ڕیکلام لە نێوان ئازادی و بەرپرسیارێتیدا خوێندنەوەیەكی یاسایی لەڕوانگەی یاسای ژمارە ( ٤ )ساڵی ٢٠١٩

11 کاتژمێر پێش ئێستا

لوقمان مستەفا

لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕیکلام بووەتە بەشێکی جودانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ. لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە شەقامەکانەوە بۆ مۆبایلی تاکەکەس، مرۆڤ هەموو ڕۆژێک بە دەیان و سەدان پەیامی ڕیکلامی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ڕیکلامیش ناساندنی بەرهەم و خزمەتگوزاری و ڕاکێشانی سەرنجی بەکارهێنەرە. بەڵام کێشەکە لەو کاتەدا دەست پێدەکات کە سەرنجڕاکێشان دەبێتە ئامانجی سەرەکی و خودی بەرهەم دەکەوێتە پلەی دووەم.

لە ماوەی دواییدا، هەندێک جۆری ڕیکلام لە کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە؛ ڕیکلامگەلێک کە لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر کوالێتی و تایبەتمەندیی کاڵاکە، پشت بە دیمەن و شێوازی دەرکەوتنی مۆدێل، بە تایبەتی مۆدێلی ژن، دەبەستن بۆ سەرنج ڕاكێشانی بینەر. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە هەر دەرکەوتنێکی ژن لە ڕیکلامێکدا بە هەڵە یان نایاسایی دابنرێت؛ بەڵکو پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕیکلامدا بە چی پێوەرێک بەکاردەهێنرێت و سنووری ئەو بەکارهێنانە لە کوێیە؟

ژن وەک مرۆڤ، مافی کارکردن و هەڵبژاردنی پیشەی خۆی هەیە و مۆدێلینگ و بەشداری لە ڕیکلام بە خۆی کارێکی قەدەغەکراو نییە. کەسێکیش نابێت بە هۆی ئەوەی ژنە یان مۆدێلە، بکرێتە ئامانجی سووکایەتی و تۆمەت. بەڵام ئەم مافە نابێت ببێتە پاساوێک بۆ ئەوەی بازاڕ و دامەزراوەکانی ڕیکلام هەر شێوازێک بۆ سەرنجڕاکێشان بەکاربهێنن. لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی ڕوون بکەین لە نێوان ئازادیی کەسی و بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی.

لە هەرێمی کوردستاندا ئەم بابەتە تەنها بە بۆچوونی کۆمەڵگا یان سلیقەی تاکەکان جێگیر نابێت، بەڵکو یاسا چوارچێوەی بۆ داناوە. یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٩ی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە ڕێکخستنی ڕیکلامی بازرگانی، بنەمایەکی یاسایی بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارە دابین دەکات. گرنگترین خاڵ لەم یاسایەدا ئەوەیە کە ڕیکلامی بازرگانی نابێت دژ بە نیزامی گشتی، ئادابی گشتی، ئاسایشی گشتی، تەندروستی گشتی و مافەکانی مرۆڤ بێت.

ئەم دەقە یاساییە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە دەریدەخات کە ئازادیی ڕیکلام ئازادییەکی بێ‌سنوور نییە. واتە ئەگەر کۆمپانیایەک، بازرگانێک یان دامەزراوەیەکی میدیایی بە بیانوی ڕیکلام هەر شێوازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنج بەکاربهێنێت، ئەوا ناوی «ڕیکلام» ناتوانێت خۆی لە پرسیاری یاسایی ڕزگاری بکات. هەر ڕیکلامێک دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و بەرژەوەندیی گشتی جێبەجێ بکرێت.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: ئایا هەر ڕیکلامێک کە مۆدێلی ژنی تێدایە، دژ بە ئادابی گشتییە؟ بە دڵنیاییەوە، وەڵامی یاسایی ناتوانێت بە «بەڵێ»یەکی گشتی بێت. پێویستە هەر ڕیکلامێک بە جیاوازی هەڵبسەنگێنرێت؛ ناوەڕۆکەکەی، شێوازی پێشکەشکردن، پەیامەکەی، پەیوەندیی دیمەنەکان بە کاڵاکە و کاریگەرییەکەی لەسەر بەرژەوەندیی گشتی.

بۆیە ئەگەر مۆدێلێک بە شێوەیەکی پیشەیی و لەگەڵ پەیامی ڕیکلامەکەدا دەرکەوێت، ئەوە بەخۆی نابێتە پێشێلکردنی یاسا. بەڵام ئەگەر جەستەی مرۆڤ ببێتە ئامرازی سەرەکیی سەرنجڕاکێشان و پەیوەندییەکەی بە کاڵاکە زۆر لاواز یان نەبوو، ئەوا کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە پرسیار بکات کە ئایا ئەم شێوازە لەگەڵ بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی و سنوورەکانی یاسا دەگونجێت یان نا.

کێشەکە لەوەدا قووڵترە کە ڕیکلام تەنها کاڵا نافرۆشێت؛ ڕیکلام هەندێک جار شێوازی ژیان و پێوەرەکانی جوانی و سەرکەوتنیش دەفرۆشێت. کاتێک گەنجێک بەردەوام ڕووبەڕووی پەیامێک دەبێتەوە کە تێیدا جەستە و دەرکەوتن دەبنە سەرچاوەی سەرنج و بەها، ئەوا بە هێواشی کاریگەرییەکی لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو گەنجە دروست دەبێت. بەتایبەتی لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە هێڵی نێوان ڕیکلام و ناوەڕۆکی ڕۆژانە زۆر باریک بووەتەوە.

ئێمە نابێت لەبیرمانچێت کە منداڵ و گەنجیش بینەری ئەم ناوەڕۆکانەن. ئەگەر بازاڕ هەموو شتێک بە پێوەری ژمارەی بینین و لایک و قازانج هەڵبسەنگێنێت، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی لە پشت ئەم ژمارانەدا بشاردرێتەوە. کۆمەڵگا ناتوانێت هەموو شتێک بەوە بپێوێت کە «چەند کەس سەیری کردووە؟»؛ پێویستە هەندێک جار بپرسێت: «ئەم ناوەڕۆکە چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگا هەیە؟»

لەبەر ئەوە، بەرپرسیارییەکە تەنها لەسەر مۆدێل نییە. ئەگەر ڕیکلامێک بە شێوازێکی دیاریکراو دروست کراوە، پشتگیریی کۆمپانیایەک یان براندێک هەیە و لەلایەن کەناڵێک یان پلاتفۆرمێکەوە پەخش دەکرێت، ئەوا هەموو ئەو لایەنانە بە جۆرێک لە دروستکردن و پەخشکردنی پەیامەکەدا بەشدارن. بۆیە نابێت هەموو کێشەکە بخەینە سەر کەسێکی دیاریکراو و لە سیستەمی ڕیکلام و بازاڕ و میدیا غافڵ بین.

لە هەمان کاتدا، میدیاش بەرپرسیارییەکی گرنگی هەیە. کەناڵێک کە ناوەڕۆکێک پەخش دەکات، تەنها ڕێگەی گواستنەوەی پەیام نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە پڕۆسەی شێوەپێدانی ڕای گشتی. ئەگەر میدیا بەردەوام پەیامێک پەخش بکات کە تێیدا سەرنجڕاکێشان لە هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکان گرنگترە، ئەوا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە دروستکردنی ئەو کولتوورە دەکات.

بۆیە پێویستە گفتوگۆکەمان لە «کچە مۆدێلەکان» تێپەڕێت و بگاتە پرسیارێکی گەورەتر: ئێمە چ جۆرە کولتوورێکی ڕیکلامی بۆ کۆمەڵگاکەمان دروست دەکەین؟

کۆمەڵگایەکی کراوە پێویستی بە ئازادی هەیە، بەڵام ئازادی بەبێ بەرپرسیاری دەکرێت ببێتە هۆی زیان. لە بەرامبەردا، کۆمەڵگایەکی تەندروستیش ئەوە نییە کە هەر شتێکی نوێ و جیاواز قەدەغە بکات. چارەسەر لە نێوان ئەم دوو هاوكێشەیەدا: ئازادی، بەڵام لە چوارچێوەی یاسا؛ ڕیکلام، بەڵام لە چوارچێوەی بەرپرسیاری؛ و مافی تاک، بەڵام بە ڕێزگرتن لە بەرژەوەندیی گشتی.

ئەگەر بەڕاستی نیگەرانین کە هەندێک جۆری ڕیکلام کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دادەنێت، ئەوا چارەسەر تەنها لە نکۆڵیکردن یان هێرشکردنە سەر مۆدێلەکاندا نییە. پێویستە یاسا بە شێوەیەکی یەکسان جێبەجێ بکرێت، دامەزراوە چاودێرەکان ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن، کۆمپانیاکان بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرن و میدیاکانیش لە بەرامبەر ناوەڕۆکی بڵاودەکەنەوە خۆیان بەرپرسیار بزانن.

لە کۆتاییدا، دەبێت جیاوازییەک لە نێوان ڕەخنەگرتن لە دیاردەیەک و هێرشکردنە سەر تاکەکان بکەین. ئێمە دەتوانین دژ بە جۆرێک لە ڕیکلام بوەستین، بەڵام نابێت کرامەتی هیچ ژنێک یان مۆدێلێک بشکێنین. ئێمە دەتوانین داوای جێبەجێکردنی یاسا بکەین، بەڵام نابێت یاسا بکەینە ئامرازێک بۆ سەپاندنی سلیقەی کەسی.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ڕیکلام دەبێت خزمەتی مرۆڤ بکات، یان مرۆڤ خزمەتی ڕیکلام؟

ئەگەر ئامانجی ڕیکلام فرۆشتنی کاڵایە، با کاڵاکە خۆی قسە بکات؛ ئەگەر پەیامەکە بۆ فرۆشتن پێویستی بە شکاندنی سنوورەکانی کرامەتی مرۆڤ و بەرژەوەندیی کۆمەڵگا هەبێت، ئەوا لەو ساتەدا پێویستە یاسا دەنگی خۆی بەرز بکات.
چونکە کۆمەڵگا بازاڕ نییە و مرۆڤیش کاڵا نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی