستەمی بەرگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و تەکنەلۆژیای ئەمنی بۆ سوپای هیندستان .
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، گواستنەوەی چەکی گەورەی ئیسرائیل بۆ هیندستان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٤ نزیکەی دوو هێندە بووە لە کۆی گشتی گواستنەوەکانی ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠١٣. هەروەها پشکی ئیسرائیل لە هاوردەکردنی چەکی هیندیش لە ماوەی دوای هاتنە سەرکاری حکومەتی مودی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە .
ئەم پەیوەندییە بۆ هیندستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە نیودەلهی لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی دوو ڕکابەری گەورەی ئەمنی دەبێتەوە، واتا پاکستان و چین. ئەزموونی هیندستان لە شەڕ و ململانێکان لەگەڵ پاکستان و کێبڕکێی ستراتیژی لەگەڵ چین، پێویستی وڵاتەکەی بە تەکنەلۆژیای هەواڵگری و چاودێری و مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیاتر کردووە .
ئیسرائیل لەم ڕووەوە بە هاوبەشێکی سەرنجڕاکێش بۆ هیندستان دادەنرێت. وڵاتێک کە ئەزموونێکی بەرفراوانی لە شەڕی ناهاوسەنگ، چاودێری سنوورەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستەمی بەرگری مووشەکی، هەواڵگری سەربازی و تەکنەلۆژیای دژە تیرۆردا هەیە.
لەبەر ئەم هۆکارە، پەیوەندیی هیندستان و ئیسرائیل ناتوانرێت بە تەنها وەک دەرئەنجامی یەکگرتنی سیاسی لەسەر پرسی فەلەستین سەیر بکرێت. لە پشت ئەم پەیوەندییەوە لۆژیکێکی قووڵی ئەمنی هەیە .



پەیوەندی ئاڵۆزی نیودەلهی لەگەڵ پاکستان؛ یەک لەبازنە گرنگەکانی هاوپەیمانیی لەگەڵ ئیسرائیل



پاکستان هەروەها لە پێکهێنانی میحوەری هیندستان و ئیسرائیلدا گرنگی هەیە. ساڵانێکە هیندستان لەسەر کشمیر لەگەڵ پاکستان ناکۆکیی هەیە و هەردوو وڵات ڕووبەڕووی چەندین شەڕ و ململانێی سەربازیی بوونەتەوە .
ئیسڕائیل لە ڕوانگەی نیودەلهی  تەنها فرۆشیاریێکی چەک نییە، بەڵکو سەرچاوەی تەکنەلۆجیا و ئەزموونی ئەمنییشە. کەواتە هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی ژینگەی ئەمنی هیندستان بەهای پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیش زیادی کردووە .
ئەم هاوکارییە لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی ساڵی ٢٠٠٨ لە بۆمبای گرنگی زیاتری پەیداکرد. دوای ئەوە هیندستان زیاتر لە جاران سەرنجی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەواڵگری و ئاسایشی شارەکان و ئیسرائیل هاوبەشێکی گونجاو بوو بۆ نیودەلهی لە زۆرێک لەو بوارانەدا .
لەم ڕوانگەیەوە پێویستە سیاسەتی هیندستان بەرامبەر بە ئیسرائیل وەک بەشێک لە حیساباتی فراوانتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە سەیر بکرێت، کە چین، پاکستان، تیرۆر و پێویستی تەکنەلۆژیای بەرگری تێیدا کۆدەبوونەتەوە .



مودی و نەتانیاهۆ: پەیوەندییەک کە ڕەنگی شەخسی و ئایدیۆلۆژیی وەرگرت



فاکتەرێکی دیکە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، نزیکیی سیاسی نێوان پارتی بەهاراتیا جاناتا و بزووتنەوەی ڕاستڕەوی ئیسرائیل و پارتی لیکۆدە .
ئەو گریمانەی خراوەتە ڕوو لەپاڵ پاڵنەرە ئەمنیی و ئابوورییەکان، جۆرێک لە یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژی لە نێوان ناسیۆنالیزمی هیندۆسی لە هیندستان و هەندێک بزووتنەوەی زایۆنیستیش ڕۆڵی هەبووە لە پێکهێنانی ئەو پەیوەندییە نوێیەدا .
بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە یەکسانن یان یەکگرتوویییەکی تەواو ئایدیۆلۆژی لە نێوانیاندا هەیە. بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی هەردوو حکومەت جەختیان لەسەر چەمکەکانی وەک ئاسایشی نەتەوەیی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ناسنامەی زۆرینە و حوکمڕانی بەهێز کردووەتەوە و ئەمەش بنەمایەکی بۆ لێکنزیکبوونەوەی سیاسی دروستکردووە .
پەیوەندی کەسی نێوان نارێندرا مودی و بنیامین ناتانیاهۆش بووەتە هێمای ئەم نزیکییە. لە سەردەمی دەستەڵاتی مودی و نەتانیاهۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاستی ئاسایی هاوکاری دیپلۆماسیی تێپەڕی و گەشەی کرد بۆ پەیوەندییەکی ستراتیژیی، ئابووریی و ئەمنیی .



هێرشی ٧ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٣؛ ساتێکی گونجاو کە هەڵوێستی هیندستانی ئاشکراتر کرد



هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ سیاسەتی دەرەوەی هیندستان. نارێندرا مودی لە ڕۆژانی سەرەتاوە هاودەنگی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند و هەڵوێستی نیودەلهی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ڕابردوو ئاشکراتر بوو .
بەڵام هیندستان لە بەردەوامیی شەڕی غەززەدا هەوڵیدا لە نێوان چەند ڕەچاوکردنێکی دژبەیەکدا هاوسەنگیی ڕابگرێت. لە لایەک حکومەتی نارێندرا مودی نەیویست پەیوەندی ستراتیژی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل لاواز بکات. لە لایەکی دیکەوە هیندستان نەیتوانی بە تەواوی پرسی فەلەستین پشتگوێ بخات، چونکە پەیوەندییە ئابووریی و وزەییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا گرنگییەکی سەرەکییان هەبوو بۆ نیودەلهی .
لە ئەنجامدا هیندستان سیاسەتێکی دوولایەنەی گرتەبەر. لایەنێک پشتگیری لە یارمەتییە مرۆییەکان و چارەسەری دوو دەوڵەتی بوو، لایەنەکەی دیکەش خۆبواردن بوو لە پشتیوانیکردن لە هەندێک ڕێوشوێنی نێودەوڵەتی کە دەیتوانێت فشاری سیاسیی یان یاسایی زیاتر بخاتە سەر ئیسرائیل .
ئەو شێوازە لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بینرا. هەڵسەنگاندنی دەنگەکانی هیندستان لەو ڕێکخراوەدا دەریدەخات کە نیودەلهی هێشتا دەنگدەدات بە هەندێک بڕیارنامەی گشتی و مرۆیی سەبارەت بە فەلەستینییەکان، بەڵام مەیلی ئەوەی هەیە زیاتر خۆی لەو بڕیارانەدا بەدوور بگرێت کە کاریگەریی سیاسی یان یاسایی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئیسرائیل هەیە .



بۆچی هیندستان بەم شێوەش هێشتا پشتگیری لە پێکهێنانی "دەوڵەتی فەلەستین" دەکات؟



لە ڕووکەشدا ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کە ئەگەر هیندستان ئەوەندە لە ئیسرائیل نزیک بووەتەوە، بۆچی هێشتا پشتگیری لە پێکهێنانی "دەوڵەتی فەلەستین" و چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات؟
دەبێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە جوگرافیا و ئابووری هیندستاندا بگەڕێین. هیندستان زۆر پشت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت. وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس هەم لە ڕووی وزە و چ لە ڕووی بازرگانی و وەبەرهێنان و دامەزراندنی ملیۆنان کرێکاری هیندستان بۆ هیندستان گرنگن. کۆمەڵگەی گەورەی هیندی کە لە وڵاتانی عەرەبیدا دەژی، پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتیشیان دروست کردووە.
بۆیە هیندستان ناتوانێت وەک هاوپەیمانێکی ئەوروپی ئیسرائیل (وەک ئەڵمانیا یان مەجەڕستان لە سەردەمی ئۆرباندا) ڕەفتار بکات و لە بەرامبەر ئەوەدا هەموو جیهانی عەرەبی پشتگوێ بخات.
لەبەر ئەم هۆکارە، نیودەلهی هەوڵی داوە جۆرێک لە "جیاکاریی" بکات و لەیەک کاتدا بەدوای پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل و پەیوەندی ئابووریی و هاوکاریی لەباری وزە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی و پشتیوانی فەرمی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی بکات .



نەوت، کرێکارانی هیندستان و کەنداوی فارس؛ حیسابێک کە نیودەلهی ناتوانێت پشتگوێی بخات



پەیوەندی هیندستان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی بۆ ئابووری ئەو وڵاتە زۆر گرنگە. هیندستان بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی وزەی خۆی لە دەرەوە هاوردە دەکات و کەنداوی فارس پێگەیەکی ژیاریی لەم هاوکێشەیەدا هەیە.
لە لایەکی ترەوە ملیۆنان هیندی لە چوارچێوەی وڵاتانی کەنداو کار دەکەن و داهاتی ئەوان سەرچاوەیەکی گرنگی هاتنەناوەوەی دراوە بۆ ئابووری هیندستان.
کەواتە هەتا ئەگەر حکومەتی نارێندرا مودی لە ڕووی سیاسییەوە لە ئیسرائیل نزیک بێت، ناتوانێت بە شێوەیەک ڕەفتار بکات کە دەوڵەتە عەرەبییەکان لە دژی خۆیدا دابنێت.
ئەوەش هەمان هۆکارە کە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی هیندستان لە هەندێک حاڵەتدا هاوکات لەگەڵ نزیکبوون  لە ئیسرائیل، سەرنجی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بووە .



چین-یش لە پاشخانی پەیوەندییەکانی هیندستان و ئیسرائیلدا ئامادەیە



فاکتەرێکی گرنگی دیکە کێبڕکێی نێوان هیندستان و چینە.



نیودەلهی لەو ساڵانی دواییدا هەوڵی بنیادنانی تۆڕێکی لە هاوبەشیی ئابووری، تەکنەلۆژی و ئەمنیی داوە تا لە ئاستی هەڵکشانی دەستەڵاتی چین باڵا دەستیی هەبێت. پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیش بەشێکە لەو ستراتیژە.
لە تەکنەلۆژیای سەربازییەوە تا دەگاتە کشتوکاڵ، ئاو، هاوکاری ئەلیکترۆنی و داهێنان، ئیسرائیل دەتوانێت بەهای زیاتر بۆ هیندستان دەستەبەر بکات.
لە لایەکی دیکەوە هیندستان حەز دەکات خۆی وەک زلهێزێکی گەورەی سەربەخۆ بناسێنێت. زلهێزێک که نه بە تەواوی له ئۆردوگای ئەمریکایه، نه لەگەڵ چیندایە، نه دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی تەنها لەسەر بنەمای تێبیینیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیات بنێت.
بە هەمان هۆکار نزیکیی لە ئیسرائیل بەشێکە لە ستراتیژی گەورەتری "فرەلایەنە"ی هیندستان .



ئایا حکومەتی مودی تاکە هۆکاری گۆڕینی هەڵوێستی هیندستانە؟



شرۆڤەکاران لەبارەی قورسایی هۆکارە جیاوازەکانەوە ناکۆکن، هەندێکیان جەخت لەسەر گرنگی حکومەتی مودی و ئایدۆلۆژیای پارتی بەهاراتیا جاناتا دەکەنەوە. 
هەندێکی تر پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لە هەموو شتێک دەرئەنجامی پەرەسەندنی بنەمای دەسەڵاتی جیهانی و پێداویستییە ئەمنییەکانی هیندستانە.
بەڵام واقیعەکە ڕەنگە تێکەڵەیەک بێت لە هەردووکی. پەیوەندی هیندستان و ئیسرائیل تەنانەت پێش مودی پەرەی سەندبوو. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دامەزرابوو و هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانیش لە دەیەکانی پێش حکوومەتی مودیدا گەشەیان کردبوو.
بەڵام هاتنەسەرکاری پارتەکەی مودی پڕۆسەکەی کە پێشتر وردە وردە بوو زیاتر ئاشکرا کرد.
بە واتایەکی تر نارێندرا مودی هۆکاری دەستپێکردنی پەیوەندیی نێوان هیندستان و ئیسرائیل نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە هۆکارە گرنگەکانی گۆڕینی بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی ئاشکرا .



ئەگەری باجی ئەو سیاسەتە بۆ هیندستان



ئەم سیاسەتە سوودی گرنگی هەیە بۆ هیندستان، بەڵام بێ باجیش نییە. یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکان، دابەزینی متمانەی هیندستانە لەنێو بیروڕای گشتی جیهانی عەرەبیدا. ڕەنگە حکومەتە عەرەبییەکان بە هۆکارە ئابووریی و ئەمنییەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هیندستان بەردەوامیی پێ بدەن، بەڵام ڕای گشتی لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبیدا زۆر هەستیارە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر فەلەستینییەکاندا . 
ئەنجامی توژینەوەیەک کە لە ساڵی 2026 بڵاوکرایەوە دەریدەخات، بەردەوامبوون لەو ڕەوتە ڕەنگە لە دوور مەودادا کاریگەری نەرێنی لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پێگەی هیندستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابنێت.
ئەم کاریگەرییە نەرێنییە بە تایبەتی لەو بوارانەدا دەردەکەوێت کە هاوکاریی هیندستان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی پەیوەستە بە متمانەی سیاسی و ڕای گشتیی.
هەروەها شەڕی غەززە  پڕۆژە گەورەکانی ناوچەیی وەک ڕێڕەوی ئابووری هیندستان- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا ڕووبەڕووی کێشە کردووەتەوە. هیندستان ئەم پلانە بە بەشێک لە ستراتیژی  پەیوەندی ئابووریی و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری چین دەزانێت .
لە ئەنجامدا، نزیکبوونەوەی زۆر لە ئیسرائیل دەکرێت لە کاتی قەیرانەکاندا پەیوەندییەکانی نیودەلهی لەگەڵ پایتەختی  وڵاتانی عەرەبیدا ئاڵۆز بکات، کە هیندستان بۆ وزە، بازرگانی، و پەیوەندیی هەرێمیی پێویستی پێیانە .



داهاتووی پەیوەندیی هیندستان و ئیسرائیل؛ بۆچی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بەدووری دەزانرێت؟



سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانە، بە دوور دەبینرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هیندستان بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی نەریتی دەیەکانی ڕابردوو. پەیوەندی بەرگریی نێوان هەردوو وڵات ئێستا زۆر قووڵترە لەوەی بە تەنها بە گۆڕینی یەک هەڵوێستی دیپلۆماسیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان تێکبچێت. پیشەسازییەکانی بەرگری، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، هاوکاری هەواڵگریی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان تۆڕێکی بەرژەوەندی هاوبەشیان دروستکردووە .
لە لایەکی دیکەوە هیندستان خۆی وەک زلهێزێکی دەرکەوتوو دەبینێت کە دەیەوێت لە کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چیندا زۆرترین ئازادیی کردار بپارێزێت. پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ نیودەلهی بەشێک لەو سیاسەتە چەند لایەنەیە. 
بۆیە ڕەنگە هیندستان لە ئایندەشدا هەوڵ بدات لە نێوان سێ ئامانجدا هاوسەنگیی ڕابگرێت؛ پاراستنی هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێگریی لە زیانگەیشتن بە پەیوەندییە گرنگەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی، پاراستنی ڕواڵەت و چوارچێوەی دیپلۆماسی نەریتی خۆی بۆ پشتیوانی لە دامەزراندنی "دەوڵەتی فەلەستین". 
لە ڕاستیدا هیندستان لە سیاسەتێکی "فەلەستین سەنتەر"ەوە بۆ سیاسەتی "بەرژەوەندی سەنتەری" گۆڕاوە. لە ڕابردوودا پشتیوانی لە فەلەستینییەکان یەکێک لە پایەکانی ناسنامەی دیپلۆماسی هیندستان بوو. بەڵام ئەمڕۆ نیودەلهی ئامادە نییە باجێک بدات بۆ ئەم پشتیوانییە کە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی، یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە گرنگەکانی دیکە بخاتە مەترسییەوە .
ڕەنگە وردترین وەسف بۆ سیاسەتی ئێستای هیندستان نەک "لایەنگریی تەواو بۆ ئیسرائیل" بەڵکو نزیکیی ستراتیژیی لە ئیسرائیل لەگەڵ پاراستنی لایەنی کەمی هەڵوێستی نەریتی دەربارەی فەلەستینییەکان بێت. ئەوە ئەو هاوسەنگییەیە کە ڕێگە بە هیندستان دەدات لە یەک کاتدا هاوکاری سەربازیی و تەکنەلۆژیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت، بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بکات و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی-شدا لەسەر ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتیی قسە بکات .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی