ڕۆما چەند كڕو بێدەنگە

9 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح

سەردارێكی كورد كە خەونی بە دەوڵەتی كوردیەوە دەبینی ، گۆڕی لە ئیتالیایە ، ئەو پیاوەی لە سەرەتای سەدەی بەرێ‌ كوردان نزایان بۆ هەوڵەكانی دەكردو دەیانگوت " خودێ‌ یار بت شەریف پاشا" یەكی دن بەری دوو دەیەو نیو پەنای بردە بەر ڕۆماو ئەوانیش دەرگایان بە ڕودا نەكردەوە ، ئیتالیەكان بە ڕوخۆشی و خوێن شیرینی بە ناو بانگن و زۆر جار دیاری و گوڵ و پێویستی دیكە بۆ ڕێبواران لە بەردەرگاكەیان هەڵدەواسن ، كەچی وەكی پێویست دەرگایان لە ئاپۆ نەكردەوەو بە جۆرێك ناچاریان كرد ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت و لە نایرۆبی بكەوێتە چنگی  دوژمنانی كورد ، هەردوك خەونیان بە دەوڵەتی كوردیەوە دەبینی ، گەرچی ئەم ئێستا لە ئیمرالی خەبات بە شێوازێكی دیكە دەكات و لە ڕێی هەوڵی ئاشتیەوە دنیای شەڕو ستەم ڕسوا دەكات ، ئەو دنیایەی لە ئاست كورد لە تاریكی و كاسیدا دەژین  .

رۆما كە ساڵانە بانگەشەی ئاشتی دەكات و پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە دەدا بە گوێی دنیاداو زۆر جار هەڵوێستی بەرانبەر چەوسانەوەی خەڵك هەیەو دەیەوێت مێژوی تاریك و نوتەكی ڕابردوی خۆی لە لیبیاو  لە سەردەمە جیاجیاكاندا تا مۆسۆلۆنی لە بیر بكات و وێنەی كۆترێكی ئاشتی خواز دەربكەوێت بۆ كورد و لە ئاستی كوشت و بڕی كوردان كڕو بێدەنگ بوو، وەك ئەوەی كورد بۆ كوشت و بڕ ئەفرێنرابن ، بیست ساڵیشە نەمبیستوە ، گوێم لێنەبووە رۆما بەرانبەر بەو هەموو ستەمەی لە كورد دەكرێت لە هەر چوار پارچەی كوردستان نقەی لێوە هاتبێت ، ڤاتیكانیش كە لە نێو ڕۆمادا دەوڵەتداری دەكات زۆر جار لە پانا كاری دینیەوە دەستوەردان بۆدۆخی مافی مرۆڤیش دەكات ، لێ‌ ئەویش بۆ كورد وەك پێویست نیە .

ساڵی 2009 لە ڕۆما دابەزیم خەڵكێكی شیرین و ڕووگەشم بینی تایبەت كیژی ئەوێندەر لە یەكێك لە قوتابخانەكانی ئیتالیا باسی ئەدەبی كوردیم كردو باسی حاجی قادریشم كرد و هەر وەها ئەحمەدی خانی و كورد بوون ، گوتم حاجی دەڵێت لە ڕۆما كەوتە بەرچاوم ، لێ‌ ئەو مەبەستی ئەستەنبوڵە كەچی خاتونێكی مامۆستا بە كامی دڵ داوای ئیمەیڵی حاجی قادری كۆیی لێكردم ، دیار بوو ئەوەی بۆ نەكرابوو بە ئیتالی كە حاجی لە مێژە ڕۆیشتوەو  بە كوردانیشی گوت " گوێم لێدەگرن زەریفە ناگرن بەڵا لە خۆتان " ئەو ڕۆژانەی لە ئیتالیا بووم لە دەفتەرە شڕێكدا بیرەوەری ڕۆژانەم دەنووسی و باسی بوێری گوڵەی ڕەزا كەبابچی و تابلۆو پەیكەرەكانی فواد عەزیزم دەكرد ، ئەوەشم بیرە كە عەدولی كرماشان چ پیاوێكی شیرین و خۆش قسە بوو ، لەو ساڵانەی پێشتر مەرگ ئەویشی ڕفاند .

نەبیر لسكۆنی و نەمیلۆنی ڕۆژێك پرسیاری ئەوەیان نەكرد باشە كۆرپەكەی عومەری خاوەر بۆ كیمیای كوشتی لە كاتێكدا ئەو كۆرپەیە هێشتا ئەوەندە نەیفامیبوو تا بزانێ‌ كوردە یان نەتەوەیەكی دی كەچی بە تاوانی كورد بوون بە چەكی یاساغ و قەدەغە كوژرا ، نازانم ئەو خۆشباوەڕیەم لە كوێوە بۆ دروست بووە كە پێموایە رۆماو پاریس زۆر لە پێش لەندەن و بەرلینەوەن بۆ پرسی مافی مرۆڤ ، ڕەنگە رقەكەم لە لەندەن پەیوەندی بە بێوەفایی و بێبەڵێنی چەرچڵ و درۆزنی ئەو ڕاپۆرت نووسانەوە بێت كە لە كوردستانەوە ڕاپۆرتیان بۆ وەزارەتی موستەعمەرات دەناردەوەو دەیانگوت كورد نەتەوە نین ، لە ئەڵمانیاش بە هۆی هیتلەرەوە كە هەم ئەوروپای وێرانكرد هەم بووبە هۆكاری وێرانبوونی بەرلین .
دەمەوێت نامەیەك بۆ دكتۆر جاسم خۆشناو بنووسم و پێی بڵێم برادەر ڕۆما تاقەتی گوێگرتنی لە كورد هەیە تا لانی كەم گۆرانیەكی حەسەن زیرەكیان بۆ بنێرم .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی